رەوشی ناوخۆی لیبیا ئاڵۆزە و قاعیدەش چالاكییەكانی چڕ كردۆتەوە

لیبیا -KDP.info/ بە گوێرەی بەیاننامەیەكی حكوومەتی لیبیا، ئەو گرژی و ئاڵۆزییە كە ماوەیەكی ناوخۆی لیبیای گرتووەتەوە بە هۆی شەڕو پێكدادانی نێوان هێزەكانی سوپا و چەكدارانی لایەنگرانی شەریعەیە كە لە شاری بنغازی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە روودەدات و تا ئێستاش بە پێی ئامارەكان، لە شەڕو پێكدادانەكانی نێوان هێزەكانی سوپای لیبیا و چەكداران و لایەنگرانی شەریعە 9 كەس كوژراون و 50ی دیكەش برینداربوون.
لە بەیاننامەكەی حكوومەتی لیبیا ناوی رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە هێنراوە لەوەی ئێستا رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە لە شام هەوڵەكانی چڕ كردووتەوە كە بە هۆی گرژی و ئاڵۆزییەكانی دزە بكەنە ناو شاری تەرابلووس بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی بكەنەوە و بۆیە حكوومەتی لیبیا لە بەیاننامەكەدا فەرمانی بە تەواوی هێزە سەربازی و ئەمنییەكان داوە كە بە پەلە پەیوەندی بە ریزەكانیانەوە بكەن و بۆ رووبەرووبوونەوەی قاعیدە و گروپە چەكدارە تووندڕەوەكان خۆیان ئامادە بكەن.
پێشتریش حكوومەتی لیبیا بە تەواوی چەكی بە ملیشیا چەكدارەكان لەو وڵاتە داناو توانی بینانخاتە رێزەكانی هێزە ئەمنییەكانەوە بەڵام گروپی شەریعە بە چەكدارەكانی و لایەنگرانییەوە بە گروپێكی جیهادی تووندڕەوە لە لیبیا دادنرێن و خۆیان لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە جێگری كردوون و ئێستا حكوومەتی لییباش دەیەوێت ئەو ناوچانە لەو گروپە سەلەفیە تووندڕەوە پاك بكاتەوە هەر بۆیە بە هۆی بوونی گروپی شەریعەی سەلەفی تووندڕەو دووبارە گرژی و ئاڵۆزی كەوتووەنە ناو رەوشی ناوخۆی لیبیاوە.
لەلایەكی دیكەوە لە شاری لەندەنی پایتەختی بریتانیاوە هەر یەك لە جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاو ولیام هیگ وەزیری دەرەوەی بریتانیا ئامادەیی وڵاتەكەیان بۆ پێشكەشی كردی هاوكاری و یارمەتی بە حكوومەتی لیبیا نیشان دا بۆ ئەوەی بتوانرێت دووبارە لیبیا ئارامی و سەقامگیری بەو خۆوە ببینێتەوە. سەرەتا كێری رایگەیاند: بەم دواییانە لیبیا گژری و ئاڵۆزی مەترسیداری زۆری بەخۆوە بینی ئەوەی ئێستا لە دەستی ئەمەریكا بێت ئەوە تەنها دەتوانێت هاوكاری و یارمەتی پێویست بە حكوومەتی لیبیا پێشكەش بكات بە ئامانجی ئەوەی ئارامی و سەقامگیری بەسەر گرژی و ئاڵۆزییەكانی لیبیا زاڵبێتەوە.
لە بەرامبەریشدا وەزیری دەرەوەی بریتانیا ئەوەی دووپات كردەوە، ئەوەی لە توانای وڵاتەكەیدا بێت بۆ درێژكردنی دەستی هاوكاری و یارمەتی لە هەموو بوارێكدا بە حكوومەتی لیبیا درێخی ناكات بۆ ئەوەی بتوانرێت گرژی و ئاڵۆزییەكانی ناوخۆی لیبیا بە یەكجاری لە ناو ببرێت و خۆشگوزەرانی و هێمنی لە لیبیا بڵاوببێتەوە. لە دوو هەفتەی رابردووش هەر بە هۆی گرژی ئاڵۆزی ناوخۆی لیبیاوە حكوومەتی ئەو وڵاتە ناچار بوو باری نائاسایی رابگەیەنێت و تا ئەو كاتەی لیبیا دووبارە ئارامی و سەقامگیری بە خۆوە دەبینێتەوە.




