٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆبوونەوەی شاندی دانوستاندنكاری پارتی لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر – تایبەت بە KDP.info/  پێش نیوەڕۆی‌ ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی نۆڤه‌مبه‌ری 2013 نێچیرڤان بارزانی ڕاسپێردراوی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە یاوەریی شاندێكی باڵای پارتی كە پێكهاتبوو لە فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی و د. رۆژ نووری شاوێس، ئازاد بەرواری و مەحموود محەمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و دڵشاد شەهاب ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی؛ سەردانی‌ بارەگای‌ ئەمیری‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی كرد و لەگەڵ شاندی‌ دانوستاندنی‌ كۆمەڵی ئیسلامی كۆ بووه‌وه‌. دواتر لە كۆبوونەوەیەك لە نێوان شاندی هەردوولادا گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرا.

پاشان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشی نێوان نێچیرڤان بارزانی و عەلی‌ باپیردا؛ كۆبونەوەكە بە ئیجابی‌ وەسف كرا و نێچیرڤان بارزانی‌ هیوای‌ خواست سەرجەم لایەنە براوەكانی‌ هەڵبژاردن بەشدار بن‌ و كابینەكە بنكە فراوان بێت و گوتی:‌ گەشبینم بەوەی‌ سەرجەم لایەنەكان بەشدار دەبن.

هەروەها ڕەتی كردەوە پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ڤیتۆی‌ بەرامبەر هیچ لایەنێك هەبێت و گوتی‌: بەرنامەی‌ هەموو هێزە سیاسییەكان لەبەر چاو دەگرین. هەروەها گوتی‌: تا ئێستا زیاتر باس لە بەرنامەی حكوومەت كراوە و لە كۆبوونەوەكانی داهاتوودا باس لە وردەكاریی بەشداریی حزبەكان دەكەین و سەردانی‌ هەموو لیستە براوەكان دەكەین؛ هەتا ئەوانەشی‌ كە یەك كورسییان بەدەست هێناوە.

نێچیرڤان بارزانی‌: گەشبینم بە پێكهێنانی‌ حكوومەتێكی‌ هاوبەش

هەر لەمبارەیه‌وە ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی گوتی‌: دەبێت كابینەی هەشتەم بنكەفراوان بێت و بەشداریی كارا بدرێتە بەشداربووان كە شەریك بن و دەبێ دەرس و پەند وەربگرێت لە كابینەكانی پێشوو. عەلی‌ باپیر هەروەها گوتی: ئومێدمان وایە ئەو كابینەیە جێگای ئومێدی خەڵك بێت و دادگەری زیاتر بچەسپێنێت و لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ و هاووڵاتیبوون و یەكسانی خزمەتی هاووڵاتیان بكات. ڕونیشی كردەوە ئەگەر هاتوو پێیان نەكرا بەشداریی‌ ئەو كابینەیە نوێیە بكەن؛ ئەوا هیوای‌ سەركەوتنی‌ بۆ دەخوازن.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو شاندی پارتی بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەردانی سلێمانی كرد و لەگەڵ شاندی دانوستانكاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆبۆوە و كۆبوونەوەكانیش بە ئەرێنی لە قەڵەم دران. ئەمەش دەقی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیە:

 

نێچیرڤان بارزانی ڕاسپێردراوی پارتی بۆ پێكهێنانی حكوومەت سەردانی بارەگای یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی لە هەولێر دەكات.

نێچیرڤان بارزانی:پارتی دیموكراتی كوردستان ڤیتۆی بۆ هیچ حیزب و لایەنێك دانەناوە.

 عەلی باپیر: ئومێدمان وایە ئەو كابینەیە وەك خەڵك و جەماوەر چاوەڕێی دەكەن بەو شێوەیە بێت و بتوانێت ئاوات و هیواكانی خەڵكی كوردستان زیاتر بهێنێتە دی.

لە سەرەتای كۆنگرەكەدا ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بەخێرهاتنی نێچیرڤان بارزانی كرد و گوتی: بەخێرهاتنی جەنابی كاك نێچیرڤان و شاندی هاوڕێی بەڕێزانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین كە ئەمڕۆ سەردانی ئێمەیان كرد بە مەبەستی داوالێكردنمان بۆ بەشداریكردن لە كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا. ئێمە خۆشحاڵ بووین بە دیداریان و كۆبونەوەیەكی باشمان كرد. وا دیارە سوپاس بۆ خوا ئەو كەشوهەوا سیاسییە ئیجابییەی لە كوردستاندا هاتۆتە ئاراوە؛ هەست دەكەین كە جێگەی دڵخۆشیی خەڵك و جەماوەری كوردستانە بۆ ئێمەی سیاسەتمەداریش دەبێت ئەوە پێوەر بێت هەر شتێك خەڵك و جەماوەر پێی دڵخۆش بێت؛ دەبێت بەو ئاڕاستەیەدا هەنگاو بنێین. خەڵك تەبایی و لێكتێگەشتنی لایەنە سیاسییەكانی پێخۆشە، دیارە قازانج و بەرژەوەندی لەوەدایە. بە نسبەت ئێمەوە وەك كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ جەنابی كاك نێچیرڤان و شاندی یاوەریدا كۆمەڵێك شتمان پێكەوە ئاڵوگۆڕ كرد دەربارەی پرسی پێكهێنانی كابینەی هەشت و چۆنێتیی بەشداریكردنی ئێمە، چەند پرانسیپێكی گشتیمان خستە ڕوو كە پێمان وایە ئەو كابینەی هەشتە چ خوا بۆمان بكات تێیدا بەشدار بین كە گەشبینین بگەینە ئەنجامێكی باش؛ چ بۆمان نەكرێت.

 سەردانی‌ هەموو لیستە براوەكان دەكەین هەتا ئەوانەشی‌ كە یەك كورسییان بەدەست هێناوە

ئێمە پێمان وایە ئەو كابینەی هەشتە دەكرێت ئەو چەند پرانسیپە لەبەر چاو بگرێت كە یەكەم بنكە فراوان بێت و ئەوانەی بەشدار دەبن، بەشداریی كارایان هەبێت، شەریك بن و دەبێت پەند وەربگرێت لە كەموكوڕیەكانی كابینەی پێشوو، ئەو كرچ و كاڵییەی بوونە مایەی بێزاریی خەڵك لە مەسەلەی گەندەڵی و دەستێوەردانی حیزب كە جەنابی كاك نێچیرڤانیش هاوڕا بوو لەگەڵ ئەوە، كە پێویستە ئەو گۆڕانكاری و چاكسازییە ڕیشەییانە بكات. ئەگەر لەم كابینەیەدا توانی كابینەی دواتریش كە دوای چوار ساڵی دیكە دەكرێت ڕەنگە سەرەتا و بناغەیەكی باشی بۆ دابنرێت. یەكێكی دیكە لەو مەبدەئانەی كە ئێمە پێمان وایە دەبێت كابینەی هەشت ڕەچاوی بكات ئەوەیە كە هەستیاری نەبێت بەرامبەر هیچ پڕۆژە و پێشنیارێكی چاوەڕوانكراو لە هەر كەسێك، كە كاتی خۆی ئەگەر سێ لایەنەكەی ئۆپۆزسیۆن پڕۆژەیان پێشكەش كرد، ئەگەر نووسەرێك یان دۆست و دڵسۆزێك لە ناوەوە یان لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان پێشكەشی بكات، پێویستە ئەو كابینەیە بە دڵێكی فراوان جێبەجێی بكات و بە ئیجابی سەیری هەموو پڕۆژەكان بكات و كاری خۆی لەسەر ئەوە بونیاد بنێت. ئومێدمان وایە ئەو كابینەیە وەك خەڵك و جەماوەر چاوەڕێی دەكەن بەو شێوەیە بێت و بتوانێت ئاوات و هیواكانی خەڵكی كوردستان زیاتر بهێنێتە دی بە هۆی چەسپاندنی دادگەریی زیاتر و نەمانی جیاوازی و تێنەخوێنەوەی پاشخانی سیاسیی حزبی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هاووڵاتییان، بەڵكوو لە سەر بنەماكانی مافی مرۆڤ و بنەماكانی هاووڵاتیبوون كە بە دڵنیاییەوە هەموومان لە دادگەری بەهرەمەندین، هەمووانیش لە زوڵم و ستەم زەرەرمەندین. ئێمە ئەگەر بۆشمان نەكرێت لەو كابینەیەدا بەشدار بین؛ پێمان خۆشە حكوومەتێك بێت تێر و تەواو،چونكە لە حكوومەتی تێر و تەواو هەموولا بەهرەمەندین، بە پێچەوانەوە هەموو لا زەرەرمەندین. پێشمان خۆشە هەموو لایەك قازانج بكەن و هیچ لایەك زەرەر نەكەن.

دواتر نێچیرڤان بارزانی ڕاسپێردراوی پارتی بۆ كابینەی نوێی حكوومەت لە وتەیەكیدا سوپاسی ئەمیری كۆمەڵی كرد و گوتی: سوپاسی مامۆستا و برادەرانی تر دەكەین لە كۆمەڵی ئیسلامی بۆ پێشوازیكردنمان. هەروەكوو مامۆستا فەرمووی، ئێمە ئەم كۆبونەوەیەی ئەمڕۆ زۆر بە ئیجابی لە قەڵەم دەدەین. پێمان وایە كۆبونەوەیەك بووە هەردوولا بیروبۆچوونی خۆیان بۆ چوار ساڵی دیكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خستە ڕوو كە بیروبۆچوونەكان زۆر لە یەكتر نزیكن و جیاوازی زۆر زۆر كەمە. هیوادارین ئێمە بتوانین لە ئایندەی نزیكدا دوای ئەم كۆبونەوەیە؛ كۆبونەوەی دیكە بكەین بۆ وردەكاریی زیاتر بۆ بەشداربوونی كۆمەڵی ئیسلامی و لایەنەكانی دیكە لە كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا.

لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی ئەو پرەنسیپانەی كابینەی هەشتەم دەیەوێت كاری لەسەر بكات؛ نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە دا كە هەمان ئەو پرانسیپانەن كە مامۆستا عەلی ئاماژەی پێ دا ولەمبارەیەوە گوتی: دید و بۆچوونی ئێمە بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان لە چوار ساڵی داهاتوودا یەكەم شت بەدامەزراوەكردنی دامودەزگاكانی ئێمەیە. بەدامەزراوەكردن شتێك نییە بە شەو و ڕۆژێك ئەنجامی بدەین. ئێمە پێمان وایە ئەم چوار ساڵە دەبێت چوار ساڵی سەقامگیریی سیاسی و سەقامگیریی دەروونیی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانبێت و دروستكردنی دامەزراوەكانی حكوومەت بێت؛ بە شێوەیەكی باشتر لەوەی كە ئێستا كراوە. ئێمە پێمان وایە ئەوانە ئەو پرەنسیپانەن كە دەتوانین هاوبەش بین. بێگومان هەر حزبێك لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەرنامەی خۆی هەبووە، ئێمە هەوڵ دەدەین خاڵە هاوبەشەكانی هەموو لایەك كۆ بكەینەوە و ئەو خاڵە هاوبەشانە بكەین بە بەرنامەی كاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان. ئەمجارە كابینەی ئێمە كابینەیەك دەبێت هیوادارین بە بەشداربوونی هەموو لایەنەكان بێت. ئێمە ڤیتۆمان لەسەر هیچ لایەنێك نییە و بەپێی بەرنامەیەك هەوڵ دەدەین هەموو لایەنەكان بەشدار بن، خاڵە هاوبەشەكان كۆ دەكەینەوە و میكانیزم دادەنێین بۆ چۆنیەتیی جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە، كە ئەو وەختە بەرنامەی ئێمە نییە بە تەنیا وەك لایەنێكی سیاسبی پارتی، بەرنامەی هەموو ئەو هێزانەن كە بەشدار دەبن لە كاری حكوومەت. بێگومان هەتا ئێستا گفتوگۆكان باش ڕۆشتوون، بەڵام ئەمە وردەكاری دەوێت. ئەم وردەكاریانەش بە دڵنیاییەوە ئێمە دەستی پێ دەكەین، ئەوەی كە گرنگە لەم هەڵمەتەدا ئێمە خواستی لایەنەكانمان تا ئێستا گوێبیست بووە بۆ بەشداریكردن. ئێمەش وەك پارتی ڤیتۆمان نییە بۆ بەشدارینەكردنی هیچ لایەنێك.

دەربارەی مەرجی سەرەكیی بەشداربوونی كۆمەڵی ئیسلامی لە حكوومەت و وەستاندنی كۆبونەوەكانی سێ لایەنەكەی ئۆپۆزسیۆن، عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لە وەڵامی پرسیارێكدا گوتی: دوای ئەنجامدانی پڕۆژەی هەڵبژاردن نە حكوومەت و نە ئۆپۆزسیۆن نامێنێت، بەڵام ئێمە ڕاوێژمان هەیە لەگەڵ ئەو سێ لایەنەی كە پێشتر پێكەوە ئۆپۆزسۆن بووین. ئێستا هەموومان وەك یەكین؛ هەر كەسە خاوەنی بیروڕای خۆیەتی، نەشمانكردووە بە مەرج كە هەموومان یەك هەڵوێستمان هەبێت، هەر كەسە هەڵوێستی خۆی دەگەیەنێ. ئومێدمان وایە وەك كۆمەڵی ئیسلامی بگەینە كۆمەڵێك قەناعەتی هاوبەش كە پێكەوە لەسەر بەرنامەی ئەم كابینەیەی حكوومەت ڕێككەوین و ئەو چاوەڕوانییەش لە ئێمە دەكرێ كە مەرجی دەستەوەستانیمان نییە، مەرجی تەعجیزیمان نییە؛ پێش ئێمەش داوا لە پارتی دەكرێت كە ئەوانیش بە دڵفراوانیی زیاتر لەو سنوورەدا كە پێویستە لەگەڵ لایەنەكان وتووێژ بكەن، كە پێم وایە تائێستا وا كراوە. هیوادارم لە وردەكاریشدا بگەینە ئەنجام.

عەلی‌ باپیر: دەبێت كابینەی هەشتەم بنكەفراوان بێت و بەشداریی كارا بدرێتە بەشداربووان

نێچیرڤان بارزانی دەربارەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و چوونی یەكەم جار بۆ لای یەكێتی گوتی: ئەوان پێشتر هاوپەیمانێتییان لەگەڵ یەكێتی هەبووە و هاوپەیمانێتییەكی دوورودرێژیان هەبووە. ئەو هاوپەیمانێتییە قازانجی زۆریشی بە كوردستان گەیاندووە، بەڵام من دەمەوێت بە ڕاشكاوانە بڵێم چوونی ئێمە بۆ لای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یەكەمجار؛ یان ئەخیر جار ئەمە هیچ مانای ئەوە نییە ئێمە ئەجندایەكی تایبەتمان لەگەڵ لایەنێك هەیە، دەبوو لەگەڵ یەكێتی دەست پێبكەین و دەستمان پێكردووە، هاوپەیمانێتی كورسی نییە، بنەمای هاوپەیمانێتی بەرنامە و تێڕوانینی هاوبەشە.

دەربارەی ئەوەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان مەرجی بۆ یەكێتی دانابێت كە دەبێت جێگرەكەی عیماد ئەحمەد بێت، نێچیرڤان بارزانی ئەم وتەیەی ڕەت كردەوە و گوتی: شتی وا نییە، ئاماژەی بەوەش دا كە ئەوان دەیانەوێت لەسەر بەرنامەیەك ڕێككەون و گوتی: ئێمە لەسەر بەرنامە ڕێككەوتین، میكانیزمێكیش دادەنێین بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیەی كە لەسەری ڕێككەوتوین، ئێمە وا ئیش دەكەین.

دەربارەی ئەوەی كە ئایا حكوومەتی داهاتوو حكوومەتێكی بنكەفراوان دەبێت؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا نێچیرڤان بارزانی گوتی: مامۆستا فەرمووی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات نەماوە، ئەو دەستەواژەیە تەواو. ئێمە كۆمەڵێك حزب بووین هەڵبژاردنمان كردووە، لەم هەڵبژاردنە هەر حزبێك كۆمەڵێك كورسی بەدەست هێناوە. ئێستا ئێمە هەموومان پێكەوە خەریكین قسە دەكەین و لە گفتوگۆداین بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەك باسم كرد ئێمە لەسەر بنەمای بەرنامە ئیش دەكەین و ڤیتۆمان لەسەر هیچ لایەنێك نییە. ئێمە هیوادارین لەسەر بەرنامەیەكی هاوبەش هەموومان كۆدەنگ بین و لە ئەنجامی ئەو دانوستانەی كە تا ئێستا كردوومە گەشبینم كە دەكرێت ئێمە حكوومەتێك لەو چەشنە دروست بكەین لە كوردستاندا. ئێمە هیوادارین بگەینە ئەنجام.

عەلی باپیر لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی خاڵی جیاوازیان لە گەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا ئاماژەی بەوەدا كە خاڵێكی جیاوازیان نەبینیوە بەو پێیەی ئەوان قسەیان لەسەر پڕەنسیپە گشتییەكان كردووە و شتێیەكی وامان هەست پێ نەكرد كە خاڵی دووركەوتنەوەمان هەبێت، گرنگ ئەوەیە لە درێژەی وردەكارییەكاندا كە هەردوولا شاندی دانوستانكارمان ئامادە كردووە دەگەینە كۆمەڵێك ئەنجام. بە دڵنییایشەوە هەر حزبە بەرنامەی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام كۆمەڵێك خاڵی هاوبەش هەیە كە دەبێت كار لەسەر خاڵە هاوبەشەكان بكەین، میللەتانی سەركەوتوو لە جیهاندا ئەو میللەتانەن كە بۆ خاڵە هاوبەشەكانی نێوانییان دەگەڕێن؛ نەك بۆ خاڵە جیاوازەكان.

دەربارەی هاتنی وەفدێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان و كاریگەری لەسەر پێكهێنانی حكوومەت؛ نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئەو وەفدە سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دادەنیشن و زۆر جار ئەم وەفدانە دێن، ئەمە یەكەمجار نییە. دەیانەوێ بارودۆخی ئێستای كوردستان بزانن، ئەوەی ئێمە دەیبینین ئێران پشتگیری لە ئیستقرار و ئاسایش و یەكڕیزی لە هەرێمی كوردستان دەكات، خۆشحاڵین بەوەی كۆبونەوەمان هەبووە لە گەڵیان و ئەم پەیامەیان بە ئێمە گەیاندووە و لێرەشەوە دەچنە سلێمانی و لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان قسە دەكەن.

دەربارەی مەسەلەی دەستووریش گوتی: ئێمە پێشتر گوتوومانە و دڵنیاییش لەوەدەكەینەوە ئێمە خەتی سوورمان لەسەر قسەكردن لەسەر دەستوور نییە. ئێمە وەك پارتی ئامادەی گفتوگۆین و دەمانەوێت دەستوورێك بێت، دەستور بۆ میللەتێك دادەنرێت، ئێمە بۆ قسەكردن و باسكردنی دەستوورێك كە ببێتە جێی ڕەزامەندیی هەمووگەلیكوردستان؛ خەتی سوورمان نییە، ئامادەین بۆ قسەكردن و گفتوگۆ بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێكی هاوبەشلەسەر دەستوورێك بۆ هەرێمی كوردستان.

نێچیرڤان بارزانی: بەشداریكردن لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی هاوبەش، بیروبۆچوونی هاوبەش

لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی لێدوانێكی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كە بەبێ دولایەنەكەی دیكەی ئۆپۆزسیۆن؛ بەشداری لە حكوومەتدا ناكەن، ئەمیری كۆمەڵ گوتی: ئێمە شتی وامان نەوتووە؛ ئەگەر كەسێك شتێكی لەو جۆرەی گوتبێ؛ بۆچوونی تایبەتیی خۆیەتی، گوتوومانە حاڵەتی باشترین بژاردە بۆ ئێمە ئەوەیە ئەم حكوومەتە هەرسێ لای ئۆپۆزسیۆن و هەردوو حزبی كە پێشتر تێیدا بەشدار بوون؛ پێكەوە بەشدار بن و بنكە فراوان بێت، بەڵام نەمانكردووە بە مەرج، بەڵام گوتوومانە بە تەنیا بەشداری حكوومەت نابین. ئەوەش بۆچوونێكی شەخسیی من بووە؛ ڕەنگە مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی ئەگەر بگاتە ئەو قەناعەتەش كە بە تەنیا بەشدار بێت؛ دوای ئەوەی كە بەرنامەی حكوومەتی بەدڵ بێت؛ پره‌نسیپەكان ڕەچاو دەكرێن، ئومێدی ئەوەی دەبێت چاكسازبی ڕیشەیی بكات؛ لای ئێمە بڕیاری كۆتایی بەدەست سەركردایەتییە.

نێچیرڤان بارزانیش لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی ئەو لایەنانەی قسەی لەگەڵ كردوون گوتی: دەربارەی ویستی ئەو لایەنانەی من تا ئێستا قسەم لەگەڵ كردوون؛ هەر چوار لایەن یەكێتبی نیشتمانی و گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی ئەمڕۆ، بەڵێ ئەو ویستە دەبینم كە فیعلەن دەیانەوێ بەشداری بكەن لە حكوومەت، بەڵام وەك باسم كرد بەشداریكردن لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی هاوبەش، بیروبۆچوونی هاوبەش، تێڕوانینی هاوبەش بۆ ئایندەی ئەم چوار ساڵە كە ئێمە وەكوو پارتی ئامادەین ئەو هاوبەشییە لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە بكەین كە هەتا ئێستا قسەمان لەگەڵیان كردووە و بەڵێ ئەم ویستە هەیە.

لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی بە گومانەوە تەماشاكردنی كارەكانی حكوومەت؛ عەلی باپیر گوتی: پێم وانییە وابێ، چونكە ڕەخنەگرتن لە حكوومەت مانای ئەوە نییە تۆ بە گومانەوە تەماشای دەكەی، كەموكوڕی هەبووە و ئێمە ڕەخنەمان هەبووە، كەموكوڕی ڕەخنە پەیدا دەكات. ئێستاش پێش ئێمە كاك نێچیرڤان گوتی ئەم كابینەیە دەبێت دەرس وەربگرێت لە كابینەكانی دیكە، كەموكوڕیەكانی كابینەكانی دیكە چارەسەر بكات. دەربارەی گرەنتی بۆ پەشیمانبوونەوە؛ هەركەسە قسەی خۆی دەكات و ئێمە ئەگەر لە وردەكاریەكاندا وەفدی دانوستانكارمان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی بەشدار بین، دەبێت كۆمەڵێك زەمانەت هەبێت ئەو بەڵێنانەی كە دەیدەین، ئەو خاڵانەی كە لەسەری ڕێكدەكەوین و حكوومەتی لەسەر پێك دەهێنرێ جێبەجێ بكرێت. ئەگەر مەرجەكان نەهاتە دی، ئەو كاتە قسەیەكی ترمان دەبێت.

دەربارەی ئەوەی كە ئایا ئەو گرنتییە هەیە بۆ ئۆپۆزسیۆن كە بەشداری حكوومەت بكات بە جێبەجێكردنی داواكارییەكانییان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئۆپۆزسیۆن نییە و ئێمە پێنج حزبین؛ براوەی سەرەكین لەم هەڵبژاردنانەدا. ئێمە ئێستا پێنج حزب دادەنیشین بۆ ئەوەی تێڕوانینێكی هاوبەش دروست بكەین بۆ چوار ساڵی ئیشكردن لەم وڵاتە، گرەنتی نییە و كەس گرەنتیی وا بەكەس نادات. گرەنتی ئێمە بەرنامەیە، گرەنتیی ئێمە تێڕوانینێكی هاوبەشە لەسەر بەرنامەیەكی هاوبەش، گرەنتیی ئێمە بەشداری و هاوبەشیی هەموو لایەكە لەم حكوومەتە. ئەمانە گرەنتین دوو ساڵی دیكە یەكێك دەكشێتەوە؛ بە هیچ شێوەیەك باسی مەسەلەی ئێمە نییە.

دەربارەی ئەوەشی كە بۆچی هێشتا لە ڕاگەیاندنەكان باس لە ئۆپۆزسیۆن دەكرێت بە تایبەت لە پرسی گۆڕینی پارێزگاری سلێمانیدا، ئەمیری كۆمەڵ گوتی: دەبێت بوترێت ئەو سێ لایەنەی كە پێشتر ئۆپۆزسۆن بوون.

دەربارەی سەقفی زەمەنی بۆ پێكهێنانی حكوومەتیش نێچیرڤان بارزانی گوتی: نەخێر گرنگ ئەوەیە ئێمە بگەینە ڕیككەوتن و وەختەكە گرنگ نییە و هەتاهەتاش درێژ ناكرێتەوە، بەڵام ماوەی ئەوە دەدەین كە گفتوگۆكان زۆر بە تێروتەسەلی بكرێت لەگەڵ هەموو لایەنەكان. ئەگەر قەناعەتمان هەبێت دەگەین بە ڕێككەوتنی هاوبەش؛ با چەند ڕۆژێكی دیكە دوا بكەوێت، گرنگ ئەوەیە كە دڵنیا بین دەگەینە بەرنامەی هاوبەش بۆ پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوە گرنگە.

دەربارەی تا چەند بڕواتان هێناوە بەوەی سەرجەم لایەنەكان بەشدار دەبن؟. نێچیرڤان بارزانی گوتی: بەڵی ئێمە لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەی كە كردوومانە، لێرە بە قەناعەتەوە ئەو زەمینەیە دەبینین بۆ بەشداریكردنی لایەنەكان لە كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا. ئەوەش وردەكاری و دانیشتنی دەوێ، هیوادارین بگەین بە ئەنجام.

ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیش دەربارەی ئەم پرسە گوتی: ئێمە لەگەڵ هەرسێ لایەنەكەی دیكە كە پێشتر ئۆپۆزسیۆن بووین؛ گفتوگۆمان كردووە، بەڵام بۆچوونی تایبەتی خۆمان هەیە، هەر حیزبێك بەتەنیا.

دەربارەی سەردانەكەی مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئامەد، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی گوتی: لە سەرەتاوە ئێمە ئاگادار نەبووین، ئەو سەفەرەی جەنابی كاك مه‌سعوود ئامانجەكەی چییە و دوای ئەوەی بۆمان دەركەوت و ئەمڕۆش نێچیرڤان بارزانی زیاتر بەرچاوی ڕوون كردینەوە؛ بینیمان و هەستمان كرد بە ڕاستی كوردانی باكوور بەگشتی و خەڵك پێی خۆش بووە و بووە نزیكیی زیاتر لە نێوان دەوڵەتی توركیا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان. ئومێدیشمان وایە ئەوە هەنگاوێكی ئاشتەوایی بێت بۆ كوردانی باكوور و حكوومەتی ئەنقەرە، ئەو ئامانجانە هەمووی ئامانجی باشن. ئومێیشمان وایە داهاتووی ناوچەكە بە گشتی ئاشتەوایی زیاتر بە خۆوە ببینێت، چونكە ئێمە وەك میللەتانی موسڵمانی عەرەب و تورك و فارس و كورد ئاشتەوایی زیاتر شتێكە كە بە بەرژەوەندی دەبینین.

 

 

http://www.kurdistantv.net/Default.aspx?page=article&id=116304&l=1

هەواڵی پەیوەندیدار