یاڵچین ئاقدۆغان: حەفتەی داهاتوو راپۆرتێك لە سەر قۆناغی چارەسەری بڵاو دەكەینەوە

ئەنقەرە-KDP.info/ راوێژكاری كاروباری سیاسی سەرۆك وەزیرانی توركیا یاڵچین ئاقدۆغان رایگەیاند كە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و گفتوگۆ كردن لەگەڵ كۆمەڵگەی توركیادا پەرلەمانی توركیا كۆمیسیۆنێكی دامەزراندبوو و ئەو كۆمیسیۆنە بەردەوامە لە كار و چالاكییەكانی خۆی.
لەمبارەیەوە رۆژنامەی ستاری توركی بڵاویكردەوە كە راوێژكاری كاروباری سیاسی سەرۆك وەزیرانی توركیا یاڵچین ئاقدۆغان رایگەیاندووە كە كارو چالاكییەكانی كۆمیسیۆنی چارەسەری پرسی كورد بەردەوامن و منیش وەكو نوێنەری سەرۆك وەزیران راستەوخۆ بەشداریم لە زۆربەی ئەو كار و چالاكییانە كردووە.
یاڵچین ئاقدۆغان ئاماژەی بەوە كردووە كە كار و چالاكییەكانی كۆمسیۆنی چارەسەری وردە وردە بەرەو كۆتایی دەڕۆن و هەفتەی داهاتوو كۆمیسیۆن راپۆرتی خۆی لە بارەی قۆناغی چارەسەری پرسی كوردەوە بۆ رای گشتی دەخاتە روو.
ئاقدۆغان جەختی لەوە كردووەتەوە كە لەو راپۆرتەدا بیروڕای پارت و لایەنە سیاسییەكانی توركیا، ئاكادمییهکان، رۆشنبیر و نوێنەرانی كۆمەڵگەی مەدەنیش خراونەته روو.




