هەڵوێستی لایەنە عێراقییەكان لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان

بهغدا تایبهت به KDP.info/ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی واژۆكردنی چەند رێككەوتنێك لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی ساڵی 2013 لە رێگەی ئەو وڵاتەوە كە چوارشەممەی رابردوو لە ئەنقەرە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئهنجوومهنی وهزیرانی توركیا واژۆكران. لایەنە سیاسییهکانی عێراق و لایهنه پەیوەندیدارەكان هەریەكە و هەڵوێستی جیایان لەبارەی ئەو هەنگاوەوە راگەیاند. بەڵام هەمووشیان كۆك بوون لە سەر ئەوەی هیچ یاسایەك لە عێراق نییە تایبەت بێ بەرێكخستنی كەرتی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت، هەرچەندە دەستوری فیدراڵی عێراق لە مادەكانی (111) و (112) و (115) ئاماژەی بە میكانیزمی بەڕێوەبردنی كەرتی نەوت و سامانە سروشتییەكان كردووە. که
"یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان پێویستی بە رێككەوتنی سیاسییە"
فورات شەرع، پەرلەمانتاری ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بە(رووداو)ی راگەیاند: سەردانەكانی بەرپرسانی توركیا بۆ عێراق و بەپێچەوانەوە، هاوكات سەردانەكانی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بۆ توركیاو بەغدا نامەی ئەرێنی لەخۆدەگرن، بۆیە دروست نییە هیچ لایەنێك هەنگاوی تاكڕەوانەو نادەستووری بنێت، بەتایبەت لە نەبوونی یاسایەكی تایبەت بە رێكخستنی كەرتی نەوت و غاز هەماهەنگی نێوان بهغدا و هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی خاوەن كار لە كەرتی نەوتی عێراق رێكبخات.
شەرع گوتیشی : عێراق پێویستی بە پەیوەندییەكی توندوتۆڵ هەیە لە گەڵ توركیا و هیواخوازین كورد رۆڵێكی ئەرێنی بگێڕێت لەو بارەیەوە. هاوكات پێویستە هەرێمی كوردستان و توركیا هیچ رێككەوتن و گرێبەستێك بەبێ رەزامەندی حكوومەتی عێراق واژۆ نەكەن، لەكاتێكدا رەزامەندی بەغدا پێویستە بۆ بەیاساییكردنی ئەو گرێبەستانە كە پێویستە ناوەڕۆكیان ئاشكرا بكرێت.
راشیگەیاند : ئاڵوگۆڕكردنی سەردانەكان لە نێوان بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان و توركیا لەم كاتەدا جێی پرسیارە، بەڵام هیوادەخوازم هەرێمی كوردستان هەنگاوی تاكلایەنانە لەبارەی هەناردەكردنی نەوتەوە نەنێت، لەكاتێكدا كورد رۆڵێكی یەكجار گرنگی هەبوو لە بونیادنانی پرۆسەی سیاسی لە عێراقی نوێ و ئەو رۆڵە ئەرێنییەش لەبیرناكرێ، بەڵام چاوەڕوانین كورد نەبنە هۆكاری داڕمانی ئەو پرۆسەیە، ئەوەش دەبێت روون بێی، یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان لە بارەی نەوتەوە پێویستی بە رێككەوتنی سیاسییە.
"نابێ هەرێمی كوردستان لە مافی هەناردەكردنی نەوتی خۆی بێبەش بكرێت"
ئەمیر كەنانی، پەرلەمانتارو ئەمینداری گشتی رەوتی سەدر لە عێراق بە(رووداو)ی راگەیاند: هەرێمی كوردستان پێویستی بە رەزامەندی حوكومەتی عێراقە بۆ هەناردەكردنی نەوت بەشێوەیەكی یاسایی، هاوكات هەردوولا لە بودجەی فیدراڵی ساڵی 2013 رێككەوتنێكیان واژۆ كرد بۆ بەیاساییكردنی ئەو گرێبەستە نەوتیانەی هەرێمی كوردستان لە گەڵ كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت واژۆی كردووە، لە بەرانبەردا هەرێمی كوردستان داهاتی ئەو نەوتەی كە هەناردەی دەرەوەی دەكات رەوانەی گەنجینەی دەوڵەتی عێراقی دەكات لەبەغدا، بۆیە هەر هەنگاوێك لەدەرەوەی ئەم رێككەوتنە بنرێ بەپێی خودی رێككەوتنەكە دەبێ داهاتی ئەو نەوتە لە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی ساڵانەی عێراق ببڕدرێ .
كەنانی جەختی لەوەش كردهوه : لە نەبوونی یاسایەكی تایبەت بە كەرتی نەوت و غاز لە عێراق دەبێ هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی بگەنە رێككەوتنێكی گشتی بۆ رێكخستنی ئەو بوارە لەنێوانیاندا، چونكە بەجێهێشتنی ئەو پرسە بەم شێوەیەی ئێستای لە قازانجی هیچ لایەنێك نییە، هاوكات نابێ هەرێمی كوردستان لە مافی هەناردەكردنی نەوتی خۆی بێبەش بكرێت، بۆیە دەبێت مافی هەرێمی كوردستان لەم رووەوە بەرچاوبگیرێت و لەهەمان كاتدا سەروەری عێراقیش پێشێل نەكرێت، چونكە لەبنەڕەتدا دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی سامانی سروشتی وڵات مافی حكوومەتی فیدراڵی عێراقە.
ئەمینداری گشتی رەوتی سەدر ئاماژەی بەوەشدا : زۆرجار نەوت دەبێتە باسی كۆبوونەوەی نێوان سیاسەتمەدارانی هەرێمی كوردستان و عێراق و توركیا، چونكە نەوت هیچ كات پرسێكی ناوخۆیی نەبووە بە تەنیا، هاوكات پێشبینی دەكەم دواخستنی پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2014 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە راستەوخۆ پەیوەندی بە پرسی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە هەبێت.
' هەڵبژاردن هۆكارێکه بۆ نهوروژاندنی پرسی نەوت"
حامد موتڵەگ، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی عێراقییە لە پەرلەمانی عێراق بە(رووداو)ی راگەیاند: داواكارم لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق بەرژەوەندی وڵاتەكەیان بخەنە پێش هەموو شتێك و هەوڵی گەیشتن بە رێككەوتن بدەن بۆ پاراستنی پەیوەندی نێوان پێكهاتەكانی عێراق و هەنگاوێك نەنێن ببێتە هۆكاری ئاڵۆزكردنی ئەو پەیوەندییە.
موتڵەگ گوتیشی: ئەگەر هەیە پرسەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ و پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق پەیوەندیان بە وروژاندنی پرسی نەوت هەبێ لەنێوان حكوومەتی ناوەندو هەرێمی كوردستانەوە، لەبەرئەوەی ئەو پرسانەی كە بە سیاسەت دەكرێن بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی تاك و بەرژەوەندی لە هەڵبژاردنەكاندا زۆرن.
"دەوڵەتی یاسا: هیوادارین هەولێر چاو بەو بڕیارە بخشێنێتەوە"
عەلی فەیاز، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاساو جێگری سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بە(رووداو)ی راگەیاند: به هەنگاوی تاكلایەنانە لەلایەنی هەرێمی كوردستان لە كەرتی نەوت كارێكە خزمەت بە بەرژەوەندی عێراق پەیوەندی نێوان ناوەندو هەرێمی كوردستان ناكات، بۆیە هیوادارین هەولێر چاو بەو بڕیارە بخشێنێتەوە.
گوتیشی فەیاز : ناتوانم پێشبینی ئەو هەنگاوانە بكەم كە حكومەتی عێراق بەرامبەر ئەم هەنگاوە دەیگرێتە بەر، بەڵام گەر ئاراستەكان بەم شێوەیە بن دەرئەنجامەكان باش نابن.
"لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانە"
عەبدولمەهدی عەمیدی، بەڕێوەبەری گشتی گرێبەستە نەوتییەكان لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە(رووداو)ی راگەیاند: هەرچەندە بەڕێوەبەری گشتی گرێبەستە نەوتییەكان لە وەزارەتی نەوتی عێراق بەرپرسە لە بەدواداچوون بە دوای جێبەجێكردنی گرێبەستە نەوتییەكان لە عێراق، بەڵام تاوتوێكردنی ناكۆكییەكانی حكومەتی ناوەندو هەرێمی كوردستان لەبارەی نەوتەوە تەنها لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە.
"عێراق هیچ رێگایەكی یاسایی لەپێش نییە لە دژی كوردستان بیگرێتە بەر"
قاسم مەشخەتی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی كوردستان و ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بە(رووداو)ی راگەیاند: پرۆژەیاسای نەوت و غاز گەر بوونی هەبوایە لە عێراق بەشێكی زۆری كێشەی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی لەبارەی نەوتەوە چارە دەكرد، بۆیە بەهۆی نەبوونی یاسایەكی هاوشێوە هیچ رێگایەكی یاسایی نییە عێراق لەم پرسە لەدژی هەرێمی كوردستان بیگرێتە بەر.
مەشخەتی گوتیشی: رەشنووسی پرۆژە یاسای نەوت و غاز خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوەو لای سەرۆكایەتی پەرلەمان ماوەتەوە دوای ئەوەی هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعە بۆ رێگەگرتن لە تێپەڕاندنی ئەو پرۆژە لە دوایین دانیشتنی پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی كشایەوە، چونكە ئەوان نایانەوێ یاسایەكی هاوشێوە لە عێراق بوونی هەبێت.
پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانیی كوردستان زیاتر گوتی: خاڵە جێناكۆكەكانی نێو پرۆژەیاسای نەوت و غاز لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لە میكانیزمی كاری ئەنجوومەنی فیدراڵی تایبەت بە كاروباری نەوت و نوێنەرایەتی كورد لەو ئەنجوومەنەو چۆنێتی چارەكردنی كێشەی گرێبەستی كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان و خۆیان دەبیننەوە.




