بەشیر ئاتالای: قۆناغی چارەسەری بەردەوامە و كەس ناتوانێ تێكی بدات

ئەنقەرە-KDP.info/ جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا و قۆردیناتۆر (رێكخەری) قۆناغی چارەسەری پرسی كورد بەشیر ئاتلای رایگەیاند كە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا لە سەر ویستی كۆمەڵگە و ئیرادەی حكوومەت دەستی پێكردووە و بەو پەڕی جدییەتەوە بەردەوامە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی بڵاویكردەوە كە بەشیر ئاتالای لە میانی كۆبوونەوەیەك لە گەڵ چەندین كەناڵی راگەیاندندا رایگەیاندووە كە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد بەردەوامە، حكوومەت دەستی بەو قۆناغە كردووە و سورە لە سەر بە ئەنجام گەیاندنی ئەو قۆناغە.
بەشیر ئاتالای لە بەشێكی دیكەی گوتەكانی خۆیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە گەڕاندنەوەی ئەندامانی پەكەكە بۆ ماڵ و ئازاد كردنی گیراوانی گرتووخانەكانیش بەشێكە لە قۆناغی چارەسەری و لە كاتە ساتی پێویستدا ئەو دوو هەنگاوەیش جێبەجێ دەكرێن.
لە بارەی سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ دیاربەكر بەشیر ئاتلای گوتوویەتی: سەردانی بارزانی بۆ توركیا سەردانێكی بێ وێنە و گرنگ بوو، بۆ یەكەمین جار بارزانی سەردانی دیاربەكری كرد و بە كوردی قسەی بۆ زیاتر لە 50 هەزار كەس كرد، ئەمە پێشكەوتن و دەستكەوتێكی زۆر گرنگە و گرنگتر لەوەیش پەیامەكانی بارزانی زۆر گرنگ و مێژوویی بوون. بارزانی پەیامی ئاشتی پێ بوو و داوای لە خەڵك كرد كە لە چوارچێوەی ئاشتی و دیالۆگدا هەوڵ بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان بدات، ئەمە بۆ خۆی گەورەترین دەستكەوتە.




