باڵیوزخانەی بەریتانیا كارەكانی بەشێوەیەكی كاتی لە لیبیا ڕاگرت

لیبیا – KDP.info/ لە بەیاننامەیەكدا باڵیوزخانەی بەریتانیا رایگەیاند كە بەهۆی ئاڵۆزیی رەوشی ئەمنی لە لیبیا بە شێوەیەكی كاتی كارەكانی رادەگرێت. لەمبارەیەوە سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە كە دوای ئەوەی لەم دواییەدا هێرشی گروپە چەكدارەكان بۆ سەر بنكەكانی هێزە ئەمنییەكان و هەروەها نوێنەرایەتییەكانی بیانی لە لیبیا زیادی كردووە؛ باڵیوزخانەی بەریتانیا كارەكانی بە شێوەیەكی كاتی راگرت و داوای لە بەرپرسانی ئەو ولاتەشی كرد كە ئاسایش و ئەمنیان بپارێزێت .
لەلایەكی دیكەوە لە لیبیا لە ئاكامی تەقینەوەیەك 40 كەس گیانیان لە دەستدا. لە مبارەیەوە سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی تەقینەوەی جبەخانەیەك لە باشووری لیبیا گیانیان لە دەستدا گەیشتە 40 كەس. هاوكات سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوەشكرد خەڵكی ناوچەكە و ژمارەیەك پەنابەر چوونەتە ناو جبەخانەكەوە بەمەبەستی شت بردن.
لەلایەكی دیكەوە لە شاری بەنغازی لە دوو روداوی جیادا 4 سەربازی لیبیا كوژران. جێگای ئاماژە بۆكردنە رووداوەكانی كوشتن لەو دوایەدا لە لیبیا زیادی كردوە و زیاتر هێزە سەربازییەكان و ئەفسەرانی سوپا لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە دەكرێنە ئامانج.




