پارێزگای سەلاحەدین ھەوڵ دەدات ئەنجوومەنی قەزای دوزخورماتوو لە بڕیارەکەی پەشیمان بکاتەوە

دووزخورماتوو-تایبەت بەKDP.info/ ئەمڕۆ شاندێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین سەردانی دوزخورماتووی کرد و لە گەڵ قایمقام وئەنجوومەنی قەزاکە کۆبووە ، بۆ ئەوەی لەو بڕیارەی داویانە پەشیمان ببنەوە، لەبەرانبەردا قایمقامی قەزای دوزخورماتوو دەڵێت، ئەوان سورن لە سەر بڕیارەکەیان و لێی پەشیمان نابەنەوە.
شەلال عەبدول قایمقامی قەزای دوزخورماتوو بەkdp.info راگەیاند: پارێزگای سەلاحەدین ھەوڵدەدات بۆ ئەوەی قەزای دوزخورماتوو نەگەرێتەوە سەر پارێزگای کەرکووک، بەڵام ئەوان سورن لە سەر بڕیارەکەیان و لێی پەشیمان نابنەوە، چونکە ئەمە بڕیاری ھەموو نەتەوەکانی دوزخورماتوویە و لە ھەموو رویەکەوە سودی بۆ ئەو قەزایە ھەیە.
شەلال عەبدول گوتیشی: ئەمڕۆ شاندێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین سەردانی قەزای دوزخورماتوویان کردووە و لە گەڵ ئەنجوومەنی قەزاکە کۆبوونە و راپۆرتێکیان ئامادەکرد و گەڕانەوە بۆ پارێزگای سەلاحەدین و رەنگە سبەی گفتوگۆی لەبارەوە بکەن .
شەلاعەبدول گوتیشی: مەبەست لەم سەردانەی ئەوان بۆئەوە بوو بزانن ئەمە تەنھا بڕیاری کوردە یاخود ھەموو نەتەوەکان، بەڵام ئەمە تەنیا بڕیاری ئێمە نییە و بڕیاری ھەموو نەتەوەکانی ئەو قەزایەیە.
عەبدول رونیشیکردەوە، رەنگە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ئاسان نەبێت ، چونکە پێویستە کۆمسیۆن راپرسیەک بکات بزانێت خەڵکی ئەو قەزایە بەم بڕیارە رازین یاخود نا دواتر پارێزگای سەلاحەدینیش و کەرکووکیش رەزامەندی لەسەری دەربڕن، بۆیە کاری زۆری پێویستە و یەکلایکردنەوەی کاتی دەوێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم قەزایە تاوەکو ساڵی1976سەر بە پارێزگای کەرکووک بووە، بۆیە گەرانەوەی دوزخورماتوو بۆ سەر پارێزگای کەرکووک سودی زۆری ھەیە لەروی سیاسی و کۆمەڵایەتی وئابوری ودەتوانین لەرێگای پارێزگای کەرکووک زۆرینەی کێشەکانمان چارەسەربکەین تایبەت کێشە ئەمنی و ئابوریەکان.
لەماوەی چەند رۆژی رابردوو ئەنجومەنی قەزای دوزخورماتوو بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بگەرێتەوە سەر پارێزگای کەرکووک، ئەمەش کاردانەوەی جیاجیا لێکەوتەوە.




