٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پیشانگای هەلی كار لە هەولێر كرایەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر – تایبەت بە KDP.info/سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 25ى نۆڤه‌مبه‌رى 2013، له‌ هەولێر بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وه‌زیرانى هەرێمی كوردستان و كونسوڵی گشتیی ئەمه‌ریكا و ژمارەیەك لە نوێنەری كونسوڵخانە و ڕێكخراو و كۆمپانیا بیانی و نێوخۆییەكان و بەرپرسانی حكوومی، پێشانگای ڕەخساندنی هەلی كار له‌ هه‌ولێر كرایەوە. وەك لە وتەی ئامادەبوواندا ئاماژەی بۆ كرا، ئامانج لە كردنەوەی ئەم پێشانگایە ڕەخساندنی هەلی كارە بۆ گەنجانی كوردستان لە كەرتی تایبەت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ دانانی بناغەی ئابوورییەكی بەهێز و پەرەپێدان بە كەرتی تایبەت

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی لە وتەیەكدا پشتگیری و پاڵپشتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانى بۆ پڕۆژەكانی وەكارخستنی گەنجان لە كەرتی تایبەت دووپات كردەوە، هه‌روه‌ها ئاماژەی بۆ چەندین كار و پڕۆژەی حكوومەتی هەرێم كرد كە لە ماوەكانی ڕابردوودا بە مەبەستی دۆزینەوەی هەلی كار لە كەرتی تایبەت و بەشداریی خەڵكی لە گەشەسەندنی ئابووریی هەرێمی كوردستاندا؛ ئەنجام دراون.

سه‌رۆك وه‌زیران ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌وان لە حكوومەت ئەم هەنگاوە وەك كارێكی پێویست و گرنگ دەبینن، لەبەر ئەوەی گەشە بە پەرەپێدانی بواری وەبەرهێنان دەدات. هاوكات ئاسۆی بواری ئابووریی ناو كۆمەڵگا فراوانتر دەكات و دەبێتە مایەی كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری لەناو كۆمەڵگادا.

ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ دانانی بناغەی ئابوورییەكی بەهێز و پەرەپێدان بە كەرتی تایبەت. لەگەڵ ئەوەشدا دەخوازن هەموو ئەو كەسانەی بە دوای دەرفەتی كاردا دەگەڕێن لە قۆناغە جیاوازەكانی تەمەنیاندا بە ئاسانی كاریان دەستكەوێت.

نێچیرڤان بارزانى به‌بیرى هێنایه‌وه‌ كه‌ لە كاتی كردنەوەی پێشانگای ڕەخساندنی هەلی كار لە سەرەتای مانگی 9 ی ئەمساڵدا گوتوویانه‌: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا ناتوانێت دەرفەتی كار بۆ سەرجەم دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان و ئەوانەی بەدوای كاردا دەگەڕێن دابین بكات، بەڵام سوور بووین لەسەر ئەوەی كەوا هەموو هەوڵێكمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بازاڕی كار چالاكتر و كاریگەرتر و شەفافتر بێت".

سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها داكۆكى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ڕەخساندنی هەلی كار پرۆسەیەكی بەردەوامە و لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر بە جددی كاریان كرد بۆ ئەوەی تەواوی هاووڵاتیانی كوردستان لە هەرێم لە گەشەسەندنە ئابوورییەكان سوودمەند بن. ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە حكوومەتی هەرێمى كوردستان لە نزیكەوە كاری زۆر جددی كردووە لەسەر ڕەخساندنی دەرفەتی كار، هاوشێوەی ئەو هەوڵانەش دەرفەتی كار و پڕۆژەكانی وەزارەتەكانی تری حكوومەتی هەرێم بوون.

هه‌روه‌ها گوتى: "وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، دەستەی وەبەرهێنان، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و زانكۆكان جەخت لەسەر پێدانی دەرفەتی زیاتری كار دەكەنەوە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە تایبەت ئەوانەی دەیانەوێ‌ كار بكەن و بۆ ئەوانەی كە لە دەرەوە دەگەڕێنەوە."

نێچیرڤان بارزانى تیشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ پێویستە كۆمپانیا ناوخۆییەكان هەوڵ بدەن شێوازی كاركردنیان مۆدێرن بێت و داواى له‌ كۆمپانیا ناوخۆییه‌كان كرد لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوویی و بە شێوەیەكی دادپەروەرانە كارمەند دابمەزرێنن، نەك هەر بەوەندە بوەستن، بەڵكوو پێویستە وەبەرهێنان بكەن لە توانا و ئایندەی گەنجانی هەرێمی كوردستان، ئەویش بە سپۆنسەركردنیان و دابینكردنی زەمالەی خوێندن بۆیان و ڕەخساندنی زەمینە بۆ بەشداریكردن لە خولی بیناكردنی تواناكان تاكوو ببنە سەرچاوەیەك بۆ كۆمپانیاكان و سەرچاوەیەكیش بۆ هەرێمی كوردستان.هەروەها داواى لە كۆمپانیا بیانیەكان كرد كە پابەندبن بە ستانداردە نێودەوڵەتییەكان لە ڕووی دامەزراندنی كارمەند و پەرەپێدانی سەرچاوە مرۆییەكانه‌وه‌. 

كار و ڕەخساندنی دەرفەتی كار یەكێك دەبێت لە بابەتە گرنگەكانی كابینەی داهاتوو، هەروەك چۆن وڵاتە پێشكەوتووەكان زۆر بە وردی چاودێریی گەشەی ئابووریی وڵات و دەرفەتی كار و ئاستی بژێوی هاووڵاتیان دەكەن، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە داهاتوو بەم شێوەیە كار دەكات

سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار دەكات بۆ كردنەوەی خولی مەشق و ڕاهێنان لە سەنتەرە پیشەییەكان و پێویستە كار بكرێت بۆ ئەوەی هەموو منداڵێكی كوردستان خاوەن بەهرە و توانا بێت، بۆ ئەوەی داهاتوویەكی گەشی هەبێت.دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ باوەڕی تەواویان بەو پرەنسیپە هەیە كەوا بەهێزبوونی كەرتی تایبەت، دینەمۆیەكی كاریگەرە بۆ بەهێزبوونی ئابووریی وڵات. هه‌روه‌ها باوەڕی تەواویان بە ئایندەیەكی ڕوون هەیە و بێ وچان كار دەكەن بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان.

له‌ كۆتاییى وته‌كه‌یدا سوپاسی ئاژانسی هاریكاریی نێودەوڵەتیی ئەمەریكا(USAID) و هاوكارانى كرد كە بە هاوكاریی چەند كۆمپانیایەكی ناوخۆیی و دەرەكی ئەم پێشانگایەیان ڕێكخستووە. هه‌روه‌ها سوپاسی ئەو كۆمپانیایانەى كرد كە سپۆنسەریی ئەم پیشانگایەیان كردووە.

 

ئه‌مه‌ش ده‌قى وته‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌:

 

میوانانی بەڕێز، خوشك و برایانی خۆشەویست، ئەم كاتەتان باش

خۆشحاڵم ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارم لە مەراسیمی كردنەوەی پێشانگای ڕەخساندی دەرفەتی كار. دیارە مەبەستی سەرەكی لە ڕێكخستنی ئەم جۆرە پێشانگایە دامەزراندنی پردی پەیوەندییە لە نێوان كۆمپانیاكان و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان؛ ئەوانەی كە زۆر بە جددی بەدوای كاردا دەگەڕێن. 

ئێمە لە حكوومەت ئەم هەنگاوە وەك كارێكی پێویست و گرنگ دەبینین، لەبەر ئەوەی گەشە بە پەرەپێدانی بواری وەبەرهێنان دەدات. هاوكات ئاسۆی بواری ئابووریی ناو كۆمەڵگا فراوانتر دەكات. لەهەمان كاتدا دەبێتە مایەی كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری لەناو كۆمەڵگا.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ دانانی بناغەی ئابوورییەكی بەهێز و پەرەپێدان بە كەرتی تایبەت. لەگەڵ ئەوەشدا دەخوازین هەموو ئەو كەسانەی بە دوای دەرفەتی كاردا دەگەڕێن لە قۆناغە جیاوازەكانی تەمەنیاندا بە ئاسانی كاریان دەستكەوێت.

ئێمە لە كاتی كردنەوەی پێشانگای ڕەخساندنی هەلی كار لە سەرەتای مانگی 9 ی ئەمساڵدا گوتمان: حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا ناتوانێت دەرفەتی كار بۆ سەرجەم دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان و ئەوانەی بەدوای كاردا دەگەڕێن دابین بكات، بەڵام سوور بووین لەسەر ئەوەی كەوا هەموو هەوڵێكمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بازاڕی كار چالاكتر و كاریگەرتر و شەفافتر بێت.

هەرچەندە هەرێمی كوردستان زیاتر پێش بكەوێت و گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، دەبێ‌ شیكردنەوەی زیاتر بۆ دەرنجامەكانی بكەین و بپرسین ئایا تاچەند هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەو سەركەوتنانە سوودمەند بوونە كە تا ئێستا ئێمە لەم هەرێمەدا لەم وڵاتەدا بەدەستمان هێناوە.

ڕەخساندنی هەلی كار پرۆسەیەكی بەردەوامە، ئێمە لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر بەجددی كارمان كرد بۆ ئەوەی تەواوی هاووڵاتیانی كوردستان لە هەرێم لە گەشەسەندنە ئابوورییەكان سوودمەند بن. وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە حكوومەتی هەرێم لە نزیكەوە كاری زۆر جددی كردووە لەسەر ڕەخساندنی دەرفەتی كار، هاوشێوەی ئەو هەوڵانەش دەرفەتی كار و پڕۆژەكانی وەزارەتەكانی تری حكوومەتی هەرێم بوون.

چەند مانگێك لەمەوبەر بەشداریم كرد لە مەراسیمی كردنەوەی وێبسایتی (كوردستان كار دەكات) بۆ خستنەڕووی دەرفەتەكانی كار لە كەرتی تایبەت كە بە شێوەی ئۆن لاین هاووڵاتیان دەتوانن سوودی لێ وەربگرن. پشتگیریمان لە كۆنفرانسی ساڵانەی كار كرد كە لەلایەن ژمارەیەك گەنج ڕێك دەخرێت بە ئامانجی دروستكردنی پردێك لە نێوان كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكان و ئەو كەسانەی بە دوای كاردا دەگەڕێن.

هاوكات وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، دەستەی وەبەرهێنان، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و زانكۆكان جەخت لەسەر پێدانی دەرفەتی زیاتری كار دەكەنەوە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە تایبەت ئەوانەی دەیانەوێ‌ كار بكەن و بۆ ئەوانەی كە لە دەرەوە دەگەڕێنەوە.

كەرتی ئابووریی هەرێم فراوانی و گەشەی زیاتری بەخۆیەوە بینیووە، بۆیە پێویستە كۆمپانیا ناوخۆییەكان هەوڵ بدەن شێوازی كاركردنیان مۆدێرن بێت. ئەمڕۆ لێرە ژمارەیەك كۆمپانیای ناوخۆیی هەیە، بۆیە ڕووی قسەم لەوان دەكەم و داوایان لێ دەكەم لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوویی و بەشێوەیەكی دادپەروەرانە كارمەند دابمەزرێنن. نەك هەر بەوەندە بوەستن، بەڵكوو پێویستە وەبەرهێنان بكەن لە توانا و ئایندەی گەنجانی هەرێمی كوردستان، ئەویش بە سپۆنسەركردنیان و دابینكردنی زەمالەی خوێندن بۆیان و ڕەخساندنی زەمینە بۆ بەشداریكردن لە خولی بیناكردنی تواناكان تاكوو ببنە سەرچاوەیەك بۆ كۆمپانیاكان و سەرچاوەیەكیش بۆ هەرێمی كوردستان.هەروەها داوا لە كۆمپانیا بیانیەكان دەكەم كە پابەندبن بە ستانداردە نێودەوڵەتییەكان لە ڕووی دامەزراندنی كارمەند و پەرەپێدانی سەرچاوە مرۆییەكان. 

كار و ڕەخساندنی دەرفەتی كار یەكێك دەبێت لە بابەتە گرنگەكانی كابینەی داهاتوو، هەروەك چۆن وڵاتە پێشكەوتووەكان زۆر بە وردی چاودێریی گەشەی ئابووریی وڵات و دەرفەتی كار و ئاستی بژێوی هاووڵاتیان دەكەن، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە داهاتوو بەم شێوەیە كار دەكات.

پێویستە گەنجەكانمان بەردەوام بن لە خۆپێگەیاندن، بەشدار بن لە خولەكانی پەرەپێدانی تواناكان و مەشق و ڕاهێنان لە بوارە جیاجیاكان. لێرەدا دەمەوێ‌ ڕوونتر پێتان بڵێم كە دۆزینەوەی كار لە سەرتاسەری دونیادا ئەركێكی قورسە و ئاسان نییە، بەڵام دۆزینەوەی كارێكی گونجاو بەبێ‌ خوێندن و خولی مەشق و ڕاهێنان؛ زۆر زەحمەتترە.

دڵنیاین كە سیستەمی خوێندن لە تەواوی قۆناغەكانی بنەڕەتی، ئامادەیی و زانكۆ بە شێوەیەكی دروست داڕێژراوە، كۆرسەكانی خوێندن و كۆلیژ و بەشی زانكۆكان لەسەر بنەمای داواكاریی بازاڕی كار دانراوە؛ نەك بە پشتبەستن بە سیستەمی كۆن.

دڵنیام ئەمڕۆ كۆمپانیاكان ژمارەیەكی زۆر كەسانی خاوەن بەهرە و شارەزا دەدۆزنەوە كە بە دوای دەرفەتی كاردا دەگەڕێن. بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان جگە لەم دەرفەتانە كار دەكات بۆ كردنەوەی خولی مەشق و ڕاهێنان لە سەنتەرە پیشەییەكان. پێویستە لەسەرمان كار بكەین بۆ ئەوەی هەموو منداڵێكی كوردستان خاوەن بەهرە و توانا بێت، بۆ ئەوەی داهاتوویەكی گەشی هەبێت.

ئێمە باوەڕی تەواومان بەو پرەنسیپە هەیە كەوا بەهێزبوونی كەرتی تایبەت، دینەمۆیەكی كاریگەرە بۆ بەهێزبوونی ئابووریی وڵات. باوەڕی تەواومان بە ئایندەیەكی ڕوون هەیە و بێ وچان كار دەكەین بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان.هیوا و ئامانجی سەرەكیی ئێمە خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی و دابینكردنی ژیانی پڕ لە ئاسایش و ئارامی و پێشكەوتنە بۆ هاووڵاتیانمان لە هەرێمی كوردستان.

لێرەدا دەمەوێ سوپاسێكی تایبەتی خۆم ئاژانسی هاریكاریی نێودەوڵەتیی ئەمەریكا(USAID) كە ئەمڕۆ نوێنەریان لێرە تەشریفیان هێناوە بكەم؛ لەگەڵ هاوكارانیان كە بەهاوكاریی چەند كۆمپانیایەكی ناوخۆیی و دەرەكی ئەم پێشانگایەیان ڕێكخستووە. سوپاسی ئەو كۆمپانیایانە دەكەم كە سپۆنسەریی ئەم پیشانگایەیان كردووە، بە جددی كار بكەن بۆ دابینكردنی كار بۆ گەنجانی كوردستان. ئەمە خاڵێكی زۆر گرینگە.

دووبارە سوپاسی (USAID) و كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەم. هیوادارم ئەم پڕۆژانە بۆ دۆزینەوەی هەلی كار لە هەرێمی كوردستان بۆ گەنجان بەردەوام بن و ئومێدی سەركەوتن بۆ هەموو لایەكتان دەخوازم و بە خێر بێن.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار