تا ئێستا 9 قەوارەی سیاسی لە كەركووك بۆ هەڵبژاردن ناوی خۆیان تۆمار كردووە

كەركووك – KDP.info/ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە كەركووك بڵاوی كردەوە، كە تا ئێستا 9 قەوارەی سیاسی ئەو شارە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی گشتی ساڵی داهاتوو لە كۆمسیۆن ناوی خۆیان تۆمار كردووە و هەروەها كۆمسیۆن روونیشی كردەوە، كە 80 هەزار هاووڵاتی لە شاری كەركووك لە لە تۆمارەكانی ناوەندەكانی كۆمسیۆن نای خۆیان نوێ كردووەتەوە. ئەوەش دووپات كرایەوە كە پێشوازییەكانی ناوەندەكانی كۆمسیۆن بۆ ناونووسكردنی دەنگدەران لە كەركووك بە شێوەیەكی مامناوەندییە.
فەرهاد تاڵەبانی بەڕێوەبەری كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە شاری كەركووك لە لێدوانێكدا رایگەیاند: بە پێی زانیاری و رێنماییە تایبەتییەكانی كۆمسیۆن تا ئێستا 9 قەوارەی سیاسی لەو شارە لە كۆمسیۆن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە لە 30ی مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت ناوی خۆیان تۆمار كردووە و گوتیشی: ناونووسكردنی قەوارە سیاسیەكان بە پێی ئەو وادەیە كە كۆمسیۆن دیاری كردووە لە شاری كەركووك درێژەی دەبێت .
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، نوێ كردنەوەی ناوی دەنگدەرانی بەشداربووی هەڵبژاردنی گشتی لە 5ی مانگی كانوونی یەكەمی داهاتوو بە كۆتا دێت و بە گوتەی بەڕێوەبەری كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە كەركووك تا ئێستا 80 هەزار هاووڵاتی لەو شارە لە ناوەندەكانی كۆمسیۆن ناوی خۆیان نوێ كردووەتەوە و ئەوەشی روون كردەوە، كە بە شێوەیەكی مامناوەندی هاووڵاتیانی شاری كەركووك بۆ تۆماركردنی ناویان روو لە ناوەندەكانی كۆمسیۆن دەكەن.




