٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

كۆمیسیۆنی هەڵسەنگاندنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد راپۆرتی خۆی راگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

ئەنقەرە-KDP.info/كۆمیسیۆنی هەڵسەنگاندنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد كە لە لایەن پەرلەمانی توركیاوە دامەزراوە، ئەمڕۆ دووشەممە دووی كانوونی یەكەم لە ئەنقەرە راپۆرتی خۆی ئاشكرا كرد.

سەرۆكی ئەو كۆمیسیۆنە ناجی بۆستانجی لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە ئێمە وەكو كۆمیسیۆن راپۆرتی خۆمان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە و زۆر سوپاسی ئەو پەرلەمانتارانەی بەدەپە و ئاك پارتی دەكەم كە بۆ ئامادە كردنی ئەو راپۆرتە هەوڵیان داوە.

ناجی بۆستانجی لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا باسی لە چۆنێتی دامەزراندن و ئامانجی دامەزراندنی ئەو كۆمیسیۆنە كرد و گوتی: لە كاتی ئامادە كردنی ئەو راپۆرتەدا ئەوەمان بە چاوی خۆمان بینی كە ئەو خەڵكە لە ماوەی 30ی ساڵی رابردوودا چی كێشاوە.

ناجی بۆستانجی بەو جۆرە درێژەی بە قسەكانیدا" لە ماوەی كار و چالاكییەكانی كۆمیسیۆندا سەردانی چەندین ناوچەی جیاجیای ئانادۆڵمان كرد و لەگەڵ ئەو كەسانەی كە لە ماوەی رابردوودا رووبەرووی زەرەر بوونەتەوە چاوپێكەوتنمان ساز كرد و خەڵك بۆ خۆی چیرۆكە خەمبارەكانی خۆی بۆ ئێمە باس كرد، كاتێك كە دەرگاكانی توركیا بكرێنەوە چەندین دایك كە منداڵەكانیان لە دەست داوە بە هیوایەكی گەش سەیری داهاتووی خۆیان دەكەن هەر چەند دەزانن كە منداڵەكانیان ناگەڕێنەوە بەڵام داواكارییان ئەوەیە كە دەرگاكان بكرێنەوە و هەمووی منداڵان بگەڕێنەوە ماڵەوە و چی دیكە ئاگر لە هیچ ماڵێك نەكەوێ.

بۆستانجی ئاماژەی بەوە كرد كە ئیرادەی رای گشتی و بە تایبەتی ئیرادەی ئەو كەسانە كە لە رابردوودا رووبەرووی زەرەر و زیان بوونەوە لە پشت قۆناغی چارەسەرییەوەیە.

توركیا گۆڕاوە، كۆتایی بە دەسەڵاتی برۆكراتیك هاتووە و ئیرادەیەكی دیموكراتیك لە مەیدانە، قۆناغ قۆناغی ناساندی گەل و دەوڵەت لە لایەن یەكترەوە و دەبێ هەر دەوڵەت و گەل یەكتر بناسێن، ئێستە باس لە دەوڵەتی گەل دەكرێ ئەوە باسێكی راست و لە جێدایە، دەوڵەت ناتوانێ بە هیچ شێوەیەك لە سەرەوەی گەل بێ چونكە گەل لە سەرەوەی دەوڵەتە. من وەكو ئەندامێكی ئاك پارتی باسی ئەو شتانە ناكەم بەڵكو وەك كەسێك كە 10 ساڵە نوێنەرایەتی خەڵك دەكەم باسی ئەو شتانە دەكەم.

ناجی بۆستانجی رایگەیاند كە كۆمیسیۆن ناتوانێ هەمووی كێشەكان چارەسەر بكا، كۆمیسیۆن لە چوارچێوەی یاسادا كاری خۆی ئەنجام داوە، لە سەرەتای دامەزراندنی كۆمیسیۆندا گفتوگۆیەكی زۆر توند لە سەر كاری كۆمیسیۆن كرا بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا كار و چالاكییەكانی كۆمیسیۆن بۆ هەر كەس ئاشكرا بوون. ئاشتی لە خوێن رژاندن و هەر جۆرە شەڕێك باشترە، هەر چەند لە زۆربەی بوارەكاندا نەماندەتوانی لە یەك بگەین بەڵام لە سەر یەك خاڵ هەموومان هاوڕابوون و ئەویش ئەوە بوو كە دەبێ قۆناغی چارەسەری سەرەڕای هەموو كێشە و گرفتێك بەردەوام بێ و بگاتە ئەنجام.

ناجی بۆستانجی ئاماژەی بەوە كرد كە كۆمیسیۆن لە میانی كار كردنی خۆیدا بە گشتی 24 كۆبوونەوەی جیاجیای ساز كردووە، لەگەڵ 13 ئاكادەمیسیەن، 13 نوێنەری رێكخراوە مەدەنییەكان، 10 زەرەر پێگەیشتوو و پێنج نووسەر و میدیاكاردا چاوپێكەتنیان ساز كردووە و لە زۆربەی ناوچەكانیشدا گوێمان بۆ ئەو كەسانە راگرت كە دەیانەویست راوبۆچوونی خۆیان ئاراستەی كۆمیسیۆنی چارەسەری بكەن. راپۆرتی كۆمیسیۆن لە 11 بەش پێكهاتووە و زۆر بە بەرفراوانی باسی پرسی كورد و مێژووی ئەو پرسە و هەروەها نموونە جیهانییەكانی ئەو پرسە كراوە، سەرەڕای ئەوەیش ئیدیعای ئەوەمان نییە كە راپۆرتەكە بێ كەموكۆرتییە. ئەو پرسە یا پرسەكانی توركیا هەموویان بە یەكجار چارەسەر ناكرێن بەڵكو پێویستیمان بە كات هەیە و هەنگاو بە هەنگاو دەبێ ئەو پرسانە چارەسەر بكەین.

ئێمە لە سەرەتای كارەكانی خۆماندا لێكۆڵینەوەیەكی بەرفراوانمان لە سەر كاری كۆمیسیۆنەكانی حەقیقەت و عەدالەت لە سەرانسەری جیهان كرد و دواتر بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەو كۆمیسیۆنانە دەستمان بە كاری ئامادە كردنی راپۆرت كرد و راپۆرتەكەمان لە 450 لاپەڕە پێكهاتووە و لە ماوەی چوارماندا ئامادە كرا و چەندین پێناسە و بیروبۆچوونی گرنگی لە بارەی پرسەكەوە تێیادایە.

بۆستانجی وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە كە دەڵێن لە راپۆرتەكەدا ناو لەو پرسە نەنراوە دایەوە و گوتی" خەڵكە لاتینییەكان گوتەیەكی پێشینیانیان هەیە و دەڵێن ناو نان و ناساندن مەترسیدارە، بۆیە ئێمەیش دەڵێن چۆنە دەتانەوێ ناوی لێ بنین، سەربەستن، ئەوانەی كە ئەو رەخنانە ئاراستە دەكەن ئەوانەن كە دەڵێن دەبێ ناوی پرسی كوردی لێ بكرێ، بەڵام هەر لە نێو ئەو كەسانەدا گروپێكی دیكە هەن كە لە بەرامبەر ئەو ناوەدا ناڕازین و دەڵێن پرسی كوردە یا پرسی كوردەكانە؟

بۆستانجی لە بارەی ژمارەی پاسەوانەكانی گوندیشەوە گوتی" هەندێ كەس دەڵێن بە پێ ئەو راپۆرتە ژمارەی پاسەوانەكانی گوند زیادی كردووە ئەمە لە كاتێكدایە كە لە ساڵی 2002 تا ساڵی 2013 ژمارەی پاسەوانی گوند لە 58 هەزارەوە بۆ 48 هەزار دابەزیوە و ژمارەی بنەكە سەربازییەكانیش لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا لە هەزار و 41 بنەكەوە بۆ 850 بنكە دابەزیوە. ئەو دەنگۆیانەی كە دەڵێن كۆمیسیۆن لە لایەن راوێژكاری ئەمنی كۆمەڵایەتییەوە سەرۆكایەتی كراوە و بەڕێوە براوە دوورن لە راستی.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار