٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هیومان ڕایتس وۆچ ڕەخنە لە ڕەشنووسی یاسای ئەنتەرنێتی عێراق دەگرێت

سەرچاوە: Hewler

ڕەشنووسی یاسایەكی عێراق سزای زیندانیكردنی هەمیشەیی بەسەر بەكارهێنەرانی ئەنتەرنێتدا دەسەپێنێت لە بەرامبەر ئەنجامدانی هەندێك تاواندا.

ڕێكخراوی چاودێریكردنی مافی مرۆڤ وردەكاری دەربارەی ئەو یاسایە بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت: ئەو كەسانەی كە بەرژەوەندییە ئابووری، سەربازی، سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق دەخەنە مەترسییەوە و ڕێز لە سەروەری و یەكگرتویی عێراق ناگرن، ئەوا بە توندترین شێوە سزایان دەدرێن، لەوانەیش سزای زیندانیكردنی هەتا هەتایی.

هەمان جۆرە سزایش بە سەر ئەو كەسانەدا جێبەجێ دەكرێت، كە یارمەتیی لایەنێكی نەیار یان دوژمن دەدەن بۆ مەبەستی تێكدانی ڕەوشی ئاسایشی عێراق.

هەروەها سزای زیندانیكردنی هەتا هەتایی بە سەر ئەو كەسانەدا دەسەپێنرێت، كە تاوانبار دەكرێن بە قوزڵكردنەوەی جیاوازی و كێشە تائیفیەكان و تێكدانی ڕەوشی ئاساییشی وڵات.

هەمان جۆرە سزا ئەو كەسانەیش دەگرێتەوە، كە زانیاری یان بەڵگەی هەڵە بڵاودەكەنەوە بۆ مەبەستی نەهێشتنی متمانەی هاووڵاتییان بە سیستەمی ئابووری و بازرگانیی عێراق.

ڕەشنووسی یاساكە زۆرینەی چالاكوان و ڕێكخراوەكانی تایبەت بە ئازادی و پاراستنی مافی مرۆڤی نیگەران كردووە.

جێگری بەرپرسی لقی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێكخراوی چاودێریكردنی مافی مرۆڤ (جەو ستۆرك) دەڵێت: ئەم یاسایە ڕێگا بە بەرپرسانی عێراق دەدات بۆ ئەوەی پەنا بۆ بێدەنگكردنی خەڵكی ببەن، چونكە ئێستا ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانانی عێراق زۆر سوود لە ئەنتەرنێت وەردەگرن بۆ دەستكەوتنی زانیاری و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕاكان.

هیومان ڕایتس وۆچ هەروەها دەڵێت: یاساكە زۆر ئاڵۆزە و سزاكانیشی زۆر توندن و هەربۆیەیش بەرپرسان دەتوانن سوودی لێ وەربگرن بۆ سزادانی هەر كەسێك، كە پێیان وایە دەبێتە هەڕەشەیەك لە سەر بەرژەوەندی كۆمەڵایەتی، ئایینی و حكوومی.

ئامادەكردنی: عەلی حەسەن زەڵمی

 

هەواڵی پەیوەندیدار