رژیمی سوریا بەشداری لە کۆنفڕانسی جنێڤ دوو لەبارەی قەیرانی وڵاتەکەی دەکات

دیمەشق - KDP.info/ رژیمی سوریا رایگەیاند کە بەشداری لە کۆنفڕانسی جنێڤ دوو لەبارەی قەیرانی وڵاتەکەی دەکات. بە پێی ھەواڵێکی ئاژانسی فەرمی سوریا سانا، وەزارەتی دەرەوەی سوریا رایگەیاندووە کە دەستنیشانکردنی رۆژی دەستپێکردنی کۆنفڕانسی جنێڤ دوو لە لایەن سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە جێگای خۆشحاڵی سوریایە و شاندێکی سوری بە نوێنەرایەتی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد بەشداری لەو کۆنفڕانسەدا دەکات. پێشتر گوتەبێژی سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاندبوو کە سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر قەیرانی سوریا رۆژی 22ی کانوونی دووەمی ساڵی 2014ی بۆ سازدانی کۆنفڕانسی جنێڤ دوو دەستنیشانکردووە. دوێنێ سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئەحمەد الجبرا رایگەیاندبوو کە لەگەڵ سوپای ئازادی سوریا بۆ بەشداریکردن لە کۆنفڕانسی جنێڤ دوو ھاوڕان. بۆ ئەوەی بەشداری لەو کۆنفڕانسەدا بکەن دەبێ رێگا بۆ گەیشتنی ھاوکاری بۆ ئەو ناوچانە بکرێتەوە کە لەژێر گەمارۆدان و رژیمی سوریا گیراوەکان ئازاد بکات. شایەنی باسە هەر گرێدراو بەرەوشی سوریاوە دوێنی پتر لە حەفت پارتی چەکداری ئیسلامی لە نێو بەرەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتێکی تازەدا یەکگرتنی خۆیان راگەیاند و هاوکات ئەوشیان خستەروو کە ئەوان دەخوازن لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا دەوڵەتێکی ئیسلامی لەو وڵاتە دەبمەزرێنن




