وەزیری كلتور و گەشتوگوزاری توركیا لە پاریس سەردانی گۆڕی ئەحمەد قایا و یڵماز گونەی كرد

پاریس-KDP.info/وەزیری كلتور و گەشتوگوزاری توركیا عمەر چەلیك لە چوارچێوەی سەردانێك بۆ فەرەنسا، سەردانی گۆڕی هونەرمەندی كورد ئەحمەد قایا و سینەماكاری یڵماز گونەی كرد.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی پرێس میدیای توركی بڵاویكردەوە كە رۆژی هەینی وەزیری كلتور و گەشتوگوزاری توركیا عومەر چەلیك سەردانی گۆڕی ئەحمەد قایا و یڵمازی گونەی كرد و دوای دانانی تاجە گوڵینە و خوێندنی فاتیحە تۆزێك خاكی توركیای رژاندە سەر گۆڕەكان و دواتر رایگەیاند كە پیاوە ناودار و كەسایەتییە ناسراوەكانی توركیا بە هۆی گوشارە ناوخۆییەكانی توركیاوە ناچار بوونە لە وڵاتی خۆیان كۆچ بكەن، ئەحمەد قایا و یڵماز گونەی نموونەی بەرچاون، بەڵام توركیا ئەو سەردەمانەی تێپەڕاند و بە متمانە بە خۆبوون سەیری دوا رۆژی خۆی دەكا بۆیە لە توركیای ئەمڕۆدا، ناسنامە جیاوازەكان، بیروڕای جیاواز و هەر جۆرە هەڵوێستێك ئازادن چونكە دەمانەوێ توركیایەكی نوێ بنیات بنین.
دوای كۆتایی هاتنی ئەو سەردانە عمەر چەلیك لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی" من سەردانی گۆڕی هەریەك لە ئەحمەد قایا و یڵماز گونەیم كرد كە لە رووی ناچارییەوە لە توركیا كۆچیان كردبوو. ئەمە ئەركی سەرشانی ئێمە بوو، منیش جێبەجێمكرد و لە لایەكی دیكەوە ئەو سەردانە پەیامێك بوو بۆ ئەو كەسانە كە بە هۆی گوشار، زڵم و ناحەقییەوە لە توركیا كۆچیان كردووە. هیوادارم لەمەو بەدواوە كەس بە هۆی بیروڕا و ناسنامەی خۆیەوە ناچار نەكرێ لە توركیا كۆچ بكا، ئەو گۆڕانەی كە لێرەن سیمبۆلی زڵم و گوشارەكانی رابردووی توركیان.




