تانەر یڵدێز: ئامانجی رێككەوتنەكان بەرز كردنەوەی داهاتی هەرێمی كوردستان و عێراقە

ئەنقەرە- KDP.info/ وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی حكومەتی توركیا تانەر یڵدێز رایگەیاند كە ئامانجی سەرەكی توركیا لە ئیمزا كردنی پەیمانی هەناردە كردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و عێراق ئاسایی كردنەوەی رەوشی عێراق و دابین كردنی پەیداویستییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانە.
لەمبارەیەوە كەناڵی ئین تیڤی بڵاویكردەوە كە رۆژی سێشەممە وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا تانەر یڵدێز رایگەیاندووە كە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی ئیمزا كردنی رێككەوتنی هەناردە كردنی نەوتی ئەو هەرێمە لە رێگای توركیاوە بۆ بازاڕەكانی جیهان سەردانی توركیا دەكات و لە میانی ئەو سەردانەدا رێككەوتنێك لە نێوان هەر دوولا دا ئیمزا دەكرێت.
تانەر یڵدێز ئاماژەی بەوە كردووە كە ئامانجی سەرەكی توركیا لە ئیمزا كردنی ئەو رێككەوتنە دابین كردنی بەشێك لە پەیداویستییەكانی توركیا و دابین كردنی پەیداویستی هەرێمی كوردستان و عێراق و بەرز كردنەوەی رێژەی داهاتی هەرێمی كوردستان و عێراقە.
تانەر یڵدێز ئاماژەی بەوە داوە كە ئەگەر داهاتی نەوتی عێراق بەرز بكرێتەوە ئەوا رەوشی عێراقیش ئاسایی دەبێتەوە و ئەمەیش خزمەتی بەرەژوەندییەكانی وڵاتانی ناوچەكە دەكات بۆیە توركیا زۆری پێ خۆشە كە رێژەی هەناردە كردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و عێراق زیاتر بكرێت.




