كوردستان دەبێـتە چوارەمین وڵاتی هەناردەكاری نەوت

پاریس-KDP.info/ سەردانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بۆ توركیا بە مەبەستی ئیمزا كردنی چەندرێككەوتنێك بۆ هەناردە كردنی نەوتی كوردستان لە رێگای توركیاوە بۆ بازارەكانی جیهانی، بووەتە جێگای بایەخی میدیا جیهانییەكان.
هەندێ لە میدیاكانی جیهانی پێیانوایە كە هەناردە كردنی نەوتی كوردستان دەبێتە هۆی گۆڕینی هاوسەنگی سیاسی و نرخی وزە لە جیهان و هەندێكی دیكەیش پێیانوایە كە هەناردە كردنی نەوتی كوردستان دەبێتە هۆی گرنگیدانی كۆمەڵگەی جیهانی بە كوردستان و بەو جۆرە نەوت سەربەخۆیی بۆ كوردستان دێنێتە ئاراوە.
رۆژنامەی تریبونی فەرەنسی لەو بارەیەوە بابەتێكی نووسیوە و ئاماژەی بەوە كردووە كە زێڕی رەشی كوردستان بۆ جیهان بە گشتی و بۆ توركیا بە تایبەتی نیعمەتێكی زۆر گرنگە، پێشتر توركیا ناچار بوو بۆ دابینكردنی پەیداویستی وزەی خۆی نەوت لە ئێران، روسیا و ئازەربایجان بكرێ، بەڵام لەمڕۆ بەدواوە نەوتی كوردستان دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان توركیا و ئەو وڵاتانە چونكە توركیا دەست بە كڕینی نەوتی كوردستان دەكات.
رۆژنامەی ناوبراو باسی ئەوەی كردووە كە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا كوردستان دەبێتە یەكێك لە چوار وڵاتە هەرە گەورەكەی جیهان كە هەناردەكاری نەوتە و ئەمەیش دەبێتە هۆی گۆڕینی هاوسەنگی سیاسی و كوردستانیش یەكەمین سوودمەندی ئەو گۆڕانكارییانەیە.




