باڵیۆزە جیابووەكەی سووریا لە بەغدا بە توندی ڕەخنە لە نووری مالیكی دەگرێت

باڵیۆزی پێشووی سووریا لە عێراق نەواف فارس زۆر بە توندی ڕەخنەی لە سەرۆكوەزیرانی عێراق نووری مالیكی گرت و ڕایگەیاند هەڵوێستی مالیكی لە بەرانبەر تەنگژەی سووریادا دژی ڕووداوە ڕاستەقینەكانە.
نەواف فارس بە كەناڵی “ئەلجەزیرە”ـی قەتەری ڕاگەیاند “من وەكو خۆم زۆر بە توندی ڕەخنە لە سەرۆكوەزیرانی عێراق دەگرم، ئەوەیش لەبەر ئەو سیاسەتەی لە بەرانبەر سووریادا پەیڕەوی دەكات، چونكە دژی واقیعە.”
ناوبراو گوتیشی “سەرۆكوەزیرانی عێراق زۆر باش دەزانێت كە بەشار ئەسەد چ هەڵوێستێكی بەرانبەر ئەو هەبووە و چۆن زیانی بۆ عێراقییەكان بەشێوەیەكی گشتی و شیعەكان بەشێوەیەكی تایبەتی گەیاندووە.
سەرۆكی سووریا بەرپرسە لە كوشتنی هەزاران هاووڵاتی عێراقیی، چونكە ناوبراو پاش پرۆسەی ڕزگاری عێراق ڕێگەی بە چەكدارانی ئەلقاعیدە دا بۆ ئەوەی بە ناو خاكی وڵاتەكەیدا تێپەڕ بن و بێنە ناو عێراقەوە بۆ مەبەستی ئەنجامدانی كاری توندوتیژی و تەقینەوە.”
نەواف فارس ڕەخنەی لە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش گرت و ڕایگەیاند پێویستە حكوومەتی ئێران پشتگیری لە دیكتاتۆرێك نەكات كە خەڵكی خۆی دەكوژێت، بە بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەكانی خۆی.
دەربارەی هەوڵەكانی نوێنەری هاوبەشی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانیش بۆ بەشداریكردنی ئێران لە دۆزینەوەی چارەیەك بۆ تەنگژەی سووریا، نەواف فارس گوتی “ئێران خۆی بەشێكە لە كێشەكە. ئیدی چۆن دەتوانێت ببێتە بەشێك لە چارە؟”
بەرپرسانی عێراق لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا زۆر بە توندی ڕەخنەیان لە بەرپرسانی سووریا گرتووە و بەوە تۆمەتباریان كردووە كە ڕێگە بە چەكدارانی ئەلقاعیدە دەدەن بێنە ناو خاكی عێراقەوە بۆ ئەوەی كاری توندوتیژی ئەنجام بدەن، بەڵام لەو كاتەوەی خۆپیشاندان لە سووریا دەستی پێكردووە حكوومەتی عێراق ڕایگەیاندووە نابێت دەست لە كاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتە وەربدرێت و دژایەتی خۆیشی بۆ كۆتاییهێنان بە دەستەڵاتی بەشار ئەسەد لە ڕێی كردەی سەربازییەوە دووپات كردووەتەوە.




