دەقی یاسای ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبانهوه
بە ناوی گەلەوە
پەرلەمانی كوردستان - عێراق
پشت بە حوكمەكانی بڕگە (1) ـی ماددەی (56) و ماددە (53)ـی یاسای ژمارە (1)ـی ساڵی 1992ـی هەمواركراو و لەسەر ئەوەی كە ئەنجوومەنی وەزیران بەرچاوی خستووە، پەرلەمانی كوردستان - عێراق لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (11)ـی رۆژی 2/5/2011ـدا بڕیاری دانانی ئەم یاسایەی دا:
یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2001
یاسای ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان - عێراق
ماددەی یەكەم:
مەبەست لەو زاراوەوە و دەستەواژانەی دادێ، واتاكانی بەرامبەریانە بۆ مەبەستی ئەم یاسایە:
یەكەم: هەرێم: هەرێمی كوردستان - عێراق .
دووم: سەرۆكی هەرێم: سەرۆكی هەرێمی كوردستان -عێراق.
سێیەم: ئەنجوومەن: ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم.
چوارەم: راوێژكار: راوێژكاری ئاساییشی هەرێم.
پێنجەم: ئاساییشی هەرێم: پاراستنی هەرێمی كوردستان -عێراق لە هەڕەشەی دەرەكی و ناوخۆ.
ماددەی دووەم:
یەكەم: بە گوێرەی ئەم یاسایە، ئەنجوومەنێك بە ناوی (ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان)ـەوە دادەمەزرێت و بە سەرۆكی هەرێمەوە گرێ دەدرێت و پێك دێت لە:
1-دەزگای ئاساییشی هەرێم.
2-بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەواڵگریی سەربازی.
3-ئاژانسی پاراستن و زانیاری.
دووەم: ئەنجوومەن پلانی بۆ سیاسەتێكی یەكگرتووی ئاساییش دادەڕێژرێت و رێكی دەخات و هەماهەنگی لە نێوان تێكڕای دەزگاكانی پێوەندیدار بە دی دەهێنێت.
ماددەی سێیەم:
ئامانجی ئەم یاسایە دانان و داڕشتنی بنەماكانی ئاساییشی هەرێمە لە رێی:
یەكەم: مسۆگەركردنی ئاساییش و ئارامی لە هەرێمدا.
دووەم: پاراستنی بنەما و پرەنسیپەكانی دەستووری و یاسایی هەرێم.
سێیەم: كۆكردنەوە و شیكردنەوەی زانیاری و هەڵسەنگاندنی هەر هەڕەشەیەك بۆ سەر ئاساییشی هەرێم.
چوارەم: ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری لە نێوان دەزگاكانی تایبەتمەند لە هەرێم و حكوومەتی فیدراڵدا.
پێنجەم: ئاڵوگۆڕكردنی تۆمەتبار و تاوانباران و رادەستكردنی كێشەكانیان لە نێوان دەزگاكانی ئاساییشی فیدراڵ و هاوشێوەكانیان لە هەرێمدا، بە گوێرەی میكانیزمێك كە بە پێڕۆ دیاری دەكرێت.
شەشەم: پاراستنی ئاساییشی ئابووریی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنانی پێوەندیدار.
حەوتەم: پاراستنی ئاساییشی هەرێم لە بوارەكانی تاوانە مەترسیدارەكان و تاوانە بەرنامەبۆداڕێژراوەكان و تاوانی ماددەی هۆشبەر و تەزویركردنی دراو و گەندەڵیی كارگێڕی و دارایی و شۆردنەوەی سامان، بە گوێرەی ئەو یاسایانەی لە هەرێمدا كاریان پێ دەكرێت.
هەشتەم: پاراستنی سیستەمی زانیاری لە هەرێمدا.
نۆیەم: بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە گوێرەی ئەو یاسایانەی لە هەرێمدا كاریان پێ دەكرێت.
دەیەم: بەرەنگاربوونەوەی كاری سیخوڕی بە گوێرەی ئەو یاسایانەی لە هەرێمدا كاریان پێ دەكرێت.
یازدەیەم: پاراستنی ئاساییشی پێوەندیكردن.
دوازدەیەم: پاراستنی ئاساییشی فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكان لە هەرێمدا.
سێزدەیەم: هەماهەنگیكردن لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان بۆ پاراستنی ئاساییشی كەسایەتیی فەرمی لە كاتی پێویستدا.
چواردەیەم: هەماهەنگیكردن لەگەڵ لایەنانی پێوەندیدار بۆ بەدواداچوونی كاروباری پەنابەران و ئاوارە و بیانییانی نیشتەجێی هەرێم.
پازدەیەم: پاراستنی ئاساییشی خۆراك و تەندروستی لە هەرێمدا بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار.
شازدەیەم: پاراستنی ئاساییشی وزە و دەزگا ژیارییەكان.
حەڤدەیەم: هەماهەنگیكردن لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار بۆ پاراستنی ئاساییشی رێكخراوی نێودەوڵەتی و نێردەی دیپلۆماتی و كۆنسووڵخانەكان لە هەرێمدا.
هەژدەیەم: مسۆگەركردنی ئاساییشی بارەگا و پێكهاتەكانی پێشمەرگە و كۆكردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و مەیدانی و ستراتیژی و هەڵسەنگاندنیان.
ماددەی چوارەم:
یەكەم: ئەنجوومەن راوێژكارێكی دەبێت، لە لایەن سەرۆكی هەرێمەوە بە پلەی وەزیر دادەمەزرێت، كە دەزگاكانی سەر بە ئەنجوومەن بەڕێوە دەبات و سەرپەرشتییان دەكات و هەروەها هەماهەنگیان لە نێواندا دەكات، كە جێگرێكی دەبێت و بە گوێرەی ئەو دەستەڵاتانەی پێی دەدرێت، لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانیدا یاریدەی دەدات.
دووەم: بەرپرسی ئەو دەزگایانەی لە ماددەی دووەمی ئەم یاسایەدا هاتوون، دەبنە ئەندام لەم ئەنجوومەندا و سەرۆكی هەرێمیش بۆی هەیە لە حاڵەتی ئاسایی و پێویستدا كەسان یان دەزگای دیكەی بۆ زیاد بكات یان بانگهێشتی ئەنجوومەن بكرێن.
سێیەم: تەرخانكردنی بودجەی ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم لە نێو بودجەی گشتیی هەرێمدا.
ماددەی پێنجەم:
یەكەم: ئەنجوومەن رێكار و رێساكانی رەفتاری وەزیفی و مەشقی تایبەتمەندی كادیرانی دادەڕێژێت.
دووەم: ئەنجوومەن كار و پەیكەری ئەو دەزگایانەی ناویان لە ماددەی دووەمی ئەم یاسایەدا هاتووە، بە پێڕۆو یان بە یاسا، بە گوێرەی پێوەندی دەزگاكە بە لایەنانی پێوەندیدارەوە دیاری دەكات.
سێیەم: بە یاسایەكی تایبەت ئەرك و ماف و حاڵەتی بەرزەفتكاریی ئەفسەران و كارمەندان لەو دەزگایانە رێك دەخرێت كە لە ماددەی دووەمی ئەم یاسایەدا هاتوون.
ماددەی شەشەم:
راوێژكار بۆی هەیە رێنمایی پێویست بۆ جێبەجێكردنی حوكمەكانی ئەم یاسایە دەربكات.
ماددەی حەوتەم: كار بە دەقی هیچ یاسا یان بڕیارێك ناكرێت كە لەگەڵ حوكمەكانی ئەم یاسایەدا ناكۆك بێت.
ماددەی هەشتەم:
پێویستە لایەنانی پێوەندیدار حوكمەكانی ئەم یاسایە جێبەجێ بكەن.
ماددەی نۆیەم:
ئەم یاسایە لە رۆژی بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیی (وەقایعی كوردستان)ـدا، جێبەجێ دەكرێت.
محەممەد قادر عەبدوڵڵا
(د. كەمال كەركووكی)
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان_عێراق
هۆیەكانی دەرچوون
بە مەبەستی دانان و داڕشتنی بنەماكانی ئاساییشی هەرێم و ئامانجەكانی و روون كردنەوەی پێكهاتە تایبەتەكانی ئەنجوومەن و چۆنیەتیی بەجێگەیاندنی ئەركەكانی، ئەم یاسایە دەرچووێندرا.
تێبینی: ئەم یاسایە بە بڕیاری ژمارە 14ـی ساڵی 2011 لە لایەن بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دەرچووێنرا.




