٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پاڵەوانانی كوردستان دەكات

سەرچاوە: KDP.info

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 25ـی 11ـی 2013 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی وەرزشوانان و پاڵەوانانی هەرێمی كوردستان كرد كە پێكهاتبوون لە سەردار ئیسماعیل پاڵەوانی لەشجوانیی جیهان و كۆڤان حەسەن پاڵەوانی ڕمهاوێژی جیهانیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و ئەحمەد مەجید براوەی میدالیای ئاشتیی وەرزشی ئەڵمانیا و هەروەها سەرۆك و نوێنەری یەكێتیی لەشجوانانی كوردستان (وابا) و لیژنەی پارائۆلۆمپیی كوردستان.

لە دیدارێكدا پاڵەوانانی كوردستان و شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی نیشاندا و هەروەها ئەوەشیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە بۆ ئەوان شانازییەكی مەزن و بەدیهاتنی خەون بوو كە توانیان ئاڵای كوردستان لە گۆڕەپانە وەرزشییە جیهانییەكان بەرز بكەنەوە. دواتر پاڵەوانانی كوردستان كورتەیەكیان لە سەردان و بەشداربوونیان لە كێبڕكێی جیهانییەكان باس كرد و هەروەها نوێنەرانی یەكێتیی لەشجوانانی كوردستان و لیژنەی پارائۆلۆمپیی كوردستان سەرۆك بارزانیان لە چۆنییەتیی كاروباری یەكێتییەكانیان و بەرنامەی داهاتوویان و هەروەها بەڕێوەچوونی كێبڕكێی پاڵەوانێتیی جیهانیی لەشجوانی و نابینایان لە هەرێمی كوردستان كە بڕیارە لە ساڵی ئاییندەدا ئەنجام بدرێت ئاگادار كردەوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی پاڵەوانان و شاندە وەرزشییەكەی كوردستانی كرد و پیرۆزبایی لێكردن بەبۆنەی سەركەوتنیان و وەرگرتنی میدالیای زێڕین لە گۆڕەپانە وەرزشییە جیهانییەكاندا. لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بەوەی كە گەلی كوردستان ڕۆڵەی وای هەبێت كە بتوانێت ناو و ئاڵای وڵاتەكەیان لە جیهاندا بەرز بكەنەوە. لەبارەی بایەخی وەرزش لە ژیانی سیاسیدا سەرۆك بارزانی گوتی: " وەرزش ڕێگەیەكی زۆر باشە بۆ ئەوەی بتوانن پەیامی گەلەكەتان بە جیهانیان بگەیێنن و لەڕێی وەرزشەوە دەتوانن زۆر بە باشی خزمەتی دۆزی ڕەوای نەتەوەكەتان بكەن و زۆر جار خەڵك بەهۆی وەرزشوانانەوە وڵاتانی جیهان باشتر دەناسن".

هەواڵی پەیوەندیدار