ئاڵتان تان: لە سەرەتایەوە دیاربوو كۆمیسیۆن ناتوانێ دەستوور ئامادە بكات

ئەنقەرە- KDP.info/پەرلەمانتاری بەدەپە ئاڵتان تان لە بارەی گفتوگۆكانی كۆتایی هاتنی كاری كۆمیسیۆنی ئامادە كردنی دەستووری توركیا رایگەیاند كە لە رووی كردارییەوە كۆتایی بە كاری كۆمیسیۆنی ئامادە كردنی دەستوور هاتووە و پارتە بەشدارەكانی نێو كۆمیسیۆنیش لە بەرامبەر كۆتایی هاتنی كاری كۆمیسیۆن بەرپرسیارن.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی پرێس میدیا بڵاویكردەوە كە پەرلەمانتاری بەدەپە ئاڵتان تان هەڵوێستی پارتە بەشدارەكانی نێو پەرلەمان لە بەرامبەر كۆمیسیۆنی ئامادە كردنی دەستووردا بە هەڵوێستێكی نەڕاست لە قەڵەم داوە و رایگەیاندووە كە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ئەو كۆمیسیۆنەدا دیاربوو كە ناتوانێ دەستوورێكی نوێ بۆ توركیا ئامادە بكات.
تان لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكانی خۆیدا رەخنەی توندی ئاراستەی هەر یەك لە پارتی گەلی كۆماری و پارتی نەتەوەپەرەستی توركیا كردووە و رایگەیاندووە كە ئەو دوو پارتە نایانەوێ دەستوورێكی نوێ مەدەنی بۆ توركیا ئامادە بكرێ و دەیانەوێ توركیا خاوەن دەستووری سەربازی سەردەمی كودەتای ساڵانی 80 بێت و ئەگەر لە بەر خەڵك نەبێ ئەوا دێن و ساڵی ئامادەكردنی ئەو دەستوورە دەگۆڕن و دەیكەن بە ساڵی 2013 و ئەو دەستوورە لە ژێرناوی دەستوورێكی نوێدا دەفرۆشنەوە بە خەڵك.




