تۆنی هایوارد: سەردانی بارزانی بۆ دیاربەكر و قۆناغی چارەسەری زەمینە خۆشكەرن بۆ دابین كردنی ئارامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەستەنبۆڵ-KDP.info/بەڕێوەبەری كۆمپانیای گەورەی نەوت لە كوردستان ( گەنەل ئەنەرژی) تۆنی هایوارد رایگەیاند: قۆناغی چارەسەری لە توركیا و سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ دیاربەكر زەمینە بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانی دیكەی ناوچەكە خۆش دەكەن.
لەمبارەیەوە كەناڵی ئین تیڤی بڵاویكردەوە كە تۆنی هایوارد گەورە بەرپرسی ئەو كۆمپانیایە رایگەیاند: دەستپێكردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا كاریگەرییەكی باشی لە سەر سیاسەتی وزەی هەرێمی كوردستان و كێشەكانی دیكەی ناوچەكە كردووە.
هایوارد گوتی" قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و دیداری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی توركیا لە دیاربەكر زۆر گرنگە و كاریگەرییەكی باشی لە سەر بووژاندنەوەی ئابووری گەلانی ناوچەكە، بەرقەرار كردنی ئارامی و دابین كردنی بەختەوەری بۆ خەڵكانی ناوچەكە هەیە.
هایوارد جەختی لەوە كردەوە كە لە بەرنامەیاندایە تا لە داهاتوویەكی نزیكدا رێژەی هەناردە كردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ رۆژانە یەك ملیۆن بەرمیل بەرز بكەنەوە و دواتر ئەو رێژەیە بۆ رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل بەرز دەكرێتەوە و ئەو رێژەیە كە لە دوو یا سێ ساڵی داهاتوو دەست بە هەناردە كردنی دەكرێ بۆ هەرێمی كوردستان، عێراق و توركیا سوودێكی یەكجار زۆری دەبێ.
كۆمپانیای گەنەل ئەنەرژی كە گەورەترین كۆمپانیای دۆزینەوە و هەناردە كردنی نەوت و غازی هەرێمی كوردستانە و لە ساڵی 2002یەوە تا ئێستە لەو بوارەدا چالاكە، لە حەفت ناوچەی هەرێمی كوردستاندا مۆڵەتی دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوتی پێدراوە.




