كوژرانی نۆ كاسبكاری كورد لە یەك حەفتەدا

مەهاباد-KDP.info / بە پێ ئامارە فهرمییەكان تەنیا لە ماوەی یەك حەفتەدا نۆ كاسبكار و كۆڵبەری كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان بە هۆی دەستڕێژی گولەی هێزەكانی ئێرانەوە گیانیان لە دەست داوە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی دەنگی ئازاد بڵاویكردەوە كە بە هۆی نالەباری ژیان و باری گوزەرانی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەكان، بەشێكی زۆری دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەستیان بە كاری كۆڵبەری و كاسبكاری لە سەر سنوور كردووە و رۆژانە رووبەرووی تەقەكردن و دەستڕێژی گولەی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەبنەوە.
بە پێی ئەو زانیارییانە كە بە دەستمان گەیشتوونە تەنیا لە ماوەی یەك حەفتەدا 9 كۆڵبەری كورد بە هۆی دەستڕێژی راستەوخۆی هێزەكانی كۆماری ئێرانەوە گیانیان لەدەست داوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە زیاتر لە 20 كاسبكار و كۆڵبەری دیكەیش بریندار كراون و دەست بە سەر بڕەكی زۆری ماڵی ئەو كۆڵبەرانەشدا گیراوە.




