د.دیندار زێباری: پشتگیری لەگوتاری نێردەی UN لە عێراق دەكەین سەبارەت بە خێرا چارەسەركردنی كێشە دەستوورییەكان

د.دیندار زێباری جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان راگەیاند" پشتگیری لە گوتاری نێردەی سكرتێری گشتیUN) ) بۆ عێراق دەكەین كە لە بەرامبەر ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشكەشی كردووە.
نێردەی سكرتێری گشتیUN) ) بۆ عێراق بەرێز نیكۆڵای میلۆدینوڤ لە گوتارەكەیدا باسی لە چەندین تەوەری كردوە كە پێویستە بە شێوەیەكی خێرا چارەسەر بكرێن و ئەم تەوەرانەش تایبەتن بەكێشەو گرفتەكانی ئەمڕۆی عێراق و گرنگی رێكەوتنی سەركردە سیاسییەكانی عێراق لەسەر شێوەیەكی گونجاو سەبارەت بە یاسای دابەشكردنی داهاتی سامانە سروشتیەكانی وڵات و هەبوونی هەماهەنگی پێویست لە نێوان هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتدارانی بەغدا لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم لەرووی ئەمنیەوە. هەروهائەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی گشتی لە وادەی خۆی لە عێراق و هەوڵدان بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە بە تایبەتی توركیا كە دیارە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رۆڵێكی گرنگی هەبووە لەبەرەو پێشەوەبردنی ئەم پەیوەندیانە.
جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە رایگەیاند: ئێمە ئەم هەڵوێست و تێروانینیانەی نێردەی سكرتێری گشتیUN) ) بۆ عێراق لە لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرز دەنرخێنین، چونكە چارەسەركردنی ئەم كێشانە لە عێراق هەمیشە یەكێك لە هەوڵ و داواكاری سەركردایەتی سیاسی هەرێم و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە.
هەروەها سەبارەت بە بەردەوامی قەیرانی سوریا نێردەی سكرتێری گشتی UN)) بۆ عێراق، هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێشوازیكردنی پەنابەرانی سوریا بەرز دەنرخێت و راشیگەیاندووە رێژەی 98% لەم پەنابەرانە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازی لێكراوە و لە هەر سێ پارێزگای هەرێم كەمپیان بۆ كراوە.




