هه‌ڵوێستى نوجێفى بۆ لێپرسینه‌وه له نورى مالیكى نه‌گۆڕاوه

سه‌رچاوه‌یه‌ك له ئیئتیلافى عێراقییه رایگه‌یاند كه سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئوسامه نوجێفى به ئه‌یاد عه‌للاوى ڕاگه‌یاندوه كه چاوپێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق نه‌بۆته هۆى گۆڕینى هه‌ڵوێستى ئه‌و، به‌ڵكو ئه‌و له سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كه‌ى سه‌باره‌ت لێپرسینه‌وه‌ى نورى مالكى نه‌گۆڕاوه و هه‌ڵوێسته‌كه‌ى جێگیره.
سه‌رچاوه‌كه ڕوونیشیكرده‌وه كه نوجێفى به عه‌للاوى راگه‌یاندووه كه له كاتى سه‌ردانه‌كه‌ى مالیكى بۆ لاى باسى هیچ جۆره پرسێكى سیاسى نه‌كراوه و به‌ڵكو ته‌نها بریتیبووه له پێشكه‌شكردنى پرسه و سه‌ره‌خۆشى بۆى.
له لایه‌كى دیكه‌وه مه‌یسوون ده‌مه‌لۆجى گووته‌بێژى ئیئتیلافى عێراقییه دووپاتیكرده‌وه كه لایه‌نه سیاسیه‌كان سوورن له سه‌ر ڕه‌تكردنه‌وه‌ى ڕێبازى تاكڕه‌وى له ده‌سه‌ڵات و فه‌رامۆشكردنى لایه‌نه‌كانى دیكه.
مه‌یسوون ده‌مه‌لۆجى راشیگه‌یاند لایه‌نه سیاسیه‌كانى كۆبونه‌وه‌ى هه‌ولێر و نه‌جه‌ف هه‌موو ڕێوشوێنێكى ده‌ستوورى و دیمو‌كراتى بۆ چاكسازیكردنى ڕه‌وشى سیاسى ووڵات و به دى هێنانى مافه‌كانى گه‌لى عێراق ده‌گرێته‌به‌ر.
وه‌ك ده‌مه‌لۆجى ئاماژه‌ى پێكرد ئامانج له‌و جوڵانه‌وانانه دژ به تاكڕه‌وى و دیكتاتۆریه‌ت مه‌به‌ست لێى دابینكردنى خزمه‌تگوزارى و دانانى سنوورێكه بۆ گه‌نده‌لى و نه‌بونى كه‌شێكى سه‌قامگیر له ووڵات و گووتیشى ئه‌و ڕه‌وشه‌ى كه ئێستا وڵات پێیدا تێپه‌رده‌بێت زۆر ئاڵۆزه و به دوو ئاراسته‌ش یه‌كلایی ده‌بێته‌وه ئه‌وانیش بریتین له چاكسازیكردنى ڕاسته‌قینه كه لایه‌نه سیاسیه‌كان باوه‌ڕ به چاكسازیه‌كان بكه‌ن و یانیش سه‌ندنه‌وه‌ى متمانه له سه‌رۆك وه‌زیران، ڕوونیشیكرده‌وه كه لایه‌نه‌كانى هه‌ولێر نه‌جه‌ف له هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وامن بۆ ڕووبه‌رووبونه‌وه‌ى تاكڕه‌وى و دیكتاتۆریه‌ت.




