٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كرد

سەرچاوە: KDP.info

ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە19ـی 11ـی 2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە برێت مەكگوورك یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لەو دیدارەدا برێت مەكگوورك خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدارەکە دەربڕی و سەبارەت بە کردەوە تیرۆریستییەکەی ٢٩ی سێپتەمبەر لە هەولێر هاوخەمیی خۆی بە سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان ڕاگەیاند، هەروەها بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی کرد.

 هەر لە دیدارەکەدا یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی کرد لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و دروستکردنی پردی پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ دیاربەکر بە سەردانێکی مێژوویی وەسف کرد.

سەبارەت بە ڕەوشی عێراقیش یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق خۆشحاڵیی خۆی بۆ چارەسەری کێشەی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەربڕی و هیوای خواست هەماهەنگی و هاوکاریی هەموولایەک بۆ چارەسەرکردنی پێشهاتەکان بەردەوام بێت.

لە بەرانبەریشدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، ڕایگەیاند کە کێشەی سەرەکی بەردەم یاسای هەڵبژاردن و یاسای بودجە نەبوونی سەرژمێرییەکی ورد و متمانەپێکراوە و پێویستە ئەو سەرژمێرییە ئەنجام بدرێت. باسکردنی ڕەوشی ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار