٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە دیپلۆماتكاران لەدوا پەرەسەندنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان وعیراق و ناوچەكە ئاگادار دەكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر- KDP.info / فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە دیپلۆماتكاران لەدوا پەرەسەندنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان وعیراق و ناوچەكە ئاگادار دەكاتەوە, لە بەردەوامی كۆبوونەوە دەوریەكانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە لەگەڵ دیپلۆماتكارانی بیانی لە كوردستان، ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت بە ئامادەبوونی كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگە و د.دیندار زێباری جێگری بەرپرسی فەرمانگە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە و ژمارەیەك لە راوێژكارو بەڕێوەبەرانی فەرمانگە، كۆبوونەوەیەكی فراوانی لەگەڵ دیپلۆماتكارو كونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدا.

فەلاح مستەفا بەناوی حكومەتی هەرێم و فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە بەخێرهاتنی دیپلۆماتكارانی كرد  و خۆشحاڵی خۆی بە ئەنجامدانی ئەم كۆبوونەوەیە نیشاندا و گووتی تا دێت ژمارەی نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی لە هەرێم روو لە زیادبوون دەكات.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە مەبەستی ئەو كۆبوونەوەیەی روونكردەوە كە ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لەبارەی پەرەسەندنەكانی كوردستان و عیراق و ناوچەكە بەگشتی و دووپاتیكردەوە فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە هەردەم ئامادەیە بۆ هاوكاریكردنیان بۆ ئەوەی لەو ئەركەی پێیان سپێردراوە لە هەرێمی كوردستان سەركەوتووبن.

هەروەها گوتی: پێمان خۆشە بەرنامەیەكی هاوكاری و هەماهەنگی دابنێین بۆ ساڵی ئایندە پێكەوە جێبەجێی بكەین وەكو هاوكاری لەبواری سیاسی و ئابووری و كەلتووری و وەرزشی و وەبەرهێنان و هەموو كەرتەكانی دیكە، هیوادارم بۆ دابینكردنی زەمالەی خوێندن بۆ قوتابیان و خولی مەشق و راهێنان بۆ كەرتی گشتی و تایبەت لە چوارچێوەی بەرنامەكانتان لە عیراق پشكی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرن. 

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە دووپاتیكردەوە كە پێویستە بایەخ بە ئاڵوگۆڕی سەردان بدرێت لەنێوان دامەزراوەكانی هەرێم و وڵاتانی دەرەوە و هانی كەرتی تایبەت و میدیاكارانی خۆیان بدەن سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن و پێشكەوتنەكان بەچاوی خۆیان ببینن. ئاماژەی بەوەشدا ئێستا گەشتی راستەوخۆ لەنێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان و زۆرێك لەوڵاتاندا هەیە و داواشی لێكردن هێڵی راستەوخۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكەنەوە كە دەبێتە مایەی زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندیەكان لەهەموو روێكەوە.

هاوكات سوپاسی هەموو ئەو كونسوڵگەریانەی كرد كە بە خزمەتگوزاری ڤیزا یارمەتی هاوڵاتیانی هەرێم دەدەن بەتایبەت ئەوانەی بۆ نەخۆشی و خوێندن و كاری بازرگانی سەردانی دەرەوە دەكەن.

دواتر تیشكی خستە سەر پەرەسەندنەكانی هەرێم لەوانەش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 21ی سیپتەمبەر كە زیاتر لە 74% ی خەڵكی كوردستان بەشداریان تێدا كرد و بەسەركەوتنێكی دیكەی هەرێمی لێكدایەوە بۆ گەشەسەندنی دیموكراسی و چەسپاندنی بنەماكانی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە هەرێم بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتیەكان، ئاماژەی بەوەشدا بە قسەی چاودێرانی نێودەوڵەتی ئەم هەڵبژاردنە لە كەشێكی ئارام و بەشێوەیەكی زۆر سەركەوتوو بە كەمترین گرفت بەڕێوەچوو ، هەروەها سوپاسی نوێنەرانی وڵاتانی بیانی كرد بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردن.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا فەلاح مستەفا ئاماژەی بەو دانیشتن و كۆبوونەوە راوێژكاریانە كرد كە بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەت ئەنجامدراون و تیشكیشی خستە سەر رەوشی سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان و كاریگەریەكانی بارودۆخی سوریا لەسەر هەرێم و ناوچەكە، دووپاتیكردەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دابینكردنی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی پابەند دەبێت.

دواتر تیشكی خستەسەر ئەو كردەوە تیرۆریستیانەی لە ناوچەكانی دیكەی عیراق لەدژی خەڵكی ناوچەكە ومەترسیەكانی بوونی ئەو رێكخراوانەی خستە روو بەسەر عیراق و ناوچەكە.

هەروەها نیگەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لەمبارەیەوە نیشاندا بەتایبەتی لەرووی بێ توانایی حكومەتی عیراق لە دابینكردنی ئاسایش و ئارامی وخزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە نیگەرانی حكومەتی لەبارەی بارودۆخی سوریا نیشاندا و چارەسەری سیاسی بە تاكە ڕیگا بۆ كۆتاییهێنان بەو بارودۆخە نیشاندا و راشیگەیاند ئێستا سوریا بۆتە گۆڕەپانی چالاكی گرووپە توندڕەوەكان و جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە پێویستە بایەخ بە كۆنگرەی جنێف 2 بدرێت و بەشداری هەموو لایەنەكان بە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە كارێكی پێویست زانی بۆ گەیشتن بە رێگەچارەی سیاسی لە سوریا.

سەبارەی بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان فەلاح مستەفا پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی بۆ بەڕێوەچوونی ئەم هەڵبژاردنە نیشاندا كە دراوە لە 30/4/2014 لەگەڵ ئەنجامبدرێت.

هەروەها پابەندی هەرێمی كوردستانی بە دەستوور نیشاندا و نیگەرانی خۆی لە یاسای هەڵبژاردن دووپاتكردەوە بەڵام ئەوەشی خستەڕوو ئەم یاسایە بۆ مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن قبووڵكرا و داواشیكرد كۆمیسیۆن و چاودێرانی نێودەوڵەتی رۆڵیان لەمبارەیەوە هەبێت.

لەبارەی توركیا و ئێرانیش فەلاح مستەفا گووتی كۆماری توركیاو كۆماری ئیسلامی ئێران دوو وڵاتی گرنگن بۆ هەرێمی كوردستان، ئێمە دەمانەوێ لەسەر بنەمای دۆستایەتی و پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەش ئەم پەیوەندیانە هەبن.

لەبارەی هاوكاری بواری وزە لەنێوان توركیا و هەرێمی كوردستانیش بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە نیشانیدا حكومەتی هەرێم پابەندە بە دەستوور و بە بنەما دەستووریەكان كە نەوت و گاز موڵكی گەلانی عیراقە و بەوەی داهاتیش بۆ هەموو عیراق بێت و دووپاتیشیكردەوە ئێستا ئەگەر بەراورد لەنێوان سیاسەتی هەردوو حكومەتی فیدراڵ وهەرێم بكرێت دەبیندرێت كامیان سەركەوتوو بووە لە سیاسەت و بەرنامەكانیدا ،  بەڵام حكومەتی بەغدا نایەوێ ئەم پرسە یەكلایی بكاتەوە.

 

هەماهەنگی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستانیشی لەمبارەیەوە بە فاكتەرێك بۆ پێشكەوتنی هەموو عیراق نیشاندا كە هەرێمی كوردستان پێیەوە پابەندە.

فەلاح مستەفا بۆچوونی حكومەتی هەرێمی لەبارەی رێككەوتنی وڵاتانی 5+1 لەگەڵ ئێران نیشاندا و دووپاتیكردەوە هەرێم پێشوازی لێدەكات و هیوایشی خواست ببێتە مایەی سەقامگیری زیاتر لە ناوچەكە و هێنانی خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دواتر سەید عەزیم حوسەینی وەكو راگری دیپلۆماتكاران لە هەرێم سوپاسی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كرد بۆ خستنەڕووی سیاسەت و تێڕوانینی حكومەتی هەرێم لەمەڕ پرسە هەنووكەییەكان و هیوای ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ هەرێم و عیراق خواست. بەڕێزیان هەڵبژاردنی هەرێم و عیراقی بە گەورەترین دەستكەوت لەقەڵەمدا و هیوای سەركەوتنی هەڵبژاردنی 2014 ی بۆ تەواوی گەلانی عیراق خواست، هەروا گووتی لە رێككەوتنی 5+1 لە گەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران هەموو لایەك براوە بوون.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا دیپلۆماتكارو و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەو حكومەتی هەرێمی ‏كوردستانیان كرد كە بەپێی دەرفەت و لەكاتی بوونی گۆڕانكاری و ‏پەرەسەندنەكان دیپلۆماتكاران ئاگادار دەكەنەوە، هاوكات چەندین ‏پرسیار و تێبینی لەلایەن ئامادەبووانەوە ئاراستەی بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت كران لەبارەی هاوكاری و هەماهەنگی وزە لەنێوان هەرێم و بەغدا و دروستكردنی كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

شیاوی باسە لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری ئەم وڵاتانە بەشدار بوون ( كۆماری ئیسلامی ئێران، كۆماری میسری عەرەبی، كۆماری روسیای فیدراڵ، ،شانشینی ئەردەنی هاشمی، دەسەڵاتدارێتی فەلەستین، بەریتانیا، كۆماری كۆریای باشوور، ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا، كۆماری توركیا، كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ، كۆماری فەڕەنسا، كۆماری پۆڵەندا، شانشینی هۆڵەندا، كۆماری ئیتاڵیا، كۆماری رۆمانیا، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراقUNAMI نووسینگەی هەرێم، نێردەی یەكێتی ئەورووپا بۆ سەروەری یاساEUJUST lex 

 

هەواڵی پەیوەندیدار