سبەی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سازدەکات و کوردیش بەشداری دەکات

بەغدا- تایبەت بەKDP.info/ وتەبێژی لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سازبکات و کوردیش بەشداری لەو کۆبوونەوەیە دەکات.
موئەید تەیب وتەبێژی لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی لەپەرلەمانی عێراق بەkdp.infoراگەیاند: بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەو لافاوانەی چەند رۆژی رابردوو كه چەند ناوچەیەکی عێراقی گرتەوە و بەھۆیەوە زەرەرو زیانی مادی و گیانی ھەبوو کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سازدەکات.
موئەید تەیب گوتیشی: ئێمەش وەکو کوتلە کوردییەکان بەشداری لەو کۆبوونەوەیە دهکەین، بۆ ئەوەی ھۆکاری ئەو لافاوانە دیاریبکرێت.
تەیب رونیشیکردهوە، ئەم جۆرە کۆبوونەوانە ھیچ ئەنجامێکی نابێت، بەڵام ئێمە نوێنەری خەڵکی عێراقین و ھەڵوێستی خۆمان رادەگەینین.
لەماوەی چەند رۆژی رابردوو بەھۆی بارینی بارانێکی زۆر لەچەند ناوچەیەکی خواروو و ناوەڕاستی عێراق لافاو دروست بوو، بەم ھۆیەشەوە چەند کەسێک گیانی لەدەستدا و زەرەرێکی زۆری مادیشی ھەبوو.




