ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی:بەرنامەی نێچیرڤان بارزانی بۆ پێکھێنانی حکومەت زۆر گونجاوە

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی ئاشکرایکرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان شاندی پارتی بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و کۆمەڵی ئیسلامی ھیچ خاڵێکی جیاواز لە نێوانیان نەبوو و ئەگەر گفتوگۆکانیش بەم شێوەیەی ئەمڕۆ بێت لەماوەیەکی کەمدا حکومەتی نوێ پێکدێت.
بیلال سلێمان ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەلی ئیسلامی بەkdp.infoراگەیاند: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان کۆمەڵی ئیسلامی و شاندی پارتی بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی ھیچ خاڵێکی جیاواز لە نێوانیان نەبوو، ئەگەر گفتوگۆکانیش بەم شێوەیەی ئەمڕۆ بێت لەماوەیەکی کەم کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێکدێت، چونکە بەرنامەی نێچیرڤان بارزانی بۆ پێکھێنانی حکومەت بەرنامەیەکی زۆرگونجاوە.
بیلال سلێمان گوتیشی: ئێمە ھیچ مەرجێکمان نییە بۆ بەشداریکردن لەحکومەت ، بەڵام ھەندێک خاڵمان ھەیە بۆ چۆنیەتی پێکھێنانی حکومەت و نێچیرڤان بارزانیش زۆری پێباش بوو.
سلێمان رونیشیکردهوە، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ھەموو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بەشداری لە حکومەت بکەن و بڕیارمان داوە ئەگەر ھەردوو لایەنەکەی دیکەی ئۆپۆزسیۆن بەشداری لەحکومەت نەکەن ئێمە بەشدار نابین، بەڵام ئەگەر یەکێک لەلایەنەکان بەشدار بێت ئێمەش بەشدار دەبین بەمەرجێک داواکاریەکانی ئێمە جێبەجێ بکرێت.




