٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بەشیر ئاتالای: سەردانی بارزانی رێژەی پشتگیری كردن لە قۆناغی چارەسەری بەرزتر كردەوە

سەرچاوە: KDP.info

ئەنقەرە-KDP.info/ جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا بەشیر ئاتالای رایگەیاند كە قۆناغی چارەسەری بەبێ هیچ كێشە و گرفتێك بەردەوامە و حكوومەت سورە لە سەر بە ئەنجام گەیاندنی ئەو قۆناغە، لە نێوان لایەنەكانی ئەو قۆناغەیشدا بە شێوەیەكی گشتی دیالۆگ بەبێ هیچ جۆرە پچڕانێك بەردەوامە، رەنگە تێڕوانین، بیروڕا و پێشنیاری جیاواز هەبێ بەڵام كراوە بوونی كەناڵەكانی دیالۆگ بووە هۆی پێشوەچوونی ئەو قۆناغە.

بەشیر ئاتالای لە میانی بەرنامەیەكی تایبەتی كەناڵی سی ئین ئیندا باسی قۆناغی چارەسەری و هەوڵەكانی بەئەنجام گەیاندنی ئەو قۆناغەی كرد و گوتی: لە لایەن حكوومەتەوە قۆناغی چارەسەری بەبێ هیچ جۆرە گرفت و ئاستەنگییەك بەردەوامە و حكوومەت بە هیچ شێوەیەك لەو قۆناغە پاشەگەز نەبووەوە و حكوومەت سورە لە سەر بە ئەنجام گەیاندنی ئەو قۆناغە. سور بوونی حكوومەت لە سەر هەوڵدانەكانی بە ئەنجام گەیاندنی قۆناغی چارەسەری بووەوە هۆی ئەوەیە كە رای گشتی بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەو قۆناغە متمانەی بە حكوومەت هەبێ.

بەشیر ئاتالای لە بەشێكی دیكەی ئەو بەرنامەیەدا باسی پشتگیری كردنی قۆناغی چارەسەری كرد و گوتی: لە باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵ سەدا 85 خەڵك پشتگیری لەو قۆناغە دەكا، ئێمە هەموو هێز و توانای خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی كە ئەو قۆناغە بە شەفافییەت بەڕێوە ببرێ.

ئاتالای لە درێژەی قسەكانیدا باسی ئەوەی كرد كە یەك ساڵە ئەو قۆناغە دەستیپێكردووە، رۆژ دوای رۆژ پشتگیری كردن لەو قۆناغە لە زیادبووندایە و تێڕوانینی خەڵك لە سەر ئەو قۆناغە گۆڕاوە، دوای سەردان و كۆبوونەوە گرنگەكەی دیاربەكر تێڕوانینی خەڵك لە سەر قۆناغەكە بە گشتی گۆڕا و خەڵك دەستی بە پشتگیری كردن لە قۆناغی چارەسەری كرد. تا پێش ئەو سەردانە لە باشوور و باشووری رۆژهەڵات رێژەی پشتگیری كردن لە قۆناغی چارەسەری سەدا 80 بوو، بەڵام بە سەردان و چاوپێكەوتنەكانی دیاربەكر ئەو رێژەیە بۆ سەدا 85 بەرز بوویەوە.

بەشیر ئاتالای جەختی لە سەر ئەوە كردەوە كە خەڵكی ناوچەكە ماوەی یەك ساڵە دەرئەنجامە باشەكانی ئەو قۆناغەی بینیوە، ئەو ساڵە ساڵی ئاسوودەبوونی توركیا و نەهاتنەوەی جەنازەیە بۆ توركیا، ئەو ساڵە ساڵی نیشان دانی ئیرادەی پێكەوە ژیانە. ئێمە وەكو حكوومەت بۆ سەر خستنی ئەو قۆناغە چاوەڕوانی هاوكاری و پشتگیری زۆرترین بە تایبەتی لە بەدەپە.

جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا لە بەردەوامی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد كە ئێستە ئەو قۆناغە زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێ و هیچ جۆرە كێشە و گرفتێك لە بەردەم قۆناغەكەدا نییە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارانەدا كە ئایا چوارچێوەی دیالۆگی نێوان هەر دوولا بەرفراوانتر دەبێ و رۆژنامەنووس یا نوێنەرانی رێكخراوە مەدەنییەكان سەردانی ئیمراڵی دەكەن؟ دا ئاتالای رایگەیاند كە ستراتیژیەتی ئەو قۆناغە لە لایەن حكوومەتەوە زۆر بە باشی بەرێوە دەچێ و حكوومەت زۆر بوێرانە هەنگاو دەنێ و كۆنترۆڵی قۆناغ بە گشتی لە ژێر دەستی حكوومەتدایە. ئەو شتانە كە ئێوە باسیان لێوە دەكەین شتی بیركاری نین، ئەمە رێگایەكی زۆر درێژە و چەندین بواری جیاجیای هەیە. ئێستە ناتوانم وەڵامی ئەوە بدەمەوە كە ئایا رۆژنامەنووسەكان دەچن سەردانی ئیمراڵی دەكەن یا كەسێكی دیكە دەڕوات. بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەو قۆناغە ئەگەر پێویست بكا لە داهاتوودا ئەو شتانە هەموویان بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكرێن.

 

هەواڵی پەیوەندیدار