سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم ھەڵمەتی بەرەنگاری توندوتیژی دژی ئافرەتان ڕاگەیاند
هەولێر - تایبەت بە /KDP.info له یادى ڕۆژی جیهانیى بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژناندا، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وهزیرانى هەرێمی كوردستان لە هۆڵی شەهید مامۆستا سەعد عەبدوڵڵا له ههولێر، هەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان دەستی پێكرد.
لە ڕێوڕەسمهكەدا كە ژمارەیەك لە وەزیرانی حكوومەتی هەرێم و پەرلەمانتارانی عێراق و كوردستان و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێم و پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەكی زۆری ڕێكخراوەكانی مافی ئافرەتان و چالاكوانانی ئەم بوارە ئامادەی بوون، سەرۆك وهزیران له وتهیهكدا پشتگیریی حكوومەتی هەرێمی كوردستانى بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان دووپات كردەوە.
نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە ئامادەبوونی د. مستەفا زەڵمی بیرمەند و یاساناسی كورد نیشان دا كە ڕۆڵێكی گرنگی هەبووە لە گۆڕین و دەرچوونی ئەو یاسانەی لە بوارى بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرهتاندا ڕۆڵیان ههیه بۆ سوود و بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و تەواوی كۆمەڵگا.
سەرۆك وهزیران دووپاتی كردەوە كه توندوتیژی لە دژی ژنان واتا توندوتیژی لە دژی خێزان و كۆمەڵگا بە گشتی و ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەم پرسە تەنها پرسی ژن نییە و جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كه دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم لە ڕیزی پێشەوەی ئەجێندای كاری خۆی دایناوە و بە بڕواوه كاری لەسەر كردووە، چونكە دابینكردنی ئارامیی خێزانی دەروازەیەكە بۆ ئارامیی كۆمەڵگا.
| ئیدانەی هەموو جۆرە توندوتیژییەکی ناو خێزان و دژ بە ئافرەت دەکەین جا بە هەر بیانوویەک بێت |
دووپاتیشی كردەوە كه توندوتیژی لە دژی ئافرەتان توندوتیژییە لە دژی مرۆڤ و مرۆڤایەتی و ڕوونی كردەوە كه دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردەیە و ئەو حاڵەتە نەخوازراوانەی كە بەو هۆیەوە سەر هەڵدەدەن.
نێچیرڤان بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی دادگا و زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، گلەییشی ئاراستەی بەشێك لە پێكهاتەكانی ئەو دوو چینە كرد بە هۆی ئەوەی هەندێك جار لە پرەنسیپ و بنەماكانی سەرەكیی كارەكانیان و سیاسەتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لادەدەن.ههروهها ڕوونی كردەوە كە دەبێ لەمەولا زیاتر ڕۆڵی ئافرەتان لە دام و دەزگاكانی حكوومەت و ناوەندەكانی بڕیاردان لە بەرچاو بگیرێت.
سهرۆك وهزیران نیشانی دا كه لەپێناو دابینكردنی دادەوەریدا حكوومەتی هەرێم یاسای باری كەسێتیی گۆڕی و ئەمڕۆ لە هەرێم كوشتنی ئافرەت وەكوو هەر كوشتنێكی دیكە سزای لەسەرە نەوەك یاسا عێراقییەكان كە ژنكوشتن سزای سووكی لەسەر بوو. ئەمە جگە لە كه قەدەغەكردنی هاوسەرگیریی گەورە بە بچووك و ژنبەژنی و هاوسەرگیریی زۆرەملێ و خەتەنەكردنی كچان. دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای خانمان و بۆردی چاودێریی خێزان و بەڕێوەبەرایەتییەكی پۆلیس بۆ دژایەتیكردنی توندوتیژی لە دژی ئافرەتان، به نیشانەی بایەخی حكوومەتی هەرێمی كوردستانى بەم پرسە؛ له قهڵهم دا.
سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەش دا كه ڕۆژانە ئەو دەزگایانە كار بۆ پاراستنی ئارامیی خێزان و ئافرەت دەكەن و ڕوونى كردهوه دا كه پێویستە هەموو لایەك ئەو چالاكیانە بە چاوی ڕاستییەوە ببینێت بە تایبەتی لە جێبەجێكردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دژی خێزان كە لە ساڵی پارەوە جێبەجێ كراوە.
نێچیرڤان بارزانى ههروهها گوتى: "بە شێوەیەکی گشتی؛ سەرەڕای کۆمەڵێک دەستکەوتی باش لە ڕووی قانوونی و ستراتیژییەوە کە بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی توندوتیژی و گۆڕانکاریی ئەرێنی لەناو کۆمەڵگادا، هەرێمی کوردستان دەبێ لە ئایندەدا گرنگی بەو بوارانە بدات کە لە سەرەوە ئاماژەم پێدان و لێرەوه دووبارەیان دەکەمەوە:
یەک: هەماهەنگی و کاری هەمەلایەنە بۆ جێبەجێکردنێکی کاریگەرانەی یاسا و بڕیارهكان و سیاسەتی حكوومهتى هەرێمی کوردستان.
دوو: تواناسازی و پرۆفێشنالی لە کارکردندا.
سێ: بەشداریکردنی زیاتری ژنانی لێهاتوو لە پایەی بڕیارداندا.
چوار: هاوكاریكردنى داراییی زیاتری دەزگا و ڕێکخراوە کارا و چالاکەکان کە بە کردەوە برەویان بە یەکسانی و دادوەری داوە."
له كۆتایى وتهكهیدا سهرۆك وهزیران ئاماژهى بهوه دا كه لە کاتێکدا بە قەناعەتەوە کار لەسەر پرسی ژنان دەکەن و ئیرادەی سیاسی لەسەر هەموو ئاستێک خراوەتە گەڕ، جارێکی دیکەش بە پێویستی زانى ئەوە دووپات بكاتهوه کە ئەم پرسە فرەلایەن و فرەڕەهەندە و كار و هاوكاریى زیاتر له سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دهخوازێت، بە ڕێكخراوه غهیره حكوومییهكان و دهزگاكانى ڕاگهیاندن و مامۆستایانى بهڕێزى ئایینى و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان؛ ههمووان پێكهوه كار بۆ ئهم پرسه بكهن بۆ سهرخستنى.
ئهمهش دهقى وتهى نێچیرڤان بارزانى یه:
بهیانیتان باش، ههموو لایهكتان به خێر بێن.
پێش ئهوهى دهست به قسهكانم بكهم، دهمهوێ بهخێرهاتنێكى تایبهتى پیاوێكى گهوره بكهم كه ئهمڕۆ لهگهڵ ئێمه دانیشتووه و تهشریفى هێناوه بۆ ئهم ڕێوڕهسمه كه ئهویش د. مستهفا زهڵمى یه.
حهز دهكهم باسى ڕۆڵى ئهو بهڕێزه بكهم، دواى ساڵهكانى 2004 – 2005 كه له بهغدا بوو، هات بۆ ههولێر، حهز دهكهم ههموو لایهك باش بزانن ئهو یاسایانهى كه له ههرێمى كوردستان گۆڕانكارییان به سهردا هات، به تایبهتى بارى كهسێتى، ئهو پیاوه گهورهیه ڕۆڵێكى سهرهكى له بڕواپێهێنانى كۆمهڵگا و مامۆستایانى ئایینى بینى، پڕ بهدڵ سوپاسى دهكهین. به ڕاستى زۆر خۆشحاڵ و شهرهفمهندم كه ئهمڕۆ ئهو بهڕێزه لهگهڵ ئێمه بهشدارى دهكات.
حهز دهكهم خانمانى كوردستان بزانن ئهو پیاوه ڕۆڵێكى زۆر گهورهى بینیوه، پێكهوه كارى زۆر جددیمان كرد به مانگ، به ساڵ، پێكهوه كارمان كرد ههتا توانیمان، چونكه ئهو كاته شتێكى ئاسان نهبوو، زۆر سهخت بوو، ئێمهش نهماندهویست تهنیا بڕیارێك واژوو بكهین و بڵێن ئهمه دهبێ ببێته یاسا. ئێمه حهزمان دهكرد، ئامادهسازى بۆ بكهین، زهمینهى بۆ بڕهخسێنین، لهگهڵ مامۆستایانى بهڕێزى ئایینى، پهرلهمانتهران، لهو كاتهدا ڕۆڵێكى زۆریان بینى. زۆر بهڕێزهوه دهڕوانینه ڕۆڵى ههموو ئهو كهسانهى كه بوونه هۆى گۆڕینى ئهو یاسایانه، له سهرووى ههمووشیانهوه بهڕێز د. مستهفا زهڵمى كه ئهمڕۆ تهشریفى هێناوه، بهخێر بێى بهسهر چاو.
مەراسیمی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی نیشتمانیی ئەمساڵمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان، لهمڕۆوه دهست پێدهكات. بهخێرهاتنى گهرمى میوانه بەڕێزەكان دهكهم بۆ بهشداری لهو ڕێورەسمەدا.
توندوتیژی دژی ژنان، واتە نائارامی و نائاسایشیی ناو خێزان و دواتر سەرجەم کۆمەڵگە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە ئەم پرسە تەنها پرسی ژن نییە، بەڵکو پرسی هەموو کۆمەڵگەیە. لەم سۆنگەیەوە دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەوپەڕی باوەڕ و ئیرادەوە کار لەسەر ئەم بابهته دەکات.
ئێمە هەر لە سەرەتای کارەکانماندا ئەم مەسەلەیەمان لە ڕیزى پێشهوهى ئەجێندای کاری خۆمان داناوە و بە قەناعەتەوە ئیشمان لەسەرى کردووە. چونکە باوەڕمان وایە کە دابینکردنی ئاسایش و یەکسانی و دادوەری،باشترین دەروازەن بەرەو کوردستانێکی ئازاد و ئارام بۆ هەموو لایهكمان.
| گەیشتوومەتە ئەو ئەنجامەی کە توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە کوردستان بە شێوەیەکی گشتی کەمی کردووە، بەڵام بەداخەوە لە هەندێ شوێن زیادی کردووە. من لەم ڕووەوە زۆر نیگەرانم و داوای لێكۆڵینەوەی ورد و مەوزوعیم کردووە بۆ تێگەیشتن لە هۆکار و بنەمای ئەم زیادبوون |
هەروەک ساڵی پار لە ڕێوڕەسمی یادی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی؛ جەختم لەسەر کردەوە كه ئێمە وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی هەموو جۆرە توندوتیژییەکی ناو خێزان و دژ بە ئافرەت دەکەین جا بە هەر بیانوویەک بێت. چونکە بە بڕواى ئێمە توندوتیژیی دژی ژن بریتییە لە پێشێڵکردنی مافی مرۆڤ.
حکوومەتی هەرێم ماوهیهكى درێژه بە شێوەیەکی سیستەماتیک کار لەسەر ئەم مەسەلەیە دەکات. ئێمە کارەکانمان لە چوارچێوەی چاکسازیی یاسایی دەست پێکرد و لهسهر ئهم بنهمایه و لەپێناوی دابینکردنی دادوەریدا، کۆمەڵێک ماددەی هەردوو یاسای سزای عێراقی و یاسای باری کەسێتیمان گۆڕی.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان کوشتنی ژن جا بە هەر بیانوو و پاساوێك بێت، وەکوو هەموو کوشتنێکی دیکە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و تاوانه، نەک بە گوێرەی یاسای سزای عێراقی کە تاوانباران بە کوشتنی ژن؛ بە حوکمی سووك سزا دەدرێن. یاسای ژمارە ههشتى بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی کە لە ناوەڕاستی ٢٠١١ لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا و پەسەند کرا، هەنگاوێکی گرنگی دیکە بوو لە کاری ئێمە بۆ دابینکردنی یەکسانی و دادوەری له ههرێمى كوردستان.
ئەم یاسایە هەموو جۆرە توندوتیژییەک لەسەر بنەمای جێندەر سزا دەدات جا چ جەستەیی، یان دەروونی بێت. جگە لە قەدەغەکردنی هاوسەرگیریی زۆرەملێ و گەورە بە بچووک و ژنبەژن، خەتەنەکردن و لێدانی منداڵ و تەڵاقی زۆرەمڵی و هاندان بۆ خۆکوشتن، كه بە تاوان دادەنێت و دەبێ سزایان لەسەر بێت. ئەمانە هەمووی لە بواری یاساییدا له ههرێمى كوردستان ئەنجام دراون.
لە بواری سیاسى و ستراتیژییەوە، کارەکانمان دەیسەلمێنن کە ئێمە هەر لە سەرەتاوە بە کردەوە و بە شێوەیەکی سیستەماتیک کارمان لەسەر ئەم پرسە گرنگەی کۆمەڵگەى خۆمان کردووە. دامەزراندنی بەڕێوەیەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و دامەزراندنی چەندەها شێڵتەر بۆ داڵدەدانی ئافرهتانى هەڕەشەلێکراو و دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و بۆردی چاودێریی مافەکانی ژنان، هەنگاوی عهمهلیى حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوون بە ئامانجی نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی بە هەموو جۆرەکانییەوە.
دوای دامەزرانی ئەم دەزگایانە، کارکردن لەسەر توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرهت بۆ یەکەمجار شێوازێکی دامەزراوەیی وەرگرت، هەر لە داڕشتنی ستراتیژیی نیشتمانی و کۆکردنەوە و تۆمارکردن و پۆلێنکردنی داتا و ئامار، تا خولی ڕاهێنان و ڕێنمایی یاسایی و چاودێریکردن و بەدواداچوون، ئەم دەزگایانە ڕۆژانە کاریان کردووە بە ئامانجی داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان و برەودان بە ئارامی و ئاسایش لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا.
ئێمە بەلامانەوە گرنگە ئاکامی ئەرێنیی کارەکانمان ببینین و کردەوەکان ڕەنگدانەوەیان هەبێت لە واقعى ژیانى ڕۆژانهى كۆمهڵگهدا. لە ڕووی جێبەجێکردن و کارپێکردنی یاسا و ستراتیژییەکانمان، ساڵی پار چەند هەنگاوێکی گرنگمان هەڵنا، بە تایبەتی بۆ جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی.
ئێستا ئەم یاسایە کاری پێ دەکرێت و دادوەری تایبەت بە توندوتیژی دیاری کراون بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ لەسەر فایلە پەیوەنددارەکان كار بکەن. هەروەها لەناو بنکەکانی پۆلیس لێکۆلەری تایبەت بەم مەسەلەیە دانراون. لیژنەی ئاشتەواییی تایبەت بە خێزان لە چەند شارێک دامەزراوە و هەندێکیان دەستیان بەکار کردووە. شەڵتەرەکان لە ڕووی ماددی و تواناسازییەوە باشتر هاوكارى كراون بۆ پاراستنی ژنانی هەڕەشەلێکراو. لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییەکان؛ ئێستا ئەوان کاری لێکۆڵینەوە دەکەن و ڕاپۆرتەکانیان وردبینترن.
هەروەها ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە ئەنجومەنی باڵای خانمان بە هاوکاریی یووئێن ئامادە کراوه و ساڵی پار لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەند کرا و ئێستا ئهو یاسایه خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەم ڕووەوە لە ڕێگای بۆردی چاودێریی مافەکانی ژنانەوە، هەموو وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون هاوکاریی خانمان بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو ستراتیژییە و دهمهوێ دووپاتى بكهمهوه كه دهبێ ههموو دهزگاكانى حكوومهت یارمهتیدهر بن.
ئەمانە هەمووی کاری ئەرێنی و شایانی دەستخۆشین، بەڵام کارەکانمان بەبێ کەموکوڕی و تەحەددا نەبوون. من دەمەوێ ئەمڕۆ پەنجە بخەمە سەر کەموکوڕییەکان، ئەمەش بە ئامانجی بەخۆداچوونەوە و به ئەنجامدانی کاری باشتر و زیاتر لە داهاتوو.
لە بەدواداچوونی من بۆ ئەم مەسەلەیە، گەیشتوومەتە ئەو ئەنجامەی کە توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە کوردستان بە شێوەیەکی گشتی کەمی کردووە، بەڵام بەداخەوە لە هەندێ شوێن زیادی کردووە. من لەم ڕووەوە زۆر نیگەرانم و داوای لێكۆڵینەوەی ورد و مەوزوعیم کردووە بۆ تێگەیشتن لە هۆکار و بنەمای ئەم زیادبوونە، ئینجا کاری جددی و هەمەلایەنە پێویسته بكرێ بۆ بنبڕکردنی.
هەروەها لە بەدواداچوونەکانمدا گەیشتوومەتە ئەو سەرەنجامەی کە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان له حكوومهت وەکوو پێویست لە نێو خۆیان هاوکار نین بۆ جێبەجێکردنی سیاسەت و ستراتیژیی حکوومهت. ئەمە شایانی قبووڵکردن نییە، ئێمە دەبێ لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی هەموو جیاوازییە حیزبی و سیاسییەکانمان بخەینە لاوە و باوەڕمان به ئیرادەیەکی پتەو و پێکەوە کاركردن ههبێ له ههرێمى كوردستاندا. چونکە هەروەکوو لە سەرەتادا وتم، ئەم پرسە بە تەنیا پرسی ژن نییە، بەڵکو پرسی هەموو کۆمەڵگەی كوردستانه.
جگە لەمە، هەندێ لە دادگاکان یاساکانی کوردستان جێبەجێ ناکەن و پابەندن بە یاسای جارانی سەردەمی بەعس. هاوکات لەگەڵ ئەمە، دەستێوەردانی سیاسی هەبووە لە هەندێ کەیس. ئەمانە دژی پرەنسیپ و یاساکانی هەرێمی کوردستانن و دەبێ حەددێكیان بۆ دابنرێت.
| خاڵێکی دیکە کە بە لامەوە گرنگە ئاماژەی پێ بدەم، ئەوەیە کە هەوڵ بدەین هەلی زیاتر بۆ ژنانی شارەزا و لێهاتوو بڕەخسێنین و زیاتر بەشدارییان پێ بکرێت لە پۆستەکانی بڕیارداندا؛ |
لە بەدواداچوونەکانماندا بەوەش گەیشتووین کە لە ڕووی پرۆفێشنالی و شارەزاییەوە کەموکوڕیمان هەیە. دەبێ پۆلیس و دادوەر و کارمەندەکانی شەڵتەر و زۆربەی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خولی زیاتری ڕاهێنان و هۆشیارکردنەوە ببینن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەرتر کار بکەین. دوای ئەو خولانە، دەبێ چاودێری و هەڵسەنگاندن هەبێت بۆ ئەوەی بزانین تا چەند ئێمه چووینە پێشەوە.
لە هەمووی گرنگتر، لە کارکردن لەسەر ئەم مەسەلە هەستیارە، دەبێ ئێمە باوەڕ و قەناعەتی شەخسیی خۆمان بخەینە لاوە و بەرنامە و کاری حکوومەت وەکو ئەرکێكى سهر شانمان پێویسته جێبەجێ بکرێ.
زانایانی ئایینی لەم ڕووەوە ڕۆڵی ئەرێنیان هەبووە و دهمهوێ پڕ بهدڵ لێرهوه سوپاسی مامۆستایانى ئاینى بكهم كه به ڕاستى ڕۆڵیان لهم پرسهدا جێى ڕێز و پێزانینه، لێرهوهش داوایان لێ دهكهم كه بهردهوام بن لهو ڕۆڵهى خۆیان بۆ هۆشیاركردنهوهى كۆمهڵگه. بهداخهوه ههندێ جار دیسان ههندێ لهو بهڕێزانه مینبەری مزگەوت و شوێنە پیرۆزەکانیان بەکار هێناوە بۆ پروپاگەندەی دژ بە ژنان و دژ بە بەرنامەی حکوومەت، کە نە لەگەڵ ئایینی ئیسلام نە لەگەڵ سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ یەک ناگرێتەوە.
جگە لەمانە، هەموومان دەزانین لەم سەردەمە نوێیەدا گۆڕانکارییەکان زۆر خێران و تەکنۆلۆژیا و مۆدێرنكردنڕێگای خۆش کردووە بۆ پەیوەندی و کاری جۆراوجۆر لە ڕێگای ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە. زۆر جێگای داخە کە ئەم تەکنۆلۆژیایە لە کوردستان بەکار هێنراوە بۆ ههڕهشهكردن و ناوزڕاندنی ژنانی چالاک و کارا لە کۆمەڵگەى كوردستاندا. ئەمەش شێوازێکی نوێی توندوتیژییە و شایانی قبووڵکردن نییە له ههرێمى كوردستاندا. دەبێ ئێمە هەوڵ بدەین بە یاسا و بە کردەوە ڕێگا لەمجۆرە پێشێلکارییانە بگرین و سەرپێچیکاران بهێنرێنە بەردەم دادگا و سزای خۆیان له دادگا وەربگرن.
خاڵێکی دیکە کە بە لامەوە گرنگە ئاماژەی پێ بدەم، ئەوەیە کە هەوڵ بدەین هەلی زیاتر بۆ ژنانی شارەزا و لێهاتوو بڕەخسێنین و زیاتر بەشدارییان پێ بکرێت لە پۆستەکانی بڕیارداندا؛ كه گلهییان زۆره لهمبارهیهوه. هەروەها هەموو ئەو ڕێکخراو و دەزگایانەی کە کاری جددی دەکەن و بە کردەوە بەشدارییان لە کەمکردنەوەی توندوتیژی کردووە، لەسەر بنچینەی پڕۆژەکانیان له حكوومهتى ههرێمى كوردستانهوه هاوکاریی دارایییان پێشكهش بكهین.
بە شێوەیەکی گشتی؛ سەرەڕای کۆمەڵێک دەستکەوتی باش لە ڕووی قانوونی و ستراتیژییەوە کە بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی توندوتیژی و گۆڕانکاریی ئەرێنی لەناو کۆمەڵگادا، هەرێمی کوردستان دەبێ لە ئایندەدا گرنگی بەو بوارانە بدات کە لە سەرەوە ئاماژەم پێدان و لێرەوه دووبارەیان دەکەمەوە:
یەک: هەماهەنگی و کاری هەمەلایەنە بۆ جێبەجێکردنێکی کاریگەرانەی یاسا و بڕیارهكان و سیاسەتی حكوومهتى هەرێمی کوردستان.
دوو: تواناسازی و پرۆفێشنالی لە کارکردندا.
سێ: بەشداریکردنی زیاتری ژنانی لێهاتوو لە پایەی بڕیارداندا.
چوار: هاوكاریكردنى داراییی زیاتری دەزگا و ڕێکخراوە کارا و چالاکەکان کە بە کردەوە برەویان بە یەکسانی و دادوەری داوە.
لە کاتێکدا ئێمە بە قەناعەتەوە کار لەسەر پرسی ژنان دەکەین و ئیرادەی سیاسی لەسەر هەموو ئاستێک خراوەتە گەڕ، جارێکی دیکەش بە پێویستی دەزانم ئەوە دووپات بکەمەوە کە ئەم پرسە فرەلایەن و فرەڕەهەندە و كار و هاوكاریى زیاتر له سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دهخوازێت، بە ڕێكخراوه غهیره حكوومییهكان و دهزگاكانى ڕاگهیاندن و مامۆستایانى بهڕێزى ئایینى و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان؛ ههموومان پێكهوه كار بۆ ئهم پرسه بكهین بۆ سهرخستنى.
ئەم هەڵمەتەی ئەمساڵمان، وەکوو ساڵانی ڕابردوو دوو هەفتە دەخایەنێت، بەڵام ئێمە ڕاناوەستین، دەبێ ڕۆژانە و بە شێوەیەکی بەردەوام، نەک تەنیا لە بۆنەکاندا کار لەسەر ئەم پرسە گرنگە بکەین بۆ چەسپاندنی زیاتری بەها دیموکراسییەکان له وڵاتى خۆماندا.
لە کۆتاییدا جارێکی تر سوپاستان دەکەم بۆ ئامادەبوونتان و بۆ سازدانی ئەم هەڵمەتە و هیوای سەرکەوتن و سەرفرازیتان بۆ دهخوازم، به هیواى ئهوهى ئێمه ڕۆژێك بگهینه ئهو ئهنجامهى كه بهس بێت توندوتیژى دژى ئافرهتان له وڵاتى ئێمه. به هیواى ئهو ڕۆژه؛ ههمووتان به خێر بێن بهسهر چاو.




