٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەشواق جاف: بەئامانجگرتنی رۆژنامەنووسان، پێشێلكاری مافی مرۆڤ و بێدەنگكردنی دەنگی ئازادە

سەرچاوە: KDP.info

به‌غدا-KDP.info/ نوێنەرێكی كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند: بەئامانجگرتنی رۆژنامەنووسان پێشێلكارییەكی ئاشكرای مافی مرۆڤە لەعێراقدا مەبەست لێی بێدەنگكردنی دەنگی ئازادە و پێویستە پارێزگاریان لێبكرێ.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف، بە KDP.infoی راگەیاند : مەبەست لەتیرۆركردنی رۆژنامەنووسان لەعێراقدا بۆ ئەوەیە دەنگی ئازاد لەعێراقدا كپبكرێ، كە پێشێلكارییەكی ئاشكرای مافەكانی مرۆڤە، پێویستە لەسەر حكوومەتی ناوەندی پارێزگاری بۆ رۆژنامەنووسان دابین بكات و ژینگەیەكی لەباریان بۆ برەخسێنێ.

ئەوەشی گوت، رۆژنامەنووسان ئەو توێژەن دەتوانن پەیوەندی لەنێوان دەزگا و دامەزراوە یا بەرپرسان لەگەڵ هاوڵاتیاندا دروست بكەن و پەردە لەسەر كەموكوڕییەكان هەڵبماڵن پەنجە لەسەر گەندەڵییەكان دابنێن، هەركاتێكیش ئەوان بوونە ئامانجی كردە تیرۆریستیەكان ئەوا روونە دەیانەوێ ئەو كارانەی ئەوان نەمێنێ یا سنووردار بكرێ.

جەختی كردەوە، ئامارەكان باس لەوە دەكەن، لە 2003وە تائێستا 267 راگەیەندكاری عێراقی و بیانی لە عێراق كوژراون، لەكاتێكدا 155 لەو راگەیەندنكارانە بەهۆی كارەكەیانەوە بەئامانج كراون و كوژراون، ئەمەش بۆ خۆی ژمارەیەكی زۆر مەترسیدارە بۆ بەئامانجكردنی رۆژنامەنووسان.

جێی باسە بەگوێرەی‌ زانیارییەكان، لەسەرەتای‌ ئەم مانگی تشرینی دووەمەوە (42) ڕۆژنامەنوسی‌ ناوخۆیی‌‌و بیانی‌ تەنیا لەشاری‌ موسڵدا، لەلایەن ڕێكخراوی‌ دەوڵەتی‌ ئیسلامیی‌ عێراقەوە هەڕەشەی‌ كوشتنیان لێكراوە، تائێستا 10 ڕۆژنامەنوس تیرۆركراوە، لەو ژمارەیەش ناوی‌ پەیامنێرانی‌ دوو كەناڵی‌ كوردییان تێدایە.

هەواڵی پەیوەندیدار