لە هەولێر پرۆسەی ناساندن و ئاشناکردنی پۆلیس بە منداڵان و قوتابیان دەستی پێكرد

هەولێر- KDP.info/بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، چەند رۆژێكە پرۆسەی ناساندن و ئاشناکردنی پۆلیس بە منداڵان و قوتابیان بە شێوەیەکی پراکتیکی کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر عەمیدی مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت ڕایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێكە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بۆ یەكەمین جار لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقدا پرۆسەی ناساندن و ئاشناکردنی پۆلیسی بە منداڵان و قوتابیان دەستپێكردووە و پرۆسەكەش بەردەوام دەبێت.
عەمید عەبدولخالق تەڵعەت ئاشكرای كرد، دوای ئامادەکردنی ستافێك لە راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر، بە مەبەستی ناساندنی پۆلیس و کارەکانی پۆلیس بە قوتابیانی باخچەی ساوایان و گشت قۆناغەکانی خوێندن، پۆلیسی هەولێر بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقدا سەردانی باخچەكانی ساوایان لە هەولێر دەكات و لە نزیکەوە تێکەڵ بە قوتابیان دەبن.
گوتیشی "لەم سەردانانەدا چەندین زانیاری و ئاشنایی لەسەر کارەکانی پۆلیس، بەپێی ئاستی تێگەیشتنی قوتابییەکان، ڕوون دەكرێتەوە و هەروەها منداڵەکان رێگەیان پێ دەدرێت کەوا بچنە ناو ئۆتۆمبێلی پۆلیس و ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بەکار بهێنن".
وا بڕیارە ئەم پڕۆسەیە بەردەوام بێت تا گشت باخچەی ساوایان و قوتابخانەکانی سنووری پۆلیسی پارێزگای هەولێر بەسەر دەكرێنەوە.




