پارێزگاری هەولێر ژمارەیەك پرۆژە لەسنووری شارەوانی چوارو شەشی هەولێر بە گوژمەی 18ملیار دینار بەسەردەكاتەوە

هەولێر-KDP.info/ بە مەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی بەرێوەچوونی كارو پرۆژەكانی پایتەخت نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر بەیاوەری جێگری پارێزگارو بەرێوەبەرانی ئاوەرۆكان و ئاودێری و بەشەكانی تەكنیكی شارەوانی و خزمەتگوزاری وژینگەپارێزی و شارەوانی چوارو شەشی هەولێر پرۆژەكانی پردو شەقام و ئاوەرۆو كارگەی قیری تازەیان بەسەركردەوە .
سەرەتا هەردوو پرۆژەی دروستكردنی پردی پەرینەوەو ئاوەرۆی سندوقی و شەقامی جووتسایدی گەرەكی زیلان – كۆرنیش و، ئاوەرۆی سندوقی نزیك خانوەكانی نیشتەجێبوونی زیلان و كۆرنیش بەدرێژی هەشت كیلۆمەتری بەسەركردەوە، كە بەگوژمەی نزیكەی هەشت ملیار دینار لە سەربودجەی پەرەپێدانی پارێزگا لە جێبەجێكردندایە، پارێزگاری هەولێر وێرای جەختكردنەوە لە خێراكردنی كارەكان و پابەند بوون بە رێنماییە ئەندازەییەكان، بریاریشی دا راستەوخۆ بەرێوەبەرایەتی ئاودێری و شارەوانی چوار لەسەر ئەركی پارێزگای هەولێر هەماهەنگی بكەن بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی خاوێنكردنەوەی رێرەوی ئاوی كۆرنیش بەدرێژی هەشت كیلۆمەتر لەو پاشماوانەی كە رێرەوەكەیان بەرتەسك كردۆتەوەو ناشیرینیان كردووە .
پاشان پرۆژەی پردی پەرینەوەی سەركۆرنیش و شەقامی جووتسایدی گەرەكی رۆشنبیری بەئاراستەی كۆمەلگەی نیشتەجێبوونی زەیتوون بەدرێی 1500مەتر بەسەركردەوە كە بەگوژمەی دووملیارو سێ سەد ملیۆن دینار لە جێبەجێكردندایە و خزمەتێكی زۆر بە رەوشی هاتوچۆی ئەو سنوورە دەكات .
لەدواتر كارگەی قیری تازەی قەتەوی سەربە بەرێوەبەرایەتی چاككردنەوەو پاراستنی ریگەوبانی هەولێریان بەسەركردەوە كە بە گوژمەی حەوت ملیار دینار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا لەلایەن كۆمپانیایەكی ئەلمانی دامەزراوەو توانای بەرهەمهێنانی دووسەد تۆن قیری هەیە لەهەر سەعاتێكدا و گەورەترین كارگەی بەرهەمهێنانی قیرە لە پارێزگای هەولێركە بە ستایل و ستاندەری ئەلمانی و بەسیستەمی تازەی تێكەلكردن و ئامادەكردنی قیرو شلەی قیر بۆ پرایم كۆت كاردەكات و چاوەروان دەكرێت گۆرانكارییەكی ئەرێنی بۆ بەرنامەی قیرتاوكردنی رێگەوبانەكان بێنێتە ئاراوە، كە سەرەرای توندوتۆلی و بەرگەگرتنی ساردی و گەرمی دۆستی ژینگەشەو هیچ جۆرە دوكەل و پاشماوەیەكی پیسبوونی ژینگەی نیە .




