بولەنت ئارنچ: رەنگە یاسای دژە تیرۆر هەڵبوەشێنینەوە

واشنتۆن-KDP.info/ جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا بولەند ئارنچ لە میانی سەردانیدا بۆ ئەمهریكا باسی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی ئاشتی لە توركیا كرد و رایگەیاند هەم قۆناغی چارەسەر و هەم پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بەردەوام و بۆ سەركەوتنیان حكوومەت زۆر بە بوێرانە هەنگاو دەنێت.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی سۆن خەبەری توركی بڵاویكردەوە كە جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا بولەند ئارنج لە واشنتۆن رایگەیاند كە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد لە سەر داوای گەلی توركیا دەستیپێكردووە و سەرەڕای هەمووی ئاستەنگییەكان بەردەوام دەبێت.
بولەند ئارنج ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەگەر بێت و لە چوارچێوەی قۆناغی چارەسەریدا پەكەكە هێزەكانی خۆی لە توركیا بكێشێتەوە و چەك دابنێت ئەوا حكوومەتی توركیایش بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای دژە تیرۆر دەستبەكار دەبێت ئەو یاسایە هەڵدەوەشێنێتەوە.




