كۆمسیۆنی هەڵبژاردن: زیاتر لە 21 ملیۆن هاووڵاتی عێراقی مافی دەنگدانی هەیە

بەغدا – KDP.info/ كۆمسیۆنی باڵای سەبەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق دەڵێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زیاتر لە 21 ملیۆن عێراقی مافی دەنگدانی هەیە.
میقداد شەریفی سەرۆكی بازنەی هەڵبژاردنەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ موئەیەد لامی نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی عێراق رایگەیاند كە 21 ملیۆن و 400 هەزار هاووڵاتی عێراقی مافی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە سیی نیسان هەیە.
ناوبراو گووتیشی كە كۆمسیۆن داوای لە حكوومەتی ئیتیحادی كردووە ناسنامەی ئەلیكترۆنی وەك پێنجەم بەڵگەناممەی فەرمی كە پێویستن بۆ دەنگدان، هەژمار بكات.
سەبارەت بە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیش، سەرۆكی بازنەی هەڵبژاردنەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاشكرای كرد كە كە بنكەكانی نوێكردنەوەی ناوی دەنگدەران، پێشڤەچوونێكی بە خۆیەوە بینیوە و شەش سەد هەزار ناوی خۆیان نوێكردۆتەوە و هاوكات یەك ملیۆن و 700 هەزار كەسیش سەردانی بنكەكانی نوێكردنەوەی كردووە.




