ئێوارەی ئەمڕۆ وێنەگری کەنالی ئهلرەشید لەپارێزگای موسڵ کوژرا

موسڵ-تایبەت بەKDP.info/ ئێوارەی ئەمڕۆ تەنھا لەماوەی سێ کاتژمێردا رۆژنامەنوسێک و دوو ھاولاتی کوژران، کە رۆژنامەنووسەکە وێنەگری کەنالی ئهلرەشیدە لە پارێزگای موسڵ.
سەعید مەموزینی بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای موسڵ بەkdp.infoراگەیاند:ئێوارەی ئەمڕۆ رۆژنامەنووس عەلا بترس کە مەسیحیە و لەکەنالی ئهلرەشید وێنەگرە لەنزیک زانکۆی موسڵ لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراو تەقەی لێکرا و دەست بەجێ گیانی لەدەستدا.
سەعید مەموزینی گوتیشی:ھەر لەنزیک زانکۆی موسڵ گەنجێکی دیکە لەلایەن چەکدارانی نەناسراو کوژرا.
مەموزینی رونیشیکردهوە، ھەر ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەرەکی فەیسەلیە ھاوڵاتیەک بە دەمانچەی بێ دەنگ کوژرا ، کە تەنھا لەماوەی سێ کاتژمێر لەپارێزگای موسڵ سێ کەس کوژران.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە ھەمووی لەئەنجامی ئەو رەوشە خراپەی پارێزگای موسڵە کە رۆژانە خەڵک دەکوژرێت و ھێزە ئەمنیەکانیش توانای کۆنترۆڵکردنی ئەو رەوشەیان نییە و رۆژ بەرۆژ رەوشی ئەمنی ئەو پارێزگایە لە خراپبووندایە.




