دابەشكردنی فۆڕمی دامەزراندن 10 رۆژ بەردەوام دەبێت

بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای هەولێر رایدەگەێنێت: دوێنێ فۆڕم لە 21 بنكە لە سەنتەری شار و قەزا و ناحیەكاندا بەسەر دەرچووانی كۆلێژ و پەیمانگەكان و ئەوانەی ئارەزوویان هەیە ببن بە مامۆستا دابەش كرا و بۆ ماوەی 10 ڕۆژیش بەردەوام دەبێت.
هەروەها ئەندازیار حوسێن كاكل بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای هەولێر لە لێدوانێكیدا بە رۆژنامەی هەولێری راگەیاندووە: ئەوانەی كە ساڵی ڕابردوو فۆڕمیان پڕ كردووەتەوە، فۆڕمەكەیان كاری پێ ناكرێت و دەبێت سەر لەنوێ فۆڕم پڕ بكەنەوە. هەروەها ئاماژەی دا: بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی 5%ـی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان چانسی دامەزراندنیان هەیە.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە دابەشكردنی فۆڕم بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و بۆ كار ئاسانیی خاوەن پێدوایستییە تایبەتەكانیش دەتوانن لە هەموو بنكەكان فۆڕم وەربگرن. حوسێن كاكل گوتیشی كە ئەگەر هات و پێویستی كرد، دەتوانین ماوەی دابەشكردنی فۆڕم زیاد بكەین و ئەو فەرمانبەرانەیش كە فۆڕمەكان دابەش دەكەن، خولی تایبەتیان بۆ كراوەتەوە و ڕاهێنراون.
ئاماژەی بەوەشدا: ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 38 ساڵەوە بێت بە مەبەستی دامەزراندن ناتوانن فۆڕم پڕ بكەنەوە. هەروەها فۆڕم رۆژانە لە سەعات 8:30 خولەكی بەیانییەوە دابەش دەكرێت و تا سەعات 1ـی دوای نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت.
ڕوونیشی كردەوە كە هەر قوتابییەك لە خوێندن بەردەوام بێت، مافی وەرگرتنی فۆڕمی نییە جا لە خوێندنی ئێواران بێت یاخود بەیانیان. هەروەها ئەو قوتابیانەی كە كەتوونەتە خولی دووەم مافی وەرگرتنی فۆڕمیان نییە.
ئەوەیشی ڕوون كردەوە كە وەكوو پارساڵ فۆڕمەكان ناچنە پارێزگای هەولێر، بەڵكوو لیژنەیەكی پسپۆڕ هەر لەناو بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری هەولێردا هەڵسەنگاندن و وربینی بۆ فۆڕمەكان دەكەن.
گوتیشی كە بۆ كارئاسانیی هاووڵاتیان بنكەیەك لە نێو بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری پارێزگای هەولێردا كراوەتەوە.




