هوداپار داوای دامەزراندنی كۆمیسیۆنێكی هاوبەش دەكات

دیاربەكر- / KDP.infoپارتی دۆزی ئازاد ( هوداپار) بۆ لێكۆڵینەوە كردن لە رووداوەكانی شاری باتمان كە سەرەتای ئەم مانگە روویان دابوو داوای دامەزراندنی كۆمیسیۆنێكی هاوبەشی كرد.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی رەسمی هوداپار ( حورسەدا)بڵاویكردەوە كە هەر دوو جێگری سەرۆكی گشتی هوداپار حوسێن یڵماز و جەمال چۆبان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا رایانگەیاندووە كە بۆ دەرخستنی راستی رووداوەكانی باتمان و رادەست كردنی تاوانباران بە دادگا پێویستە كۆمیسیۆنێكی هاوبەش دابمەزرێت.
هەر دوو جێگری سەرۆكی هوداپار ئاماژەیان بەوە كردووە كە دەبێ بۆ دەرخستنی راستییەكانی پشت ئەو رووداوە كۆمیسیۆنێكی هاوبەش لە بەدەپە، هوداپار و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ناوچەكە دابمەزرێت تا بە شێوەیەی بێ لایەن و سەربەخۆیانە لە سەر راستی رووداوەكان لێكۆڵینەوە بكات.
جێگرانی سەرۆكی هوداپار جەختیان لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە ئەگەر بێت و كۆمیسیۆنێكی هاوبەش دابمەزرێ ئەوا هوداپار ئامادەیە هەر جۆرە هاوكاری و پشتگیرییەكی لێوە بكات و رێز لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیشی بگرێت.




