ئەردۆغان: پێویستمان بە لێبوردەییە

تورکیا- KDP.info/ سەرۆک وەزیرانی تورکیا دەڵێ پێویستمان بە لێبوردەیی و ئامێزی یەکتر و درێژەدان بە پرۆسەی ئاشتی ھەیە.ئەردۆغان گوتیشی: سوپاس بۆ خوا بوراک دوا شەھیدی موغڵە بوو، ساڵێکە بەھۆی تیرۆرەوە تەرمی ھیچ شەھیدێک بۆ موغڵە نەھاتوەتەوە، ساڵێکە نە سەرباز نە پۆلیس نە پارێزەرانی گوند، بەھۆی تیرۆرەوە شەھید نەبوون، لە چەند پارێزگایەک ئێستا دایکان و باوکانی شەھید پرسیاری ئەوە لە ئێمە دەکەن، "خۆزگە زووتر دەست بەم پرۆسەیە بکرایە، تا ئەمڕۆ رۆڵەکانمان لەگەڵمان بونایە، خۆزگە ئەمڕۆ سەرجەم شەھیدەکانی موغڵە لەنێوانمان بوونایە. ١١ ساڵە بۆ بەدەستھێنانی ئەم ئامانجە ھەوڵ دەدەین، ١١ ساڵە ھەوڵ دەدەین گەنجەکانمان لەبەھارێکی بێ شەھید کۆ بکەینەوە، گەلێک گەنجمان لەدەست دا، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئەمڕۆ بە رێوڕەسمە ناخۆشە ھەست بزوێنەکان شەھید بەخاک ناسپێرین..
ئەردۆغان لەدرێژەی گوتەکانیدا ئاماژەی بە بەربەستی ھەندێ لایەن دا کە دەیانەوێت رێگری لە پرۆسەی ئاشتی بکەن.
ئەردۆغان گوتی: "جەرگی زۆرێک لە دایکان سوتا، دڵی گەلێک لە باوکان سوتا، سوپاس بۆ خوا ئیتر ئاگر ناکەوێتە ناو ماڵی ھیچ کەسێک، ئەمڕۆ لەم قۆناغەداین، پێویستە پرۆسەکە بپارێزین، بۆ پاراستن و بەردەوامی پرۆسەکە ئیتر بە رێکوپێکی و بە ھەستپاکیەوە لە کارەکانمان بەردەوام دەبین..
ئەردۆغان لەکۆتایی گوتەکانیدا ئاماژەی بەھاتنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی و ھونەرمەندی دورە وڵات شڤان پەروەر بۆ دیاربەکر کرد گوتی: ئەم برایەتان بەمەبەستی پێکەوەژیان و ئاشتی و برایەتی نێوان 76ملیۆنکهس، شڤان پەروەر و تاتڵیسێی بانگھێشتی دیاربەکر کرد، شڤان پەروەر بەھۆی گوتنی گۆرانی و حەیرانەکان37ساڵ لەم وڵاتە دەربەدەر کرا، ئەمڕۆ براتان ئەم دوو ھونەرمەندەی بەیەک شاد کردەوە و باوەشیان بەیەکدا کرد، ئێمە پێویستمان بە لێبوردەیی و ئامێزی یەکتر ھەیە، ئێوە دەزانن ھەندێک لایەن بەم برایەتییە تێکدەچن، ئەوانەی دەیانەوێت جیاکاری بکەن و وڵات بکەن بەچەند پارچەوە، ئێسته ئێمە ئەو یاریەمان تێکدا، ھەموو پێکەوە ئەو یارییە تێک دەدەین، ئەو دەنگەی لە موغڵە دەردەچێت بۆ یەکێتی و برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەکەمان زۆر گرنگە.




