٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

نیھاد ئەرگون: تورکیا بە گۆرانی کوردی دابەش نابێ

سەرچاوە: KDP.info

ئورفا-KDP.info/ وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆژیای تورکیا رایگەیاند کە وڵات بە گۆرانی کوردی دابەش نابێت، بەڵکو ھەبوونی ناڕەوایی وڵات دابەش دەکات.

لە میانەی وتارێکیدا لە کۆبوونەوەی ناوچەیی ھاریکاری پیشەسازی نێوان زانکۆکان، وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆژیای تورکیا نیھاد ئەرگون، باسی لە گرنگی ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا کرد و ئاشکرایکرد کە بە ھۆی بوونی تیرۆر  و شەڕ و پێکدادان لەو ناوچانەدا نەتوانراوە بە پێی پێویست سود لە ناوچە کوردییەکان ببینرێت.

ھەروەک رایگەیاند دیاربەکر و ئورفا کە ناوەندی رۆژھەڵاتی ناوەراستن، خاوەنی وزەیەکی زۆرە و بەھۆی شەڕ و شۆرشەوە نەتوانراوە سود لەو وزەیە وەربگیرێت.

ئەرگون باسی لەوە کرد کە ھیچ کێشەیەک لە رێگەی خوێنڕشتنەوە چارەسەر ناکرێت و گوتی: دەبێت لە چوارچێوەی دیموکراسیدا ھەموو لایەک قسەی خۆی ھەبێت، چونکە دیموکراسی تاکە رێگەیە بۆ پێشکەوتنی وڵاتان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەرگون باسی لە قۆناغی ئاشتی کرد و رایگەیاند ئێسته‌ بە قۆناغێکدا تێپەڕدەبین کە زەردەخەنە  کەوتۆتە سەر لێوی ھەموو لایەک و گوتی: " ئاشتی خەزێنەیەکە و سەروەروی و خۆشگوزەرانی بۆ ھەموولایەک بەرجەستە دەکات. بەھۆی قۆناغی ئاشتیەوە وەبەرھێنان لە ناوچە کوردنشییەکانی تورکیا لە رادەبەدەر زیادیکردووە و سیستەمی ھاریکاری و ھاندانیش ھۆکارێکی دیکەی پێشوەچوونی وەبەرھێنانە لەو ناوچانەدا.

ئەرگون لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەی بە گوتنی گۆرانی کوردی لە لایەن شڤان پەروەر و ئیبراھیم تاتڵیسسەوە لە دیاربەکر لە کاتی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانی تورکیا بۆ ئەوشارە کرد و گوتی: "  10ساڵ لەمەوبەر دەرکردنی کاسێتی گۆرانی بە زمانی کوردی قەدەغەبوو. گۆرانی کوردی ھیچ کاتێک وڵات دابەش ناکات، ھەروەک چۆن گۆرانی گوتن بە ئینگلیزی و فەڕەنسی ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر دابەشکردنی وڵات نییە،  ئەی بۆ دەبێت گۆرانی گوتن بە کوردی وڵات دابەش بکات"

هەواڵی پەیوەندیدار