سه‌رۆك بارزانی بروسكه‌یه‌كی سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ی به‌رێزی خوالێیخۆشبێت پرۆفیسۆر د.سه‌عدی به‌رزنجی كرد

بەبۆنەی كۆچی دوایی پرۆفیسۆر دكتۆر سەعدی بەرزنجی،سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بروسكه‌یه‌كی سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ی به‌رێزی خوالێیخۆشبوو دەكات ، كە ئەمە دەقەكەیەتی:
به ناوی خوای مه‌زن و دلۆڤان
خانه‌واده‌ی به‌رێزی خوالێیخۆشبێت
پرۆفیسۆر د.سه‌عدی به‌رزنجی
سڵاوی خواتان لێ بێت
زۆر به‌داخه‌وه هه‌واڵی كۆچی دوایی كه‌سایه‌تی ئه‌كادیمی و كۆمه‌ڵایه‌تی ناسراوی گه‌له‌كه‌مان خوالێیخۆشبێت پرۆفیسۆر د.سه‌عدی به‌رزنجی_م پێگه‌یشت و له ناخه‌وه دڵگرانی كردم .
د.سه‌عدی كه‌سایه‌تیه‌كی نیشتمانپه‌روه‌ر و دڵسۆزێكی رێبازی كوردایه‌تی و خاوه‌ن هه‌ڵوێستێكی نه‌ته‌وه‌یی به‌رز بوو ، رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بوو له به‌ره‌وپێشبردنی زانست و خوێندنی باڵادا ، وه‌ك په‌رله‌مانتارێكیش به شاره‌زاییه یاساییه‌كه‌ی خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی گه‌لی كوردستانی كردووه و هه‌روا له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووردا ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه ، بۆیه له‌ده‌ستدانی ئه‌و كه‌سایه‌تییه نه‌ك هه‌ر خه‌ساره‌تێك بوو بۆ ئێوه‌ی به‌رێز ، به‌ڵكو خه‌ساره‌تێك بوو بۆ تێكرای گه‌لی كوردستان و دڵنیاشم له‌وه‌ی كه خزمه‌ت و یادگار و ئاكاره به‌رزه‌كانی هه‌میشه له یاد ده‌مێننه‌وه.
به‌م بۆنه خه‌مناكه‌وه پرسه و سه‌ره‌خۆشی گه‌رمی خۆمتان ئاراسته ده‌كه‌م و له ناخی دڵیشه‌وه هاوخه‌می خۆم به ئێوه و گشت ئه‌كادیمیانی كوردستان راده‌گه‌یه‌نم .
خۆتان خۆشبن و له خوای گه‌وره ده‌پارێمه‌وه گیانی پاكی د.سه‌عدی ئاسووده بكات و به به‌هه‌شتی به‌رینی شاد بكات و سه‌بوریی و دڵنه‌واییش به هه‌موو لایه‌ك ببه‌خشێت و له هه‌موو كۆست و خه‌مانیش به دوورتان بگرێت .
انا لله وانا الیة را‌جعون
مسعود بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
16/7/2012




