د.دیندار زێباری: هیچ هاووڵاتیەك لە هەرێم بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیر ناكرێت

ههولێر-KDP.info/ ئەمڕۆ لە دیدارێكی نێوان د.دیندار زێباری سەرۆكی لیژنەی باڵای بەدواداچوونی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و شاندێكی رێكخراوی (Amnesty International) باس لە رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم لە بواری زیاتر گەشەكردنی مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی زیندانی و گیراوەكان و ئەو یاسایانەی كە تایبەتن بە سزاكان وەكو یاسایی لە سیدارەدان كرا.
شاندی رێكخراوی (Amnesty International) لە بەرێزان سەعید بومە مدووحە جێگری بەرپرسی ئۆفیسی ئەم رێكخراوە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و باكووری ئەفریقیا و كارستن جورگنسن ئەندامی ئۆفیس پێكهاتبوو.
هەروەها شاندی رێكخراوی ناوبراو داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە هاوكار بێت لەگەڵ كارو بەرنامەكانی رێكخراوی (Amnesty International) لە هەرێم و بەتایبەتی لە كاتی سەردانیكردنی گرتووخانە و زیندانییەكان بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگادابوون لە رەوشی گرتووخانەكان و ئەو هەنگاوانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناوە بۆ زیاتر باشتركردنی رەوشی زیندانی و گرتووەكان.
لە لایەن خۆیەوە د.دیندار زێباری راگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان جگە لە دارشتنی ئەجیندا و پلانێكی هەرێمی بۆ گەشەسەندنی رەوشی مافی مرۆڤ بە گشتی، لێژنەیەكی باڵایی پێكهێناوەو بۆ زیاتر هاوكاری و هەماهەنگیكردن لەگەڵ رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی تایبەت بە رەوشی مافی مرۆڤەوەو وەڵامدانەوەی ئەو رەخنەو تێبینیانەی كە لە راپۆرتەكانیان ئاماژە پێكراوە سەبارەت بە رەوشی مافی لە هەرێم.
هەروەها سەرۆكی لیژنەی باڵای بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە هیچ هاوڵاتیەك لە هەرێمی كوردستان بەبێ فەرمانی دادوەر راناگیرێت و دەستگیر ناكرێت و هەموو بەندكراوێك دۆسیەكی تایبەت بە خۆیەوە هەیە و بە گوێرەی رێكارە یاسایەكان رەفتار لەگەڵ دەكرێت.
سەبارەت بە سزای لە سێدارەدانیش گوتی: حكومەتی هەرێم رەش نووسێك ئامادەكردووە و ئاراستەی ئەنجوومەنی شۆرای هەرێم كراوە و چاوەروانی تەواوكردنی كارەكانی ئەنجوومەن دەكرێت ودواتر بە قوناغەكانی تری یاسایی دا دەروات بۆ ئەوەی گونجاو بێت لەگەڵ واقعی كوردستان.
لەكۆتایی دا شاندی رێكخراوی (Amnesty International) خۆشحاڵی خۆی بەو هەنگاوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی و راشیانگەیاند : كە رەوشی مافی مرۆڤ بەگشتی و رەوشی زیندانی و گرتووخانە لە هەرێمی كوردستان زۆر باشترە لە بەشەكانی دیكەی عیراق.




