٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

وەرگرتنی پارە لە قوتابیان بە شێوەیەکی بەرچاو لە قوتابخانەکانی کوردستانی ئێران زیادی کردووە

سەرچاوە: KDP.info

سنە -  KDP.info/لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا وەرگرتنی پارە لە قوتابیان بە شێوەیەکی بەرین لە قوتابخانەکانی ئیران بە تایبەت لە قوتابخانەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە ئارادا بووە و تەنانەت لە زۆربەی شوێنەکانیش، قوتابیان بۆ خۆیان سووتەمەنیان لەگەڵ خۆیاندا بۆ قوتابخانەکان بردووە. بەپێی راپۆرتی ئاژانسی کوردپا؛ لەرۆژانی رابردوودا بەرپرسانی چەند قوتابخانەیەک لە شارۆچکەی حەسەن‌ئاوای سنە، داوایان لە قوتابیان کردووە، بڕی 30هەتا 50هەزار تمەن بە قوتابخانەکان بدەن. بەرپرسی قوتابخانەکان هۆکاری وەرگرتنی ئەو پارەیان بۆ دابین کردنی پارەی گاز، ئاو و برق گەڕاندۆتەوە، ئەوەش لە حاڵێک دایە کە بە پێی راگەیەندراوی مافی قوتابیان، دابین کردنی سەرجەم پێداویستی و ئیمکاناتی قوتابخانەکان دەبێ لە ئەستۆی وەزارەتی پەروەردە بێت. بەپێی هەواڵەکە ، زۆربەی بنەماڵەی قوتابیەکان لە چینی دەستکورت و کەم داهاتن .لەلایەکی دیکەوە بەرپرسی قوتابخانەی گوندی (دریاس)ی سەربە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، بە بیانووی یارمەتی کۆ کردنەوە بۆ قوتابخانە، داوای ٥٠ هەزار تمەنیان پارە لە هەر قوتابییەکی ئەو گوندە کردووە. لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا وەرگرتنی پارە لە قوتابیان بە شێوەیەکی بەرین لە قوتابخانەکانی ئیران بە تایبەت لە قوتابخانەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران زێدەبووە.  هەروەها ساڵی رابردوو چەند  قوتابخانەیەکی دیکە لە ناوچەی هەورامانی تەخت سەر بە شاری سەوڵاوا لەوەرزی زستاندا بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی داخران ، ئەوەش لە حاڵێکدا بوو کە پێشتر بڕی ١٠٠ هەزار تمەنیان لە هەر قوتابییەک بۆ دابین کردنی سووتەمەنی وەرگرتبوو.

هەواڵی پەیوەندیدار