ئەحمەد داود ئۆغڵو: توركیا یەك ملیار دۆلاری بۆ ئاوارە سورییەكان سەرف كردووە

ئەنقەرە-KDP.info/وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داود ئۆغڵو رایگەیاند كە بۆ ئەو ئاوارانەی سوریا كە ناوەندی بەخێوكردنی كاتی دەژین تا ئێستە یەك ملیار و 311 ملیۆن و 150 هەزار دۆلار پارە سەرف كراوە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی توركیا بڵاویكردەوە كە داودئۆغڵو لە وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاری شاری ئێغدری بەدەپە ( پەروین بوڵدان)دا گوتی" بۆ دابین كردنی شوێنی مانەوە و پەیداویستییەكانی دیكەی ئەو ئاوارە سورییانە كە لە كەمپە كاتییەكاندا دەمێننەوە لە سەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی كارەساتە سروشتییەكانی سەر بە ئەنجومەنی وەزیران بە بڕەی یەك ملیار و 311 ملیۆن و 150 هەزار دۆلار پارە سەرف كراوە.
داودئۆغڵو ئاماژەی بەوە كرد كە هاوكات لەگەڵ هاتنی ئاوارە سورییەكان بۆ سەرسنووری توركیا، پەیداویستییەكانیان لە لایەن مانگی سوری توركیا، پارێزگارەكان و بەڕێوەبەرایەتی كارەساتە سروشتییەكانی سەربە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دابین كراون.




