تاوەکو ئێستا خەڵکی خانەقین لەترسی بومەلەرزە شەوان لە دەرەوەی ماڵەکانیان دهخەون

خانەقین- تایبەت بەKDP.info/ قایمقامی قەزای خانەقین ئاشکرایکرد، تاوەکو ئێستا مەترسی دووبارە بوونەوەی بومەلەرزە لە سەر ناوچەی خانەقین ھەیە، بۆیە خەڵک شەوانە لە دەرەوەی ماڵەکانیان دهخەون.
محەمەد مەلا حەسەن قایمقامی قەزای خانەقین بە kdp.infoراگەیاند: لە رۆژی ھەینی رابردوو ژمارەیەکی زۆری بومەلەرزە لە ناوچەی خانەقین روویداوە، بەڵام بۆئەوەی ترس لای خەڵک دروست نەبێت ژمارەکە ئاشکرا ناکەن، بەم ھۆیەشەوە خەڵکی ئەو قەزایە ماڵەکانیان بەجێھێشتووە و لە دەرەوەی ماڵەکانیان دهخەون.
محەمەد مەلا حەسەن گوتیشی: ناتوانرێت پێشبینی روودانی بومەلەرزە بکرێت، بەڵام ئەوان ئاگادارکراونەتەوە کە ھێشتا مەترسی ھەیە دووبارە بێتەوە، بۆیە ئەوان بۆ سەلامەتی گیانی ھاووڵاتیان تاوەکو ئێستا نەگراونەتەوە ماڵەکانیان.
مەلاحەسەن رونیشیکردهوە، ئێستا لە ھەموو دەزگا حکوومییەکان دەوامی فەرمی ھەیە، تەنیا لە قوتابخانەکان دهوام نییە، ئەمەش بۆ ئەوەیە ئەگەر بومەلەرزە روویدا ترس لای قوتابیان دروست نەبێت و تووشی دڵەراوکێ نەبن.
قایمقامی خانەقین ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا بەھیچ شێوەیەک حکوومەتی ناوەند نەسەردان و نەھاوکاری ئەوانیان نەکردووە، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانیانی کردووە و ژماریەک خێمەشی بۆ دابینکردوون و ئێستا زیاتر لە 300خێمە دانراوە بۆ ھاووڵاتیان، جگە لەوخێمانە کە ھاووڵاتیان لە سەر ئەرکی خۆیان دایانناوە.
ناوبراو راشیگەیاند: بومەلەرزەکان ھیچ زەرەری گیانی و مادی نەبووە، تەنیا دیواری ھەندێک لە ماڵەکان شەقی بردووە، بەڵام بۆ سەلامەتی گیانیان جارێ نەگهڕاونەتەوە ماڵەکانیان.




