پۆلەندا هاوكاری پێشخستنی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەكات

ھەولێر- تایبەت بەkdp.info/ بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندی گەشتیاری لە نێوان هەرێمی كوردستان و پۆلەندا كونسولی پۆلەندی لە هەرێمی كوردستان رۆمان خالا جلێڤج بە یاوەری نوێنەری حكوومەتی هەرێم زیاد رەوف لە پۆلەندا، سەردانی دەستەی گەشتوگوزاری كرد و لە لایەن سەرۆكی دەستە مەولەوی جەبار و ژمارەیەك بەڕێوەبەر پێشوازی كرا.
لە ئەنجامی گفتوگۆی هاوبەشدا جەخت لە پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا كرایەوە و دەستنیشانی چەند خاڵێك كرا كە لە ئایندە كاریان لەسەر بكرێت وەك : 1- سوود وەرگرتن لە كادیری گەشتیاری پۆلەندی بۆ ڕاهێنان و وانە گوتنەوە لە ئامادەیی گەشتیاری و بەشی گەشتوگوزار لە زانكۆكانی كوردستان. 2- سوود وەرگرتن لە بواری هونەری و چالاكی گەشتیاری وەك فڕین و هەڵدانی باڵۆن و نمایشی جۆرا و جۆر بە تایبەتی بۆ ساڵی 2014. 3- سوود وەرگرتن لە ئەزموونی كراكۆف كە پایتەختی رۆشنبیری جیهان بووە لە ساڵی 2000 .
لای خۆیەوە كونسوڵی پۆلەندا ئاماژەی بەوە كرد كە لە یەكێك لە زانكۆكان بەشی تایبەت بە گەشتیاری هەیە، ئەم ساڵ ڕاپۆرتێكی تایبەت لەسەر كوردستان لەلایەن شەش قوتابی پێشكەش كراوە، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆلەندا ئەو شەش قوتابیەی خەڵات كردن و ڕێزی لێناون و بانگهێشتی كرد ون تا سەردانی كوردستان بكەن.
لە هەمان كات كونسوڵا ئامادەیی دەربڕی كە هاوكار دەبن لە بواری فێركردنی ئەزموونی گەشتیاری پۆڵندا بۆ ئەمەش دەتوانرێت لەسەر ئەركی ئەوان 6 لە فەرمانبەرانی دەستە بۆ ماوەی یەك هەفتە ئەزموونی مەیدانی فێر بكرێن. لە كۆتایی دا بڕیاردرا كە پەیوەیندیەكان بەردەوام دەبن و دەست بە كارەكان دەكرێت.




