مانگرتن لە خواردنی 7گیراویی سیاسی و مەدەنی کورد لە بەندیخانەیەکی ئێران بەردەوامە

ئێران –KDP.info / مانگرتن لە خواردنی حەفت گیراویی سیاسی و مەدەنی کورد و گیراوێکی ئێرانی لە گرتووخانەکانی بەندەرعەبباس، میناب و بەندەر لێنگە درێژەی هەیە. پۆلێک لە گیراوانی سیاسیی و مەدەنی کورد و گیراوێکی ئێرانی کە لەم رۆژانەی دواییدا، بە مەبەستی نیشاندانی ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە رەوشی نالەباری گرتووخانە و پێشێلکرانی مافەکانیان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردبوو و بە گوێرەی دوا زانیارییەکان، مانگرتنەکەیان تا ئێستاش بەردەوامە بەڵام بەرپرسانی زیندان نەتەنیا وەڵامی داخوازییەکانیان نەداونەتەوە بەڵکوو بەشێک لەو گیراوانەشیان بۆ ژوورەکانی تاکەکەسی گواستۆتەوە. هاوکات مانگرتن لە خواردنی گیراوێکی سیاسیی ئێرانی بە ناوی "ئەرژەنگ داوودی" لە زیندانی بەندەرعەبباسیش پێی نایە ناو شازدەیەمین رۆژی خۆیەوە. لە بەیاننامەیەکی نووسراودا کە واژۆی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و کەمپەینی بەرگری لە بەندکراوانی سیاسی و هاتووە کە بەرپرسانی سێ گرتووخانەی ئاماژەپێکراو، نە تەنیا وەڵامی داخوازی گیراوانی مانگرتوویان نەداوەتەوە بەڵکوو بەشیکیان بۆ ژووری تاکەکەسی راگوازتوون. عەلی مورادی، ئەفشین سۆهراب زادە و کەماڵ شەریفی، پێشووتریش بە هۆکاری هاوشێوە، مانیان لە خواردن گرتبوو. لە بەیاننامەکەدا هەروەها هاتووە کە باری تەندرەستی هەندێک لە گیراوانی مانگرتوو ناتەندروستە. بە پێی زانیارییەکان ئەو کۆمەڵە گیراوە لە ژێر زەخت و ئەشکەنجەی دەروونی دان و داوایان لە رێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ، نەتەوە یەگکرتووەکان، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و رێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ کردووە بەهانای ئەو گیراوانەوە بچن. چەند رێکخراوی لاوانی سەر بە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، بە گشتی یازدە رێکخراوەی تریش پشتیوانیان لەم داوایە کردووە. شایەنی باسە : گیراوەکان بریتین لە عەلی مورادی، ئەفشین سۆهراب زادە، محەمەدحوسین رەزایی، کەماڵ شەریفی، دەروێش زەندی، حەسەن جەوانی و کەریم مووسازادە" ناوی ئەو حەوت کوردەیە کە لە گرتووخانەکانی میناب، بەندەرعەبباس و بەندەر لێنگەی باشووری ئێران مانیان لە خواردن گرتووە.




