٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان كۆبوونەوە

سەرچاوە: KDP.info

ئەنقەرە – KDP.info/ پاش ئەوەی ئێوارە دوێنێ نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەسەردانێك گەیشتە ئەنكەرەی پایتەختی توركیا؛ نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێكراو دواتریش كۆبوونەوە .

لە كۆبوونەوەكەدا پتەوكردنی پەیوەندییەكانیان و رەوشی ناوچەكە تاوتوێ دەكەن.

 بڕیارە لەچوارچێوەی سەردانەكەیدا نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری وزەی توركیا كۆببێتەوە و پرسی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو ولاتە و هاریكاریی لە بواری وزە دا باس بكات .

لەلایەكی دیكەوە و بە پێی هەواڵێكی (AA) وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا تانەر یڵدز لە بارەی سەردانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا رایگەیاند: لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی رێككەوتننامەیەك ئیمزا دەكەن و ئامانجی سەرەكی دابینكردنی پێداویستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراقە.

یڵدز لە میانی پێنجەمین كۆنگرە و پێشەنگای وزەدا وەڵامی چەندین پرسی رۆژنامەنووسانی دایەوە و لە بارەی سەردانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیا گوتی: بۆ بەرزكردنەوەی داهاتی عێراق تا ئێستا چەندین تەندەرمان وەرگرتووە، لەگەڵ چەندین كۆمپانیای رۆژئاواییدا رێككەوتنی جیاجیا ئیمزا كراوە لە نێوان ئەو وڵاتانەیشدا توركیا وەكو وڵاتی كۆنسۆرسیۆم لە چوار شوێنی جیاجیادا بە بڕی ٢٥ ملیار دۆلار بەشی هەیە.

یڵدز گوتی: ئامانجی سەرەكی دۆزینەوە و هەناردەیكردنی رێژەیەكی زۆری نەوت و گازە، بۆ ئەو مەبەستە لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ ٣٩ كۆمپانیای ١٩ وڵاتدا رێككەوتنی جیاجیا ئیمزا كراوە، توركیا یەكەم وڵات نییە كە ئەو رێككەوتنانەی ئیمزا كردووە، ئیمە وەكو توركیا ناتوانین لە بەرامبەر وزەكانی وڵاتێكی دراوسێمان بێدەنگ بین و بیریان لێنەكەینەوە، بۆیە پێویستە لە چوارچێوەی سیاسەتی وەزە و پێداویستی توركیا بە وزە و ستراتیژیی توركیا سوود لەو سەرچاوانە وەرگرین.

تانەر یڵدز بەو جۆرە درێژەی بە قسەكانیدا: كاتێ ئاستی دەرهێنانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان بەرز بێتەوە، ئەوا ژمارەی رێككەوتنەكانیش بۆ هەناردەكردنی ئەو بەرهەمانە زیاد دەكا و هەموو دونیا دەزانێ كە توركیا وەكو وڵاتێكی خاوەن ئاسایش و ئەمنییەت، تاقە دەروازەی ئەو هەرێمەیە بۆ جیهان. برایانی ئێمە لە عێراق زۆر بە باشی ئەو راستییە دەبینن و ستایشی توركیا دەكەن، ئەو هێڵە نەوتییانەی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كە باسیان لێوە دەكرێ هەر ئەو هێڵەی كەركوك -یومورتالیكە. تەنیا رێژەی هەناردەكردنی بەرزتر كراوە. ئەو هێڵە دەتوانێ رۆژانە ملیۆن و نیوێك بەرمیل نەوت هەناردە بكا، بەڵام ئێستا رۆژانە تەنیا چوار سەد هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكا. بۆیە چەندە لەو هێڵەوە نەوت هەناردە بكرێ ئەوا ئەوەندەیش رەوشی عێراق ئاسایی دەبێتەوە و بەرەو پێشەوە دەڕوات. هیچ فەرقی نییە نەوتی باكوور بێ یا نەوتی باشووری عێراق، بۆیە توركیا لە پێناو ئاساییكردنەوەی رەوشی عێراق و لە پێناو دابینكردنی پێداویستیی خۆی، ئەو رێككەوتنانەی ئیمزا كردووە. ئامانجی كۆمپانیا حكومی و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتی توركیا لە ئیمزاكردنی رێككەوتننامە لە گەڵ هەرێمی كوردستان لەو چوارچێوەیە دایە.

لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا لە كاتی سەردانی بارزانی بۆ توركیا هیچ جۆرە رێككەوتنێك لە نێوان هەر دوولا دا ئیمزا دەكرێ؟ یڵدز گوتی رەنگە رێككەوتننامە ئیمزا بكرێ، چونكە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت كە گرێدراوی یاسای تایبەتن دەتوانن بەشداریی لە دانوستان لە بارەی دۆزینەوە و هەناردەكردنی نەوت لە ھەرێمی كوردستان بكەن. ئامانجی هەموو ئەو رێككەوتننامانە بەرزكردنەوەی داهات و دابینكردنی پێداویستییەكانی حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار