پەرلەمانتارێکی کورد: پێویستە عێراق پەیوەندییەکانی لە گەڵ تورکیا ئاسایی بکاتەوە

بەغدا-تایبەت بەKDP.info/پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت:پێویستە عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا ئاسایی بکاتەوە، چونکە تێکچونی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەو وڵاتە کاریگەریەکی گەورە دەکاتە سەر ئایندەی عێراق.
مەھدی حاجی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە سەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی بەkdp.info راگەیاند: پێویستە پەیوەندی عێراق لە گەڵ وڵاتی تورکیا جیاواز بێت لە گەڵ وڵاتانی دیکە ، چونکە تورکیا دەرگایەکی کراوەیە بۆ عێراق لە رووی ئابوری و لەمەش گرنگتر ئاوە کە ھەردوو سەرچاوەی سەرەکی دیجلە و فورات لەو وڵاتە دێتە عێراق ،کە ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر ئایندەی عێراق دەبێت ئەگەر پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتە با ش نەبێت.
مھدی حاجی گوتیشی:تاوەکو ئێستا عێراق بەشێوەیەکی باش مامەڵەی لەگەڵ تورکیا نەکردوە ھۆکارەکەشی ئەوەیە کە ھەندێک ئەجیندای دەرهوە ھەبوو کە کاریگەری ھەبوو لەسەر ئەو مامەلەکردنە، بەڵام پێویستە عێراق ئەومامەڵەکردنە بگۆرێت و پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئاسایی بکاتەوە، بۆئەوەی زیاتر کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە روو لە عێراق بکەن و وەبەرھێنان ئەنجام بدەن، چونکە تورکیا لە رووی ئابوری باشترین وڵاتی دەوروبەری عێراقە.
حاجی رونیشیکردەوە، ھۆکاری ئەو گرژیەی پێش ئێستا لە نێوان عێراق و تورکیاش رویدا بۆ ئەوە دەگرێتەوە کە تورکیا دژایەتی سوریایی دەکرد، بەڵام ئێستا ھەڵمەتێکی ئاشتبوونەوەی سەرتاسەری ھەیە تایبەت دوای رێکەوتنی نێوان وڵاتانی ئەوروپا وئیران ، بۆیە ئەگەر ئەم ھەڵمەتە سەرکەوتوو بێت دەبێتە ھۆی سەقامگیری ناوچەکە و سودی زۆری دەبێت.
دوێنێ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبووە و بڕیاریشه نوری مالیکی سەردانی تورکیا بکات و دواتریش رەجەب تەیب ئەردۆگان سەردانی بەغدا بکات.




