فەلاح مستەفا لە گەڵ شاندێكی كۆمەڵەی دۆستایەتی فەرەنسا و عێراق كۆبووەوە

ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكوومەت لەگەڵ جان جاك برێدی ئەندامی پەرلەمانی فەڕەنسا و سەرۆكی كۆمەڵەی دۆستایەتی فەرەنسا و عێراق و بەیاوەری ئالان گێبخات كونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێم بەئامادەبوونی خەمان زرار نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا و شاندێكی یاوەریان كۆبووەوە .
لە كۆبوونەوەكەدا كە سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی و ژمارەیەك لە كارمەندانی فەرمانگە ئامادە بوو، برێدی ئاماژەی بەوەدا جیاوازیەكی زۆر لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا هەیە لەزۆر بواردا بەتایبەتی لەبواری سەقامگیری ودیموكراسی و پێشكەوتندا .
دووپاتیشیكردەوە كەوا پێویستە فەڕەنسا بوونی خۆی لە هەرێمی كوردستان فراوانتر بكات و پەیوەندیەكانی نێوان وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە بواری جیاجیا بێت.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكوومەت وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، كورتەیەكی لەبارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان پێشكەشكرد و هیوای خواست ئەم ئەم سەردانە و رۆڵی ئەم گروپە ببێتە هاندەرێك بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی فەڕەنسا.
هاوكات تیشكی خستە سەر رەوشی عێراق و هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی ئەنجوومەنی نوێنەران و پێشخستنی پرۆسەی دیموكراسی و سیستەمی فیدراڵی لە عێراق.
هەر لە دیدارەكەدا هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی لەبارەی بارودۆخی سوریا و كۆنگرەی جنیف 2 و رێككەوتنی وڵاتانی 5+1 لەگەڵ ئێران و پەیوەندیەكانی نێوان هەولێر و بەغدا خستەڕوو .
هیواشی خواست دامەزراوەكانی فەڕەنسا رۆلیان هەبێت لە پشتگیری كردنی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی بۆ سەركەوتنی زیاتر پرۆسەی دیموكراسی و زیاتر پێشخستنی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا.




