٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هاووڵاتییەكی كورد لەزیندانی رەشت لەسێدارە درا

سەرچاوە: KDP.info

ئێران – KDP.info/ حوكمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییەكی كوردی خەڵكی ناوچەی ورمێ، پاش ٥ ساڵ راگیران لە زیندانی ناوەندیی رەشت لە پارێزگای گیلان، جێبەجێ كرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی كوردپا، هاووڵاتییەك بەناوی "مەسعوود حەسەن‌پوور" خەڵكی گوندی "گردە بلیج"ی سەربە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ لە زیندانی ناوەندیی شاری رەشت لەسێدارە درا.

دەگوترێت كە مەسعوود حەسەن‌پوور خێزاندار بووە كە هەتا كاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هۆكاری لەسێدارە دانی ناوبراو نەزانراوە.

هەروەها رۆژی پێنج‌شەممەی رابردووش زیندانییەكی دیكەی كوردی خەڵكی گوندی "زێوە"ی سەربە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، بەناوی "عەزیزی عەتایی" لە زیندانی ناوەندیی شاری یەزد لەسێدارە درا.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵی كوردپا، لە سەرەتای مانگی رابردووە تا ئێستا ٧٩ هاووڵاتیی لەزیندانەكانی ئێران لەسێدارە دراون كە لەكۆی ئەو رێژەیە ١٧ كەسیان هاووڵاتییانی كورد بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار